ستێرک: تورکیا و ئێران بۆ قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانیان ئەمریکایان کردووەتە بیانو

زلار ستێرک ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە رایگەیاند، تورکیا و ئێران بۆ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانیان ئەمریکایان کردووەتە بیانو و دەیانەوێت بەو بیانوگرتنە چەواشەکاری بکەن و قەیرانەکانیان بشارنەوە.

زلار ستێرک ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریى بەرنامەى "رۆژەڤا ژن" لە کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤى کرد و لێکدانەوەکانى لەبارەى پێشهات و بابەتەکانى رۆژەوە خستەڕوو.

ستێرک رایگەیاند: "٢٠ ساڵ لەوە پیش عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرایە دەرەوە. دەوڵەتى تورک و هێزە نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێیان دەکرد بە دیلگرتنى ئۆجالان تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد کۆتایى پێبهێنن، بەڵام بزووتنەوەى ئازادی زۆر بە قورسی حساباتەکانى ئەوانی پووچکردەوە و بەرەکانى خۆى بەرفراوانتر کرد. لە هەر چوار لاى جیهانەوە بووە خاوەنی دۆست و هەڤاڵ".

ستێرک لەبارەى هاوکاری و پشتیوانیى کۆنفیدراسیۆنى یەکێتیى سەندیکاکانى بەریتانیا (TUC) بۆ ئازادیى ئۆجالان راشیگەیاند "کۆنفیدراسیۆنى یەکێتیى سەندیکاکانى بەریتانیا ٦ ملیۆن ئەندامى هەیە و لە ١٥٠هەمین کۆنگرەیدا پشتیوانیى خۆی بۆ کەمپەینى  'ئازادی بۆ ئۆجالان' خستەڕوو. لەبەر ئەوەش بزووتنەوەى ئازادیى کورد هیچ یەک لە پشتیوانییەکان و دۆستایەیتییەکان بۆ ئازادیى ئۆجالان لە بیر ناکات".

ئێران ناتوانێت بەو شێوەیە کێشەکانى چارەسەر بکات

ستێرک باسی ئەوەشیکرد، لە دواى کۆبوونەوەى باڵاى رووسیا، ئێران و تورکیا لە تاران، ئێران هەم ٣ زیندانیى سیاسیى کوردی لەسێدارەدا و هەمو هێرشى کردە سەر ٢ حیزب لە باشووری کوردستان.

ستێرک راشیگەیاند، ئەو هێرشانەى ئێران پەیوەندیى بە تورکیاوە هەیە، بەڵام ئێران بە لەسێدارەدان و کرداری دژە دیموکراسییانە ناتوانێت قەیرانە رۆشنبیری، ئابووری و سیاسییەکانى چارەسەربکات.

زلار ستێرک ئەوەشى وت، ئیدی گەلانى ئێران ناتوانن تەحمولی ئەو کردەوە دژە دیموکراسییانەى رژێمى ئێران بکەن.

ئەمریکایان بۆ خۆیان کردووەتە بیانو

ستێرک ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا و ئێران بۆ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانیان ئەمریکایان بۆ خۆیان کردووەتە بیانو و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە چەواشەکارى بکەن و قەیرانە راستەقینەکانى خۆیان بشارنەوە، بەڵام هۆکاری بنەڕەتیى قەیرانەکانى ئەو ٢ دەوڵەتە ئەوەیە، کە ئامادە نین کێشەکانى کۆمەڵگە چارەسەربکەن.

ستێرک باسی ئەوەشیکرد، تورکیا هەموو توانا و هێز و سەرچاوەکانی خۆی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى کورد بەکاردەهێنێت. تورکیا بە پارەى گەل سیاسەتى شەڕ بەڕێوەدەبات. دەبێت ئەوەی لێ روون بێت، تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەکات و لەگەڵ رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتن ئەنجام نەدات، ئەوا هەرگیز ناتوانێت پشتی ئابوورییەکەى راست بکاتەوە. نەک تەنها کورد، بەڵکو دەبێت هەموو گەلانی تورکیا لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە درۆزنانە و فریودەرانەیەى حکومەتەکەى ئاکەپە راپەڕن.

'پێویستە ژنان بە ئەرکی پێشەنگایەتیکردن هەستن'

زلار ستێرک وتیشی، قەیرانى ئابووری زۆرترین کاریگەریى خراپی بۆ سەر ژنان و منداڵان دەبێت. ئەوەشى وت "ئەوەى لە دژی قڕکردنی کوردستان دەتوانێت بە باشترین شێوە تێبکۆشێت و ببێتە خاوەنی هێزى بنەڕەتی بۆ گۆڕانکارى ژنە. ئەو ژنانەی کە ئابووری  دەخوڵقێنن ولەگەڵ سروشت تێکەڵ بوون و ژیان و ئابوورییان بە درێژایى مێژوو خوڵقاندووە، دەبێت بە پێشەنگایەتیکردنى کۆمەڵگە هەستن و فاشیزم تێکبشکێنن".

ر.م