زیندانییەکى پێشووی ئیراى ئیرلەندا: بە دڵنیاییەوە گەلی کورد سەردەکەوێت

زیندانییەکى پێشووی ئیرای ئیرلەندا و بەڕێوەبەرانی شین فێن پشتیوانیى خۆیان بۆ گەلی کورد و بەرخودانى چالاکییەکانى مانگرتن خستەڕوو.

 زیندانیى پێشووی ئیرای ئیرلەندای باکوور و بەڕێوەبەرانی شین فێن، کە بۆ ئازادیى ئیرلەنداى باکوور تێکۆشاون رایانگەیاند، بە دڵنیاییەوە گەلی کورد سەردەکەوێت.

ئەنتۆنی مکلنتێری (Anthony McIntyre) لەسەر دۆزی ئیرا (باڵی سەربازیى بزووتنەوەى ئازادیى گەلی ئیرلەنداى باکوور) ماوەى ١٨ ساڵ لەلایەن دەوڵەتى بەریتانیاوە زیندانیکرابوو، ئۆریەن ئۆبرۆین (Orîen O Broîn) ئەندامى شێن فێن (باڵی سیاسیى بزووتنەوەى ئازادیى گەلی ئیرلەنداى باکوور) و پەرلەمانتاری ئێستاى کۆماری ئیرلەندا و جێری کەڵی  (Gerry Kelly) ئەندامی دانوستانی ئاشتیى ئیرلەنداى باکوور وتیان، لە نزیکەوە چاودێریى تێکۆشانی گەلی کورد دەکەن.

'بۆچوونەکانى ئۆجالان بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشن'

ئەنتۆنی مکلنتێری زیندانیى پێشووی دۆزی ئیرا، کە ماوەى ١٨ ساڵ لە زیندان لۆنگ کەش (زیندانى ماز، کە تایبەت بوو بۆ زیندانیکردنى ئەندامانى ئیرا و شین فێن) دیلکرابوو.

 مکلنتێری خۆبەخشێکى ئیرا بوو و دواى ئەوەى لە ساڵی ١٩٩٦ لە زیندان ئازاد کرا دەستیکرد بە کاری لێکۆڵینەوە. کتێبێکى بە ناوی (Good Friday: The Death of Irish Republicanism – هەینیى باش؛ مەرگى کۆماریخوازانى ئیرلەندا) نووسی. مکلنتێری کە ئێستاش چالاکوانە لە دوبلنی پایتەختى ئیرلەندا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریى تێکۆشانى گەلی کورد دەکات.

مکلنتێری راشیگەیاند، چالاکیى لەیلا گیوڤەن و سەدان زیندانى و چالاکیى ستراسبۆرگ لە نزیکەوە چاودێرى دەکات. ئەوەشی وت، ئەویش بۆ هەمان ئامانج چەندین ساڵ لە زیندانەکانى بەریتانیادا لە تێکۆشاندا بووە.

وتیشی، بە دڵنیاییەوە گەلی کورد سەردەکەوێت و لە دژی سیستمى داگیرکەر تێکۆشانى بەرێکخستنکراو و بە بڕیار و پێداگرانە گرینگە.

باسی ئەوەشیکرد، بۆچوونەکانى ئۆجالان بۆ ئەوان سەرنجڕاکێشن و بەشداریى لە چەندین چالاکیى لەو بوارانەدا کردووە و بە بەردەوامى پشتگیریش لە گەلی کورد دەکات.

"دەبێت مرۆڤ بە بڕیار و پێداگر و لەسەرخۆ بێت"

جێری کەڵی لەسەر دۆزی ئیرا چەندین ساڵ لە زیندانى لۆنگ کەش (زیندانى ماز) دا دیلکرابوو. لە کاتە جیاجیاکاندا ٢٠٠ رۆژ لە چالاکیى مانگرتندا بوو و بووەتە پاڵەوانى فیلمی هەڵهاتن لە زیندانى ماز و یەکێک لەو کەسانە بوو، کە پرۆسەى ئاشتیى ئیرلەنداى باکووری بەڕێوەبردووە.  

کەڵی سیاسەتمەدارێکى ئیرلەنداى باکوور بوو، کە لەگەڵ جێری ئادامز 'پەیماننامەى ئاشتیى' لەگەڵ بەریتانیادا واژۆکرد. کەڵی دواى پرۆسەى ئاشتی بووە وەزیر و ئێستاش هەم پەرلەمانتارە و هەم بەڕێوەبەرێکى باڵاى شین فێنە.

لە بارەگاى شین فێن لە شاری بلفاستی پایتەختى ئیرلەندى باکوور بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا و رایگەیاند، دواى تێکۆشانێکى درێژخایەن و قورس ئەوان دەستکەوتى گرینگیان بەدەستهێناوە.

راشیگەیاند، زۆرێک لە کەس و لایەنەکان بڕوایان نەدەکرد کە ئەوان سەربکەون. گەلی کوردیش وەک گەلی ئیرلەنداى باکوور بە تێکۆشان سەردەکەوێت، بەڵام ئەوەى کە ئێستا پێویستە ئەنجام بدرێت، بە بڕیاربوون و پێداگربوون و لەسەرخۆبوونە.

کەڵی باسی ئەوەشیکرد، هەندێک دەرەنجام هەیە، کە دەکرێت لە پرۆسەى ئاشتیى باکووری ئیرلەنداوە سوودیان لێوەربگیرێت. ئەو پرۆسەیە بە ئاسانى رووی نەدا، بەڵکو لە ئەنجامى تێکۆشانی درێژخایەن و بەرخودانى گەورەى گەلی ئیرلەنداوە لەلایەن جیهانیانەوە قبوڵ کرا.

'ئێمە لە کوردەوە زۆر شت فێر بووین'

ئۆریەن ئۆبرۆین ئەندامى شین فێن و پەرلەمانتاری کۆماری ئیرلەندا رایگەیاند، پێویستە وەڵامى داواکانى بەرخودێرانى مانگرتوو بدرێتەوە.

راشیگەیاند، چەند ساڵ لەوە پێش چووە بۆ ئامەد و هەندێک چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە و وتیشی، لەو کاتەدا لە کوردەوە فێری زۆر شت بووە.

ئەوەشی وت، گەلی کورد زۆر بە رێکخستنکراوە و ئەوەش بۆ سەرکەوتن زۆر گرنگە و شین فێنیش بە بەردەوامى پشتیوانى لە گەلی کورد دەکات.

زیندانى لۆنگ کەش (زیندانى ماز)

زیندانى ماز، یەکێک لە کۆنترین زیندانەکانى ئیرلەنداى باکوور. لە ساڵانى ١٩٧١ بۆ ٢٠٠٠ خۆبەخشانى ئیرای تیادا دیلکرابوو.

زیندانەکە دەکەوێتە ١٤ کیلۆمەتریى باشووری رۆژئاواى شاری بلفاستەوە.

زیندانى ماز لە تێکۆشانى ئازادیى گەلی ئیرلەنداى باکووردا خاوەن رۆڵ و پێگەیەکى گرنگە.

چالاکیى مانگرتنى ساڵی ١٩٨١ لە زیندانى ماز روویدا، کە مانگرتنەکە دەنگدانەوەى جیهانیى هەبوو.

زیندانى ماز لە ساڵی ٢٠٠٠دا داخرا.

ر.م