زانیار و لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی لەسێدارە دران

پاش ئەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی بڵاوکرایەوە، ڕاگەیاندنەکانی سەربە رژێمێ ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی-شیان بڵاوکردەوە.

زانیار و لوقمان مورادی، دوو چالوکوانی سیاسیی کورد، کە لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەوە گوازرابوونەوە بۆ بەندی تاکەکەسی زیندانی ڕەجای شاری کەرەج، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارەدران.

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە رژێمی ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی-یان پێکەوە بڵاکردەوە.

زانیار و لوقمان مورادی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٩دا لە شاری مەریوانی سەر بە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران و پاشان بۆ ماوەی ٩ مانگ لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەشکەنجە دران و لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیران.

سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٠دا گوازرانەوە بۆ زیندانی ئێوینی تاران و پاش ماوەیەکی کورت لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئیقبال مورادی، باوکی زانیار مورادی رۆژی ١٧ى تەمووزی ٢٠١٨ لە شارى پێنجوێنى سەر بە پارێزگاى سلێمانى تیرۆرکرا.

هەروەها ڕامین حوسێن پەناهی، لە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە بۆسەیەکى سوپاى پاسداراندا، بە برینداری بە دیل گیرا. لەو کەمینەدا هەریەک لە بێهزاد نوری، حامید سەیف پەناهی و سەباح حوسێن پەناهی کوژرابوون.

بە بانگەشەی 'ئەندامی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە'، سزای لە سێدارەدان بۆ چالاکی کورد ڕامین حوسێن پەناهی بڕدرایەوە و دادگای باڵای ئێران لە سەرەتای مانگی نیساندا بڕیاری لە سێدارەدانەکەى پەسەند کردبوو.

دواى ماوەیەک لە پەسەندکردنى ئەو بڕیارە لەلایەن دادگاى باڵاى ئێرانەوە، رامین لە زیندانى سنەوە گواسترایەوە بۆ زیندانى رەجایى شار لە نزیک تاران و لەو کاتەوە نیگەرانییەکان لەبارەى ئەگەری جێبەجێکردنى سزاى لە سێدارەدانى رامین زۆر زیادیان کردبوو.

سەرباری ئەوەى راگەیاندنەکانى رژێمى ئێران هەواڵى لەسێدارەدانى زیندانیانى سیاسیى کورد زانیار مورادی و لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی-یان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ ٨ى ئەیلولی ٢٠١٨ لە زیندانى رەجایى شارى کەرەج ئەو ٣ زیندانییە سیاسییە لەسێدارە دراون، بەڵام جگە لە بنەماڵەى حوسێن پەناهی بنەماڵەکانى زانیار و لوقمان هەواڵى لەسێدارەدانى زانیار و لوقمانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تاوەکو ئێستا بەرپرسانى رژێمى ئێران و بەرپرسانى زیندان هیچ هەواڵێکیان لەبارەى لەسێدارەدانى زانیار و لوقمانەوە بە بنەماڵەکانیان نەداوە. 

ر.م