ساریكایا: ئه‌نجام به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئێمه سه‌رده‌كه‌وین
مسته‌فا ساریكایا یه‌كێك له چالاكانی مانگرتنی ستراسبۆرگ ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كه‌یان بۆ ڕۆژنامه‌ی «یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا»ی نووسی.
مسته‌فا ساریكایا یه‌كێك له چالاكانی مانگرتنی ستراسبۆرگ ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كه‌یان بۆ ڕۆژنامه‌ی «یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا»ی نووسی.
ماوه‌ی ٥٢ ڕۆژه له شاری ستراسبۆرگی فه‌ڕه‌نسا له‌پێناو شكاندنی گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان مانگرتنی بێ‌سنوور و بێ نۆبه‌ت له خواردن، به‌ڕێوه‌ده‌چێت. مسته‌فا ساریكایا كه یه‌كێكه له‌و مانگرتوانه ده‌رباره‌ی مانگرتنه‌كه بۆ ڕۆژنامه‌ی «یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا»ی نووسی.
ساریكایا ڕایگه‌یاند، ئه‌وان باش ده‌زانن كه چی ده‌كه‌ن و چی‌یان ده‌وێت. نووسیویه‌تی: «هه‌تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌پێداگرییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین له چالاكییه‌كه‌مان. ئێمه نامانه‌وێت جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ گۆشه‌گیری و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئیمڕاڵی بژین. ئه‌مه بڕیارێكی مسۆگه‌ره. باجه‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت، ئێمه نامانه‌وێت ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌رمه‌دا بژین. شه‌رم كردن مرۆڤایه‌تیترین هه‌سته. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیدی نامانه‌وێت به‌م شه‌رمه‌وه بژین، باجه‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت ده‌بێ دیواری گۆشه‌گیری هه‌ڵوه‌شێنین. ئێمه سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵیوه‌شێنین. بێگومان له‌وانه‌یه باجی ئه‌مه هه‌بێت، مێژووی ئه‌م تێكۆشانه پڕه له باج و قوربانیدان. له بنه‌ڕه‌تی ده‌ستكه‌وته بچووكه‌كان تا گه‌وره‌كاندا قوربانی دانی زۆر هێژا هه‌ن. گیان، خوێن و ڕه‌نجی هاوڕێیانی هێژامان هه‌ن. ئێمه ئه‌م هۆشمه‌ندییه‌مان هه‌یه.»
ساریكایا هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، ماوه‌یه‌كی درێژه ڕژێمی سته‌مكار و فاشیست ڕۆژه‌ڤی گه‌لی كوردیان جوڵاندووه، له ڕێی ئه‌م چالاكییه‌وه خۆیان له ڕۆژه‌ڤی فاشیست ڕزگار كردووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ڕۆژه‌ڤی خۆیان و ڕۆژه‌ڤی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و گه‌لی كورد.
«پێویسته هه‌موو كه‌س قسه و لێدوانه‌كانی دوژمن بخاته لایه‌ك و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژه‌ڤی ئازادیی خۆی و ڕۆژه‌ڤی ئازادیی ڕێبه‌ر ئۆجالان. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌مه بكه‌ین، سه‌ركه‌وتن بۆ ئێمه ده‌بێت. ئێمه ئێستا له‌و ئاسته‌داین. هێزی دژ به ئێمه‌ش له ته‌نگه‌تاوترین كاتدایه، هه‌ر بۆیه شێت و هار بووه، هێرش ده‌كات. له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆ دراوه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ردۆغان گاڵه‌گاڵ ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئێستا به‌تووندی قورسایی بخه‌ینه‌سه‌ر، ده‌توانین دیواری گۆشه‌گیریی ئیمڕاڵی به‌سه‌ر ئه‌ردۆغاندا بڕووخێنین. ده‌توانین به‌سه‌ر ڕژێمی سته‌مكار و قڕكه‌ردا بیڕووخێنین. ئێمه له ساتێكی وه‌هاداین كه زۆر نزیكین له سه‌ركه‌وتن. ئه‌گه‌ر هانی خۆمان بده‌ین بۆ تێكۆشان، هیچ شتێك ناتوانێت ببێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌ممان. گه‌له‌كه‌مان له‌م بواره‌دا خاوه‌نی ئه‌زموونه. پێویسته خۆی به ئه‌زموونی خۆی بسپێرێت. ڕووحێكی گه‌وره‌ی به‌رخۆدان هه‌یه. ئه‌گه‌ر خۆمانی پێبسپێرین، ده‌توانی به‌باشی سه‌ركه‌وین. پێویسته ئه‌مه بزانرێت.»
له كۆتایی نووسینه‌كه‌یدا مسته‌فا ساریكایا به ناوی چالاكانی مانگرتووی ستراسبۆرگ داوای له گه‌ل كردووه به ئه‌ركی هاوچه‌رخی خۆی هه‌ستێت و نووسیویه‌تی: «ئێمه باوه‌ڕمان به سه‌ركه‌وتن هه‌یه».
s.m