سوپاى تورکیا دانی بە پلانی "شەڕی شارەکاندا" نا و پلانى تریشی بە دەستەوەیە

ناوەندی لێکۆڵینەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (ئۆرسام - ORSAM) کە بە لێکۆڵینەوەکانی رێنیشاندەری بۆ حکومەتى تورکیا و سوپاى تورکیا دەکات، لە نوێترین راپۆرتیدا باسی "شەڕی شارەکان" و پلانی نوێى سوپای تورکیا دەکات بۆ شەڕی شارەکان.

ناوەندی لێکۆڵینەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (ئۆرسام - ORSAM) کە بە راپۆرت و لێکۆڵینەوەکانى رێنیشاندەری بۆ حکومەت و دەوڵەتى تورکیا دەکات لە راپۆرتی مانگی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨دا دانی بە "شەڕی شەقام و کۆڵانەکان"ی دەوڵەت و سوپاى تورکیادا ناوە و باسیش لە هەنگاوی نوێ بۆ پلان و ئەنجامدانی شەڕی تر لە شارەکان دا دەکات.

راپۆرتەکەی ئۆرسام لەلایەن یەکەى ئاسایشی ئەکادیمیای پۆلیس و پسپۆڕێکى سەربازیى بواری شەڕی شارەکان ئامادە کراوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، تورکیا لە ئەزموونەکانى پێشووی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هیچ وانەیەکی وەرنەگرتووە. لەبەر ئەوەش لە ناوچەی سووری ئامەد زۆر ناڕەحەتی و تەنگاوتییان کێشاوە. لەبەر ئەوەش باس لەو کەرەستە سەربازی و چەکانە کراوە  کە دەبێت بۆ شەڕی شارەکان دروست بکرێن.

هەروەها بەپێویستى زانیوە، کە دەبێت کۆمەڵگەى مەدەنی بەلای دەوڵەتدا رابکێشرێت و گرنگیى زۆریش بە کاری "سیخوڕی" و هەواڵگری بدرێت بۆ شەڕی شارەکان.  

سوپاى تورکیا ئامادەکاری بۆ شەڕی ناو شارەکان دەکات

لە راپۆرتەکدا باسی شەڕی شارەکان کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، سوپاى تورکیا (TSK)، کە پێشتر شەڕی شارەکانی بینیوە و دەبێت زیاتر خۆڕاگری بکات، چونکە ئەو شەڕە زیاتر ئاراستە و ڕووی بەرەو شارەکان دێت. بۆیە دەبێت لە ڕووی ستراتیژی و تاکتیکەوە خۆی بۆ هەموو ئەگەر و شەڕێکی چاوەڕوانکرا لە ناو شارەکاندا ئامادە بکات و تاکتیکەکانى پێش بخات و لەگەڵ نوێکردنەوەى چەک و کەرەستە و ئامێرە سەربازییەکان بۆ شەڕی ناو شارەکان دەبێت رێنماییەکانى شەڕی ناو شارەکانیش نوێ بکرێنەوە.

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوەشکراوە "شەڕی شارەکان بۆ تورکیا بابەتێکى نوێیە، بۆیە هەم لە ئەدەبیات (تیۆری و ئاراستەکردن و قسەکردن لەگەڵ خەڵک و هەواڵ و راپۆرتی ناو میدیاکان) و هەم لە کردەوەدا کەموکوڕییەکى زۆر لە ئارادایە و زۆر دواکەوتووە و پێویست دەکات بە خێرایى هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت".

جارێکیتر ئەوە دووپاتکراوەتەوە، کە دەبێت بۆ سوپاى تورکیا شەڕی ناو شارەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر جیاواز بێت. باسی ئەو چەکانەش کراوە، کە دەبێت لە شەڕی شارەکاندا بەکاربهێنرێن.

گرنگیى تانک و چەکی تر لە شەڕی شارەکاندا

لە راپۆرتەکەدا باسی گرنگیى تانک بۆ شەڕی شارەکان کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دەبێت چ جۆرە چەکێک بۆ شەڕی شارەکان بەکاربهێنرێت. جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەبێت تورکیا سوود لە ئەزموونی ئیسرائیل لە شەڕی ساڵی ١٩٧٣ لە شاری سوێس (شەڕی یوم کیپۆر و تێکشکاندنی سوپاکانى میسر و سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە قۆناغێکى گرنگى ئەو شەڕە بە گەمارۆدانى شاری سوێس و تێکشکاندنی تەواوەتیى میسر کۆتایى پێهات) و شەڕی ساڵی ١٩٩٥ی سوپاى رووسیا لە دژی شاری گڕۆزنیى پایتەختى چیچان وەربگرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە "دەبێت ئەوە لەبیر نەچێت، کە توانایى تانک لە ناو شارەکاندا بۆ گولـلە هاوێشتن سنووردارە. کاتێک تانک دەچێتە ناو بینا گەورەکان لولەکەى ناتوانێت باش بسوڕێت و شوێنى پێویست، بەشێوەیەکى کاریگەر بکاتە ئامانج، یان هەموو شوێنێک بکاتە ئامانجی خۆی. گەورەترین مەترسیش بۆ تانک لە شەڕی شارەکان و بە تایبەت لە بینا گەورەکاندا ئەوەیە، کە لەسەرەوە تانکە دەکرێت ئامانج و تانکەکەش ناتوانێت سەرەوە بکاتە ئامانج. بۆیە گرنگە سوود لە ئەزموونی شەڕی ١٩٧٣ی ئیسرائیل لە شاری سوێس و شەڕی ساڵی ١٩٩٥ رووسیا لە شاری گرۆزنی وەربگرێت".

'لە سوور زەحمەتیى زۆرمان کێشا'

لە راپۆرتەکەدا باس لە دروستکردنى زرێپۆشی (تولپار -TULPAR) کراوە، کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆتۆکار لە ساکاریا بۆ سوپاى تورکیا دروست دەکرێت. تولپار (تولپار لە ناوی ئەفسانەیەکى تورکی بە مانای ئەسپی باڵدار وەرگیراوە) زرێپۆشێکە بە پلێتى تۆکمە بۆ شەڕی ناو شارەکان دروست دەکرێت، بەڵام هێشتا دروستکردنەکەى تەواو نەبووە و بڕیارە بە زوویی کاری دروستکردنى تەواو بکرێت بۆ شەڕی شارەکان و بەرەکانى پێشەوەى شەڕ بەکاربهێنرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە "هێزە ئەمنییەکانى تورک ئەزموونی دژواریى ئۆپراسیۆنی شەڕ لە ناو شارەکاندا بە تایبەت ئەو شوێنانەى وەک ناوچەى سوور شەقام و کۆڵانەکانیان تەنگبەرن هەیە". بەوشێوەیە دان بە زەحمەتى و دژواری و تەنگابوونی خۆیان لەشەڕی سووری ئامەد دا دەنێت.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دەبێت ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی گەورە و تایبەت و جۆراوجۆری تر دروست بکرێن. باسی ئەوەشکراوە، لە قۆناغی خۆبەڕێوەبەری دا "تانک و زرێپۆشەکان لە شوێنى ئەرکەکانیان، لە دۆخی ناو شارەکاندا تەنها بۆ هاوسەنگى بەکاردەهێنران و ئەوەش کەموکوڕییەکى گەورەیە" و کاتێک لە شوێنێکدا زیانیان بەردەکەوت و عاسێ دەمان، حەفارە و سڵنگ بە هانایانەوە دەچوون لە شوێنەکە دووریان دەخستنەوە.

سیخوڕی و هەواڵگرى گرنگترین کارن!

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە شەڕی ناو شارەکاندا و لەو ئۆپراسیۆنانەدا کە هاووڵاتییان هەستیار نین، دەبێت لە رووی تاکتیکییەوە نەبنە کەموکوڕی، کە سەرکەوتن بەدەست نەیەت، بەڵام دەبێت لە رووی ستراتیژییەوە بەو شێوەیە سەیری بابەتەکە نەکرێت و سەرنج دەخاتە سەر کاری سیخوڕی. لە شەڕێکی لەو جۆرەدا هەواڵگری زۆر گرنگە و کاری هەواڵگری و بوونی مرۆڤی سیخۆڕ لە پاڵ ئۆپراسیۆن و شەڕی شارەکاندا کارێکى راست و دروستە و لە رووی ستراتیژییەوە کاریگەرییەکى زۆر لەسەر گۆڕەپانى شەڕ دروست دەکات و ئەوەش کاتێک دێتە دی کە زانیارییان لە ناوەوە هەبێت.

دەبێت کۆمەڵگەى مەدەنى لە پاڵ دەوڵەتدا بێت!

بەپێى راپۆرتەکە تەنها شەڕی شارەکان بەوە کارانەوە سنووردار نابێت و دەبێت "شەڕی ناو شارەکان بۆ تورکیا، کە گۆڕانکاری و میکانیزمێکى نوێیە لە کاری هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانى تورکدا، دەبێت بۆ شەڕی شارەکان گۆڕانکاری ئەنجام بدرێت. لێرەشدا گرنگترین بابەت لە شەڕی شارەکاندا ئەوەیە، کە بیرۆکراسیى مەدەنی و سەربازی لە رووی ئەکادیمی و کۆمەڵگەى مەدەنییەوە قسەى لەسەر بکرێت". یانى دەیانەوێت لە رێگەى شەڕی تایبەتەوە کۆمەڵگەى مەدەنی رادەستى خۆیان بکەن و ئاراستەیان بکەن و بەپێى داواى دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان بجوڵێنەوە.

دەبێت راهێنانى سەربازیى سوپاى تورکیا زیاتر بکرێت!

وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى پێکراوە، سوپاى تورکیا ئامادەکاریى گەورە دەکات بۆ شەڕی شارەکان و بینا و بارەگاکانى خۆی بەپێى شەڕی شارەکان نۆژەن دەکاتەوە. بۆ ئەوەش لەچوارچێوى ئەو خۆ ئامادەکردندا بۆ شەڕی شارەکان سوپاى تورکیا لە ٢٠١٥دا بڕیاریدا ٤ لیوای بگوێزێتەوە بۆ سەر لیواکانى کۆماندۆ و لە ساڵی ٢٠١٨شدا بڕیاریانداوە، کە چەند یەکەیەکى تری سەربازی بگوێزنەوە سەر لیواى کۆماندۆ. هەروەها لە دواى قۆناغی تەمووزی ٢٠١٥ و بەپێى ئەو ئەزموونانەى روویانداوە، دەبێت پەروەردەی هێزەکان و هێزى کۆماندۆ بۆ "شەڕی ناو شارەکان" زۆر زیاتر بکرێت و بۆ ئەوەش سوپای تورکیا ئەکادیمیایەکى سەربازیی دروستکردووە.

ئەوەى لە راپۆرتەکەدا پشتگوێى خراوە

لە راپۆرتەکەدا، پەرەگرافێکی راپۆرتی ساڵی ٢٠١١ی گۆڤاری سەرخۆبوون بۆ شەڕی شارەکان لەلایەن پەکەکەوە، کراوەتە پاشخانی راپۆرتەکە. بەڵام ئەوەشی شێواندووە و باسی ئەوە دەکات کە ئەگەری ئەوە هەیە کورد شەڕی شارەکان لە ئەزموونى کۆبانێ-وە فێر بوو بێت. لە راپۆرتەکەدا بۆخۆیان بەپێویستیان نەزانیوە باسی سەندرۆم و ئابڕوچوونەکەیان لە نسێبین بکەن. دوای زیانێکى زۆر و کوژراو و بریندارێکى زۆر، دەوڵەت لەبەری گرانە دانپیادانان بکات. لەبەر ئەوە دەستیانکردووە بە گۆڕانکاریى بنەڕەتى و ئامۆژگاریى یەکتر دەکەن کە دەبێت بۆ داهاتوو چی بکەن. بۆ ئەوەش لە ئێستاوە خۆیان لە رێگەى شەڕی تایبەت و شەڕی چەکدارییەوە  ئامادە دەکەن...

ر.م