سانجار: بێهیوابوون تەسلیمبوون بە دوای خۆیدا دەهێنێت و خۆڕاگریش یەکسانی

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە ناو ترسدا دەژیت و وتی:"بێهیوابوون تەسلیمبوون بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی بۆ خۆڕاگری کرد.

میتحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا وتەیەکی پێشکەش کرد و لە بارەی 'رێپێوانی دیمۆکراسی' وتی:" بۆ ئەوەی بەم رێپێوانە گشت وڵات لە باوەش بگرین، لە ئەدرنە و جۆلەمێرگ رێمانکرد. بەم رێپێوانانە پێمان وتن، ئێوە ناتوانن ئێرادەمان دەستەسەر بکەن."

سانجار هاوکات رایگەیاند، راستە قۆناغی یەکەمی رێپێوانەکەیان لە ئەنقەرە کۆتایی پێدێت، بەڵام بەردەوام دەبن لەو رێپێوانەدا.

'ئەم رێپێوانە لە دژی کودەتا بوو'

سانجار لە بارەی کودەتاکەی دژی پارتەکەیان، رایگەیاند، کودەتاچیەکان یەکەم شت کە هەوڵی بۆدەدەن، دەستەسەرکردنی ئیرادەی گەلە و وتی:" دەیانەوێت ئیرادەی خەڵک پشتگوێ بخەن. لە جیاتی ئەوان ئیرادەی ئەمیرەکانیان بچەسپێنن. بۆیە ئەم رێپێوانە لە دژی کودەتا بوو، ئەم ناوەمان لێنا. ئەم رێپێوانە بۆ هەموو کۆمەڵگا بوو، چونکە ناتوانێت هەناسە بدات. بۆ گەنجان بوو، بۆ ژنان بوو، بۆ رەنجدەران و بۆ فەقیران بوو. رێپێوانەکەمان لە هەموو روویەکەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە رێگری لێکرا. ئێمەیان گەماروودا و ویستیان زیندانیمان بکەن. بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. لە رێپێوانەکەدا زیاتر لە ئۆتومبیل و ژمارەی هەڤاڵانمان، ئۆتۆمبیلی سەربازی و پۆلیس هەبوون. بەڵام ئەوە نازانن کە ناتوانن نێوانی ئێمە و گەلەکەمان تێک بدەن."

'ئەم رێپێوانەمان بۆ گەنجان ساز کرد'

سانجار وتیشی، ئێمە لەگەڵ گەلەکەمان کۆدەبینەوە، ئێمە لە دڵەوە لەگەڵ یەکین. سەرەڕای هەموو رێگری و قەدەغەکان نەیانتوانی ببنە رێگر بۆ رێپێوانەکەمان و کەلێن بخەنە نێوان ئێمە و گەلەکەمان. لە هەموو شوێن و ناوچەیەک پێشوازیمان لێکرا و پشتیوانیان لێکردین. بە تایبەت ئەم رێپێوانەمان بۆ گەنجان ساز کرد. چونکە ئەوان دوارۆژی ئێمەن.

ئێمە بۆ دواڕۆژێکی دیمۆکراتیک و ئازاد ئەم رێپێوانەمان ئەنجامدا. بۆ ئەوەی بودجەی وڵات بۆ شەڕ بەکار نەهێنرێت، بەڵکو بۆ گەنجان بەکار بهێنرێت، ئەم رێپێوانەمان ئەنجامدا. بەردەوامی شەڕ، تاریککردنی دوارۆژی گەنجانە. هەر بومبێک دەتەقێتەوە، هەر چەکێک کە دەکردرێت، دزینی دواڕۆژی گەنجانە. بۆیە وتمان لە دژی شەر، رێپێوان دەکەین. رێپێوانەکەمان لە دژی تەقاندنەوەی بومبەکان بوو، بۆ خۆشکردنی گوزەرانی خەڵکی بوو.

'ئێمە بە سەربەرزانە رێپێوانەکەمان ئەنجامدا'

دەسەڵات بەو رێگریانە ویستی رێگری بۆ رێپێوانەکەمان دروست بکات و ویستی سەرمان شۆڕ بکەین. بەڵام بە سەربەرزانە رێمان کرد. ئەوان ترسان. دەسەڵات دەترسێت. دەسەڵات لە کینی گەل و لە گەڕان بە دوای مافدا، دەترسێت. هەر کەسێک لە دژی دەسەڵات بوەستێتەوە، وەک تیرۆرست بەناوی دەکەن. پێدەچێت ترسیان لەمە بێت؟ چۆن دەبێت لە سەدا ٦٠-٧٠ی کۆمەڵگا وەکو تیرۆرست تەماشا بکەن. بە ئاشکرا لەم خەڵکە دەترسن. بۆیە هەر چیەکیان لەدەست دێت، لە دژی گەل دەیکەن. لەگەڵ ئەمەش رێپێوانەکەمان ئەنجامدا. دەبێت دیواری ترس هەڵوەشێندرێتەوە. ئەگەر بترسین تەنانەت گیانیشمان لێدەسەننەوە. بێگیان و بێ ئیرادەمان دەکەن. بۆیە لە دژی دیواری ترس رێپێوانەکانمان بەردەوام دەبن."

رێپێوانی سەندیکاکانی پارێزەران

سانجار لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رێگریکردن لە رێپێوانی سەندیکاکانی پارێزەران و وتی:"ئەوەی سەندیکاکان ئەنجامیاندا، هەمان ئەو شتە بوو کە ئێمە کردمان. قەفەسی ئاسنین بەسەر سەندیکاکاندا دەسەپێنن. بەڵام سەندیکاکان بۆ ئەوی ئەو قەفەسانە بشکێنن، رێپێوانیان کرد. کاتێک ئێمە باس لەوە دەکەین کە ئەم دەسەڵاتە کودەتاچیە، هەندێک کەس پێمان دەڵێن، ئێوە ئەم پرسە گەورە دەکەن. ئەمە بزانن کە ئامانجی ئەم دەسەڵاتە کودەتایە. ئەگەر دەسەڵاتێک ئیرادەی کۆمەڵگایەک پشتگوێ بخات، ئەو دەسەڵاتە کودەتاچیە. دەیانەوێت هەمان شت بەسەر سەندیکاکانیش بهێنن. دەیانەوێت سەندیکاکان بێناوەڕۆک بهێڵنەوە و کودەتایان لەسەر بکەن. زۆر بە ئاشکرایی دەڵێن، هەر کەسێک لە دژمان بوەستێتەوە بێدەنگی دەکەین. کەوایە هێندە بە ئاشکرایی دەلێن، دەبێت ئێمەش زیاتر لەوان تێبکۆشین. چاویان بڕیوەتە ئیرادەی هەموو کەسێک. کەسایەتی مرۆڤ بە ئامانج دەگرن. دەبێت هەموو کەسێک بە چاونەترسی لە دژی ئەمە بوەستێتەوە. سەندیکاکانیش ئەم چاونەترسیەیان خستە روو. لە ناو تێکۆشانی شکۆدا جێگایەکی تایبەتیان گرت."

ز.ش