زانایەکی ئایینی: ئەردۆغان دەیەوێت بە ئایینە بێگەردەکەی خۆمان بمانخەڵەتێنێت

زانای ئایینیی عەبدولباری تریاکی وتی "ئاکەپە ئیسلام بەکاردەهێنێت و سیاسەتی پێوە دەکات". ئەو زانا ئایینییە ناڕەزایەتی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو بەکارهێنانەی ئایین و وتی "ئەردۆغان مرۆڤەکان بە ئایینی پاک و بێگەردی ئێمە دەخەڵەتێنێت. دەبێت ئێمە دژ بەوەش هۆشیار بین

زانایانی ئایینیی باسی ئەوەیان کرد، کە ئاکەپە ئایین بۆ بەرژەوەندیی خۆی وەک ئامرازێکی سیاسیی بەکاردەهێنێت. ئاکەپە بۆئەوەی دووڕوویى و کردارە نادروستەکانی پەردەپۆش بکات ئایین بەکاردەهێنێت.

زانای ئایینیی عەبدولباری تریاکی وتی "ئایین ئامڕازێک نییە بۆ ئەوەى ئەوان تاوان و خراپەکانی خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن. چیتر کەس نەماوە گوێ بەو یاریانەی ئاکەپە بدات".

'برایەتیی بە درۆ نابێت'

تریاکى دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ وتی "لە ٧ ی حوزەیران و ١ ی تشرینى دووەمدا، ئاکەپە بە فرت و فێڵ و ساختەکاری توانیی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لە سوریا، عێراق، ئێران و تورکیا تێکۆشانی کوردان هەیە. وەک هەموو گەلانی تر کوردیش مافی خۆی هەیە. هەموو کەسێک دەڵێت 'کورد برای منن' بەڵام هەموویان درۆ دەکەن. برایەتی بە درۆ دروست نابێت. برایەتیی، بەشێوەى مار و ڕێوى نابێت".

'ئەردۆغان گوناه ئەنجام دەدات'

زانای ئایینیی عەبدولباری تریاکی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ١٦ ساڵەی ئاکەپە گرت و وتی "لەئێستا بەدواوە ناتوانن چیتر ستەم و زۆردارییان دژ بە گەل بەردەوامیی پێ بدەن. ئایینی ئیسلام ئایینێکی وەهایە کە مافی هەموو شتێک و مافی هەموو کەسێکی تێدایە. نەک تەنها مافی مرۆڤەکان، بەڵکو مافی تەواوی زیندەوەران لەناو ئایینی ئیسلامدا هەیە. بە نموونە لە ئایینی ئیسلامدا، ئەو گولـلەیەی کە بەرازی پێ دەکوژیت، نابێت بە هەمان گولـلە کەو بکوژیت. حەرامە، لەبەرئەوەی ئەگەر تۆ بەو گولـلەیەی کە بەراز دەکوژیت، بتەوێت کەو بکوژیت، پارچە پارچە دەبێت".

وتیشی "ئەردۆغان زۆر باسی ئایین دەکات، بەڵام ڕۆژانە گوناه ئەنجام دەدات. لە دژی ئەو کەسانەی کە تەنها چەکی ماڵی خۆیانیان هەیە، ئەو بە تانک و فڕۆکەی جەنگی و بۆمبا هێرشیان دەکاتە سەر. ئەردۆغان دێتە ئامەد و دەڵێت 'هەدەپە مزگەوت و شارەکانیان سووتاندووە'، بەڵام ئەوە درۆیە. وەک ئەوەی کە ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر گەل بە فڕۆکەی جەنگی و تانک و بۆمبا، بەس نەبن، ئێستا ئیتر دەستی بە درۆکردنیش کردووە. دەڵێت 'هەدەپە شارەکانی وێران کردووە'، بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە ئەوە ڕاست نییە".

دەبێت هەمیشە بەرامبەر درۆکانی ئەردۆغاندا هۆشیار بین

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەبدولباری تریاکی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکومەتەکانی تورکیا هەمیشە دەڵێن، کوردان هەموو مافێکیان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێدانی ئەو مافانە نەهاوێژراوە و وتیشی "سولەیمان دەمیرەل، بوڵەنت ئەجەوید، مەسعود، هەموویان دەیانوت 'مافی کوردان هەیە'، بەڵام بەو قسانە ئێمەیان خەڵەتاند".

ئەوەشی وت "ئێستاش ئەردۆغان کە بە موسوڵمان خۆی دەخاتە پێش چاو، ماڵی ئێمەی وێران کرد، کەچی دەڵێت 'مافی کوردان ڕاستییە و مەسەلەی منیشە. دەبێت هەموو کەس رووبەرووی رابردووی خۆی بێتەوە'. بەڵام لەڕاستیدا زۆرترین زیان لەلایەن ئەردۆغانەوە بە کورد گەیەندراوە. پێش ئەوەی ستەم لە ئێمەی کوردان بکەن، ئەرمەنییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد و ویستیان بیانسڕنەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆرترین کۆمەڵکوژییان لەدژی گەلی کورد پەیڕەو کردووە. ئەردۆغان مرۆڤەکان بە ئایینی پاک و بێگەردی ئێمە دەخەڵەتێنێت. دژ بەوەش دەبێت ئێمە چیتر هۆشیار بین".

"لەناو هەدەپەدا نوێنەرایەتیی زۆر کەس و لایەن بوونیان هەیە"

زانای ئایینی عەبدولباری تریاکی سەرنجی خستە سەر هەمەڕەنگی هەدەپە و وتی "لەناو هەدەپەدا نوێنەری ئەرمەن، ئاسوور، ئێزدیی، تورک، چەرکەس، کورد و زۆر ناسنامەی تر هەن".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو زانا ئایینییە وتی "باوەڕم وایە کە هەدەپە لە ئێلح ٥ کورسی و لە ئامەدیش ١٢ کورسی بەدەستدەهێنێت. بە گشتی پێشبینی ئەوە دەکەم کە هەدەپە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت".

ر.م