زاگرۆس لە بڵێسەى ئاگردا؛ نەناردنی کۆپتەری ئاگرکوژێنەوە و پێداویستییەکانى ئاگرکوژاندنەوە

نزیکەى ١٠ رۆژە دارستانەکانى زاگرۆس لە ئاگردا دەسوتێن و لەو ماوەیەدا هیچ کارێکی گرنگ بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکان نەکراوە و تەنات پێداویستی بۆ خەڵکە خۆبەخشەکەش دابین نەکراوە تاوەکو بتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ئاگرکەوتنەوەکە لە زنجیرە شاخەکانى زاگرۆس زۆر بەرفراوانە و چەندین ناوچەى پارێزگاکانى کەهگیلویە و بویر ئەحمەد، خوزستان، بوشەهر، سنە، کرماشان و ئیلامی گرتووەتەوە.

ئاگرەکە بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانى ئاگرکوژێنەوە و نەبوونی کۆپتەری هەڵگری ئاو بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، رۆژ لە دواى رۆژ تەشنەى زیاتر دەسەنێت و دارستانە دێرینەکان یەک لە دوای یەک دەکاتە خۆڵەمێش.

عەلی عەباس نەژاد فەرماندەى یەکەى پاسەوانى دارستانەکان پێشتر رایگەیاندبوو، ماوەى ٢ ساڵە وەزارەتی بەرگری بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیتوانیوە کۆپتەری تایبەت بە کوژاندنەوەى ئاگریان بۆ دابین بکات.

ئاگرەکە ماوەى ٨ رۆژە لە دارستانەکانى پارێزگای کەهگیلویە و بویر ئەحمەد بەردەوامە و لەو ماوەیەدا هیچ هەنگاوێکى گرنگ نەنراوە بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە و خەڵکە خۆبەخشەکەش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەوە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

رۆژی هەینی ٢ی جۆزەردان / ٢٢ی ئایار ئاگرێکى تر لە دارستانەکانى شاری گەچسارانی ئەو پارێزگایە کەوتوە و بۆ ماوەى ٥ رۆژ دارستانەکانى ئەو شارە سوتان. هاوکات لە لەوەڕگە و دارستانەکانى ناوچەى دەشتستان لە پارێزگی بوشەهر ئاگر کەوتەوە و ئەو ئاگرەش ماوەى ٢ رۆژ بەردەوام بوو. دواى ئەوانەش ناوچە دارستانییەکانى خائیز لە پارێزگای کەهگیلویە و بوێر ئەحمەد، کە شوێنى ژیان و ژینگەى سەدان گوڵ و گیا و رووک و باڵندەی جۆراوجۆرە، ئاگری تێبەربووە.

هەروەها لە دارستانەکانى شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان و دارستان و لەوەڕگەکانى بەرقوڕو لە پارێزگاى سنە ئاگرکەوتنەوە روویداوە و زیانێکى زۆر بە لەوڕگە و دارستانانە گەیشتوە.

هەموو کات بەرپرسان لە کاتى کەوتنەوەى ئەو ئاگرانەدا داوایان لە بەرپرسانی باڵا و سەربازی کردووە، کە کۆپتەری هەڵگری ئاو بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکانیان بۆ دابین بکەن تاوەکو بتوانن بە ئاسانی هێزی مرۆیی بگەیەننە شوێنە سەختەکان و هەروەها بتوانن لە ئاسمانەوە ئاو بەسەر ئاگرەکەدا بکەن و بیکوژێننەوە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری جارەکان کۆپتەر بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکان نەنێردراوە، یان کاتێک کۆپتەرەکە نێردراوە، کە زیانێکى زۆر بەر دارستان و لەوەڕگەکان کەوتوون.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژی چوارشەممەى رابردوو و لە یەکەم رۆژی کەوتنەوەى ئاگر لە بەرزاییەکانى ناوچەى دەشتستان، غولام ڕەزا مونتەزری بەڕێوەبەری گشتیی ژینگە و سەرچاەکانى ئاو پارێزگای بوشەهر وتی، سنووری ئاگرەکە زۆر زۆرە و بۆ کوژاندنەوەى پێویستییان بە کۆپتەری هەڵگری ئاو هەیە، رۆژێک دوای ئەو داوایە و کۆپتەریان بۆ ناردن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی قەیرانەکان لە پارێزگای بوشەهر رایگەیاند، بەهۆی کێشەى تەکنیکی و کێشەى بەنزینەوە نەیانتوانیوە هیچ کارێک بکەن و کاتێک کێشەى تەکنیکیی کۆپتەرەکە چاککراوەتەوە، شەو داهاتبوو و ئیتر دواى ئەوە، کۆپتەرەکە گەڕابووە بۆ فڕۆکەخانەى بوشەهر!.

ژ.ت