زەینەب جەلالیان: تا گەییشتن بە ئامانجی گیانبەختکراوانی ڕێگەی ئازادی درێژە بە تیکۆشان دەدەم

زەینەب جەلالیان،زیندانی سیاسی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی دوابەدوای تیرۆری ئقباڵ مورادی چالاکی مافەکانی مرۆڤ و باوکی زیندانی سیاسی سزادراو بە سێدارە زانیار مورادی ، نامەیەکی ئاراستەی زانیار کردو کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بلاوی کردووەتەوە.

دەقی نامەکەی زەینەب جەلایان:

دەستە تێوەگلاوەکان بە خوێنی گەنجانی نیشتمانەکەمان، جارێکی دیکە باوکێکی زەحمەتکێش و بەرخۆدێریان لێستاندین، زانیاری ئازیزم، برینەکانم پێشکەش دەکەم بە تۆ، چوون ئەوە باشترین خەڵاتێکە کە ژیان بەخشیویە بە من، چونکە هەر کامەیان هێمای هەنگاوێکی بەرەو پێشەوەن لەسەر ڕێبازی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی، کە وەک سنەوبەری هەمیشە سەوزی نیشتمانەکەمان ڕواون.

سنەوبەر لەگەڵ هەموو دارەکانی ناودارستاندا جیاوازە، چونکە هەرچی زۆرتر گەڵاکانی بوەرێن، سەوزتر و بەهێزتردەبێت، نە سەرمای زستانە دەتوانێت لە تەڕایی و ژیانی کەم بکاتەوە و نە گەرمای هاوین دەتوانێت توانای بەرخۆدانی لێبگرێت، بەڵێ زانیاری ئازیزم روو دەکەمە هەر شوێنێکی ئەم نیشتمانە نیشانەیەک لە گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادیی تێدا دەبینمەوە.
چیا سەخڵەت وئاستەمەکانی ماکۆ، شیرین عەلەم هوولی خۆشەویست وهاوڕێی سەردەمی منداڵیم بیردەخاتەوە وکێوە بەرزەکانی هەورامانیش هەڤاڵی زۆر هێژام فەرزادکەمانگەر و ئاویەری میوانگر فەرهاد وەکیلی باوکی هەورام، هاوڕاز و هێنگامە.

ئەمڕۆش ئاوازی باوکی فیداکار و تێکۆشەرمان، ئەو سیمفۆنییە بەشکۆیە بە گوێی جیهاندا دەزرینگێتەوە، بەڵێ هەڤاڵی ئازیزم ئەوانەم وت بۆ ئەوە بزانی هاوخەمتم و پیرۆزبایی هەتاهەتا بوونی باوکت لێبکەم.

تیرۆری باوکت، ئێقباڵ مورادی باوکێکی دڵسۆز و لەخۆبردوو، کە لە ڕاستیدا تیرۆری ئەو دەستانەیە کە یارمەتیدەر و بەهاناوەچووی مرۆڤایەتییە،زانیار گیان تۆ بە کۆڵنەدان و لەخۆ بردوویی بووی بە میراتگری ئاڵای ئەم خەباتکارانەی ڕێی ئازادی.

سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەو تیرۆرە لە پشت مێڵە ساردوو سڕەکانی بەندیخانەوە جارێکی دیکە بەڵێنم دەدەم کە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو گیانبەختکردووانە، واتە ئازادی، دەست بەرداری تێکۆشان نەبم.