زیندانیانى دۆزی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و پارتی ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) لە زیندانەکانى تورکیا و کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆژی ٢٧ی تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ٦ی سەرماوەزەوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن بەشێوەى دەوری و ئێشکگری کردووە.
زیندانى ئەو دۆزە لە زیندانى گیرەسونی تورکیاش بۆ ئەو ئامانجە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.
محەمەد چاگرجی یەکێک لە مانگرتوان لە زیندانی گیرەسون دوێنێ بە تەلەفون بە بیرگوڵ چاگرجیی کچی راگەیاندووە "ئێمە ئێستا ٣ کەس (محەمەد چاگرجی، بەهاری سولگین و ئومێد کاراکایا) لە مانگرتنداین و لە زیندانەکەدا ٧ دەستەمان بۆ مانگرتن دروستکردووە. مانگرتنەکەکان بە شێوەى دەوری لە دەستەیەکى مانگرتووە رادەستى دەستەیەکى تر دەکرێت و ئەوانیش دەست بە مانگرتن دەکەن".
محەمەد چاگرجی راشیگەیاندووە "تا ئێستا دەستەکان بەردەوامن لە مانگرتن و چالاکییەکەیان. ئەگەریش لە دواى مانگرتنى دەستەى ٧هەم وەڵامى داواکانمان نەدرێتەوە، ئەوا دەست دەکەین بە مانگرتنى بێ دەوری و بێ ئێشکگری و بێسنوور لە خورادن".
ر.م