ساری کایا: بەرخودان بەردەوامە و بابەتى بنەڕەتیش بۆچوون و پەیامەکەى ئۆجالانە
موستەفا ساری کایا چالاکوانى مانگرتوو لە ستراسبۆرگ رایگەیاند، درێژە بە بەرخودان دەدن و پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ خۆیان دەکەنە بناغە و بابەتێکى بنەڕەتی.
موستەفا ساری کایا چالاکوانى مانگرتوو لە ستراسبۆرگ رایگەیاند، درێژە بە بەرخودان دەدن و پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ خۆیان دەکەنە بناغە و بابەتێکى بنەڕەتی.
لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ / ٢٦ی سەرماوەزەوە ١٤ چالاکوان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کردبوو و چالاکیی مانگرتنەکەیان تاوەکو ئێستا بەردەوامیى هەیە.
"بەرخودان چارەنووسی گەلی کورد دیاری دەکات"
موستەفا ساری کایا چالاکوانى مانگرتوو لە ستراسبۆرگ رایگەیاند، بەرخودانەکەیان لە ١٦٠هەمین رۆژدا بەردەوامیی هەیە و گەورەترین بەرخودانیش لە ئیمراڵی لەلایەن ئۆجالانەوە بەڕێوەدەچێت.
ساری کایا راشیگەیاند، دواى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان هەموو دونیا چاوەڕێی وتەکانى ئۆجالانن و ئەوانیش لە نزیکەوە چاودێریى ئەو پرۆسەیە و قۆناغەکە دەکەن.
ساری کایا ئەوەشی راگەیاند، بەرخودان چارەنووسی گەلی کورد یاری دەکات و ئامانجی چالاکوانانى مانگرتوو ئەوەیە، کە گۆشەگیری تێکبشکێنرێت. دواى سەردان و چاوپێکەوتنى پارێزەران، ئێستا پارێزەران چالاکوانانی مانگرتوو لە پەیامەکەى ئۆجالان ئاگادار دەکەنەوە.
ساری کایا باسی ئەوەیکرد، بەرخودان بەردەوامیى هەیە و بە ئامانجی خۆیشی دەگات. پەیامی ئۆجالانیش بۆ ئەوان پەیامێکى بنەڕەتی و سەرەکییە و ئەوان هەڵوێستى خۆیان بەپێى ئەو پەیامە دەخەنەڕوو.
ساری کایا باسی ئەوەشیکرد "ئەم چالاکییە داواى روون و ئاشکرا و زەقی هەیە. بۆ دووەمجار چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. ئێمە دەمانەوێت لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنە و ناوەرۆکەکەیەوە زانیاریمان دەستبکەوێت، چونکە خاڵی گرنگ و بنەڕەتی بۆ ئێمە پەیامەکەى ئۆجالانە".
ساری کایا بانگی ئەوەیکرد، با رای گشتی چاوەڕێى لێدوان و کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پارێزەرانى ئۆجالان بن.
ر.م