زانایان و هونەرمەندانی بەریتانی پشتیوانی لە ئۆجالان دەکەن

سەندیکای (PROSPECT)ی بەریتانی کە زانایان و هونەرمەندان و ئەندازیارانى بەریتانیا تیایدا ئەندامن، بەشداری کەمپەینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' بوون.

ئەو سەندیکا بەریتانییە ١٨٣ هەزار ئەندامی هەیە. ئەندامانی سەندیکای 'پرۆسپێکت'ی ئینگلیزی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پەخشی ڕادیۆ، بەرگری و پاراستن، پەروەردە، خزمەتگوزارییەکانی منداڵان، وزە و ژینگە، هاتووچۆ، میراتی کلتووریی، دەریایی، تەلیکۆم و ڕاگەیاندن-دا کار دەکەن. سەندیکاکە لە زیاتر لە ٦٠٠ بەشی سەرەکیی بۆ کاروبارە جۆراجۆرەکانى خۆی هەیە و لەسەرانسەری بەریتانیادا کارمەند و ئەندامی هەیە.

ناوەندی سەندیکاکە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و هەفتەی پێشوو ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریاندا کە پشتیوانیی کەمپەینی 'فریدەم فۆر ئۆجالان- ئازادی بۆ ئۆجالان' بکەن.

سەندیکای پرۆسپێکت و سەندیکای 'یو ئێس دی ئەی دەبلیو - USDAW ' بە ئاسانیی بەشداریی لە کەمپەینە نێودەوڵەتیەکاندا ناکەن، بەڵام هەردوو سەندیکا، بۆ ئازادی ئۆجالان بەشداری کەمپەینەکە بوون.

کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن ئەو سەندیکایانەوە بەڕێوەدەبرێن کە نوێنەرایەتیى ملیۆنان کەس دەکەن

کەمپەینی 'فریدەم فۆر ئۆجالان- ئازادی بۆ ئۆجالان' پێش دوو ساڵ لە بەریتانیا دەستیپێکرد و ئێستاش بە پشتیوانیی سەندیکا گرنگ و گەورە و بەناوبانگەکانەوە بەردەوامیی پێدەدرێت. ئەم کەمپەینە بووەتە یەکێک لە گەورەترین کەمپەینەکان کە لە بەریتانیا بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانەوە بەڕێوەدەبرێت کە نوێنەرایەتیى ملیۆنان کەس دەکەن.

کەمپەینەکە لە ساڵی ٢٠١٦، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەلایەن سەندیکاکانی 'یونایت زە یونێن - Unite the Union' و سەندیکای کاری گشتیی 'جی ئێم بی - GMB 'یەوە لە 'کامارا ئاڤام' لە بەریتانیا دەستیپێکرد. سەندیکای 'یونایت زە یونێن' گەورەترین سەندیکای بەریتانیە و ملیۆن و نیوێک ئەندامی هەیە. سەندیکای کاری گشتیی 'جی ئێم بی'یش ٨٠٠ هەزار ئەندامی هەیە.

جگە لەو سەندیکایانەی سەرەوە کە ناومان هێناون، ئەو ڕێکخراوانەی تر کە پشتیوانی لە کەمپەینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' دەکەن ئەمانەن:

یونیسۆن (Unison): دووەم گەورەترین سەندیکایە لە بەریتانیا و ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای کرێکارانی ڕاگەیاندن 'سی دەبلیو یو - CWU '، ٢٠٠ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای مامۆستایان 'ئێن ئی ئەی ئێن یو تی - NEA NUT ' ٤٥٠ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای کاری گشتیی 'جی ئێف تی یو - GFTU '، ٤٠٠ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای شۆفێرانی شەمەندۆفێر 'ئەی ئێس ئێل ئی ئێف' و 'تی ئێس ئێس ئەی' (ASLEF  -TSSA)، ٤٥ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە 'ئێف بی یو - FBU '، ٥٥ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای مامۆستایانی سکۆتلاند 'ئی ئای ئێس - EIS '، ٨٠ هەزار ئەندامی هەیە.

سەندیکای بارهەڵگری دەریایی و ڕێگای ئاسنین 'ئاڕ ئێم تی - RMT '، ٨٠ هەزار ئەندامی هەیە.

جگە لەوانەش، هەریەک لە کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی بەریتانیا 'تی یو سی - TUC '، کە زیاتر لە ٦ ملیۆن ئەندامی هەیە بانگەوازی سەندیکاکانی خۆیان قبوڵکردبوو و لە کۆنگرەی ساڵی پاردا بڕیاریاندابوو کە بۆ کەمپەینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' بە شێوەیەکی کارا خەبات بکەن.

هەروەها 'تۆمپسۆنس سۆلیسیتۆرس - Thompsons Solicitors ' کە ٧٥٠ پارێزەر ئەندامن تێیدا، پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ کەمپەینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' ڕاگەیاندبوو.

فێستیڤاڵی گەورەی کرێکاران کرا بە دیاریی بۆ ئۆجالان

لەلایەکی ترەوە، گەورەترین فێستیڤاڵی کرێکارانی جیهان بە ناوی 'دورهام مینەرس گالا - Durham Miners Gala '، کە لە ڕۆژانی ١٤ هەتا ١٦ی تەموزی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، کراوە بە دیاریی بۆ ئۆجالان. پێشبینی دەکرێت کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا بکەن. فێستیڤاڵی 'دورهام مینەرس گالا'، ماوەی ١٣٤ ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام و هەموو ساڵێک لە بەریتانیای گەورە ساز دەدەرێت.

ر.م