زەینەب جەلالیان لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ شوێنێکى نادیار راگوێزرا

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد ٤ رۆژ لەوە پێش و لە پێنجەشەممەى رابردووە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ شوێنێکى نادیار راگوێزراوە.

زەینەب جەلالیان لە رۆژی ٣١ی جۆزەردان / ٢٠ی حوەزیرانەوە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین دەستی بە مانگرتن کردبوو تاوەکو بگوێزرێتەوە بۆ زیندانی ئێوین لە تاران لە یان زیندانی خۆی لە پارێزگای ورمێ، بەڵام لە شەوی پێنجەشممەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى نادیار.

بەپێی زانیارییەکان، سوهەیلا حیجاب زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بەرامبەر بە راگواستنی زەینەب بۆ شوێنێکى نادیار ناڕەزایەتیی نیشانداوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی زیندانەوە هێرشی کراوەتە سەر و بە توندیی لێیانداوە و بەهۆی زۆری و قورسیی ئەشکەنجەکانەوە دەست و قاچەکانی تیمار کراون.

تۆڕی مافەکانى مرۆڤی کوردستان پێشتر بڵاویکردبووە، زەینەب جەلالیان دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا  لە چارەسەریی پزیشکی بێبەشکراوە و سەرباری ئەوەى پێشینەى نەخۆشیی هەناسەتونیی هەیە تەنها وێنەیەک لە سینگی گیراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ بەشی قەرەنتینەى زیندانی قەرچەکی وەرامین.

زەینەب جەلالیان لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ / ٨ی بانەمەڕ لە ناکاو و بەبێ هیچ هۆکارێکى روون لە زیندانی خۆی برایە دەرەوە و دوای چەند رۆژ لە دیارنەبوونی چارەنووسی و گواستنەوەى لەم زیندانەوە بۆ ئەو زیندان لە ئەنجامدا لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ / ١٣ی جۆزەردان گواسترایەوە بۆ بەشی قەرەنتینەى زیندانی قەرچەکی وەرامین.

ژ.ت