زیندانییان له‌ دژی فشاره‌كان له‌ مانگرتندان

له‌ به‌ندیخانه‌ی پاتنۆس و وان زیندانییان له‌ دژی ئه‌شكه‌نجه‌ و فشاره‌كانی سه‌ریان ده‌ستیان به‌ مانگرتن كردووه‌.

ئاشكرا بوو كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی پیتی «ت» و «ف»ی وان و به‌ندیخانه‌ی پیتی «ل»ی پاتنۆس زیندانییانی سیاسی له‌ دژی ئه‌شكه‌نجه‌ و فشاره‌كانی سه‌ریان ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌. به‌ گوێره‌ی ئاگایی خانه‌واده‌كانیان، زیندانییه‌كان له‌پێناو ئیدانه‌كردنی فشاره‌كان و خستنه‌ حه‌وشه‌ی ٤ زیندانی له‌ به‌ندیخانه‌ی پیتی «ف»ی وان، ده‌ستیان به‌ چالاكیی مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌.

ده‌ركه‌وت ماوه‌ی ٢ هه‌فته‌یه‌ زیندانییه‌كان ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌. به‌ندكراو قادر كاراباك له‌ میانه‌ی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی باسی بارودۆخه‌كه‌ی كردووه‌. خانه‌واده‌ی ناوبراو ڕایگه‌یاند: «به‌هۆی سه‌پاندنی سزای خستنه‌ حه‌وشه‌ی ٤ به‌ندكراو، ماوه‌ی ٢ هه‌فته‌یه‌ زیندانییان مانیان له‌ خواردن گرتووه‌. زیندانییان ده‌ڵێن تا به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌كه‌ داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ مانگرتن.»

به‌ گوێره‌ی ئاگایی دیكه‌ كه‌ زیندانییان به‌ خانه‌واده‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ به‌ندیخانه‌ی پیتی «ت»ی ژنانی وان-یش نه‌خۆشی «وه‌رینی قژ» بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات. 

له‌ به‌ندیخانه‌ی پاتنۆس فشاره‌كان زیاد ده‌كه‌ن

خانه‌واده‌ی زیندانییانی به‌‌ندیخانه‌ی پیتی «ل»ی پاتنۆس ده‌ستنیشانیان كرد، له‌ كاتی چوون بۆ دیده‌نی له‌ به‌ندیخانه‌كه‌ ٤ جار ده‌پشكنرێن و پاسه‌وانه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كاندا ده‌گرن. ڕاگه‌یه‌نرا له‌نێوان ژنێك و پاسه‌وانه‌كاندا گفتوگۆ درووست بووه‌، به‌و هۆیه‌وه ڕێگری له‌‌ دیده‌نیی ئه‌و ژنه‌ كراوه‌.

s.m