زیندانیان ناچار دەکەن لە کاتی ئەژمارکردنیاندا بەپێوە بوەستن

ڕاگەیەندرا، لە زیندانی جۆری ئێڵ لە ئەنتالیا ئەوە بەسەر زیندانیاندا دەسەپێندرێت، کە لە کاتی ژماردنیاندا هەستنە سەر پێ و ئەوەشی هەڵنەسێتە سەر پێ ئەشکەنجەی دەکەن.

ئەو فشارانەی کە لە زیندانیانی زیندانی جۆری ئێل لە ئەنتالیا دەکرێت ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکەن. پارێزەر ئەحمەد چەڤیک لەگەڵ زیندانیاندا دواوە و پاشان ڕایگەیاندووە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکەن.

پارێزەر ئەحمەد چەڤیک ئاشکراشی کرد، ئەوە بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنن، کە لەکاتی ژماردنیاندا هەستنە سەر پێ. ئەوەشی هەڵنەسێتە سەر پێ دەبێتە ئامانجی ئەشکەنجە و وتیشی "لەبەرئەوەش بە مەبەست زیندانییەکان درەنگ دەبەنە نەخۆشخانە. دەیان زیندانیی نەخۆش هەن و ڕێگە نادرێن چارەسەریی وەربگرن. بە تایبەتی ئەو زیندانییانەی کە ددانیان ئازاری هەیە، نایانبەنە نەخۆشخانە. دەست بەسەر کتێب و گۆڤارەکانی ناو قاشەکانی زینداندا دەگیرێت. بە تایبەتی ئەو کتێب و گۆڤارانەی بە زمانی کوردین".

 پارێزەر ئەحمەد چەڤیک جەختیشی لەوە کردەوە، لە دەرگای چوونە ژوورەی زیندانەکەدا بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنن، کە بە ڕووتی پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت و وتیشی "زیندانییە (LGBTÎ) دەبەنە نەخۆشخانە، بە بێ ئەوەى گوێ لە زیندانییەکان و تایبەتمەندییەکەیان بگیرێت و پشکنینیان بۆ دەکەن بۆ ئەوەى بزانن (LGBTÎ) یان نا".

چەڤیک ڕاشیگەیاند، ڕێگە نادرێت ڕۆژنامە و کتێب لە دەرەوە بهێنرێنە ناو زیندانەکەوە و خۆشیان ڕۆژنامە و کتێب بۆ زیندانیان ناکڕن. ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کتێبانەی کە ئیدارەی زیندانەکە دەیانکڕن نرخەکانیان زۆر گرانە.

ر.م