زانیار مورادی: بەرپرسانى زیندان پێیان راگەیاندم بەرەبەیانى شەممە لە سێدارەمان دەدەن

زانیار و لوقمان مورادی زیندانیانى سیاسیى سزادراو بە سزاى لەسێدارەدان گواستراونەتەوە بۆ بەشی چاوەڕوانیى زیندانى رەجایى شار و ئەگەرى ئەوە هەیە سزاى لەسێدارەدانەکەیان جێبەجێ بکرێت.

زانیار و لوقمان لە رۆژی چوارشەممەوە گواستراونەتەوە بۆ بەشی چاوەڕوانی و رۆژی پێنجەشەممە واتە دوێنێ ٦ى ئەیلولی ٢٠١٨ / ١٥ى خەرمانان، بەرپرسانى زیندان بە بنەماڵەى زانیار و لوقمانیان راگەیاندووە، بۆ دوایین جار بڕۆن چاویان پێیان بکەوێت.

هاوکات زانیاری مورادی لە زیندانى رەجایى شارەوە رایگەیاندووە، بەرپرسانى زیندان پێیان راگەیاندووە، کە بەرەبەیانى شەممە سزاى لەسێدارەدانى سەر خۆی و لوقمان جێبەجێ دەکەن.

هەروەها تۆڕى مافى مرۆڤى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، زانیار لە رۆژی چوارشەممەوە لە زیندان دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن.

نیگەرانییەکان لەبارەى جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانى لوقمان و زانیار لە کاتێکدایە، کە رامین حوسێن پەناهی زیندانیى سیاسی لە زیندانى سنەوە گواتسراوەتەوە بۆ زیندانى رەجایى شار و مەترسیى جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانى ئەو زیندانییە سیاسییەش لە ئارادایە.

ر.م