سوپای لیبیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتى تورکی خستەخوارەوە

رۆژی شەممە ١ی حوزەیران / ١١ی جۆزەردان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی، کە ناوچە مەدەنییەکانی بۆمباران دەکرد لەلایەن سوپای نیشتمانیى لیبیاوە خرایە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی عەرەبییە رۆژی شەممەی ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ١١ی جۆزەردان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە ناوچەیەکی مەدەنیى بۆمباران دەکرد لەلایەن سوپای نیشتمانیى لیبیاوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە.

بە وتەی فەرماندەی سوپای لیبیا، ئەو فڕۆکەیە لە ناوچەی غریان کە دەکەوێتە باشووری تەرابلوس لەلایەن دژە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەوە تێکشێندراوە.

ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر فەرماندەی سوپای لیبیا وڵاتانی قەتەر و تورکیا بە پشتیوانیی گروپە میلیشا توندڕەوە ئیسلامییەکانی لیبیا تۆمەتبار دەکات و رایگەیاندووە، قەتەر و تورکیا ئەو گروپانە پڕچەک دەکەن و هاوکاریى داراییان دەکەن. فەرماندەکانی سوپای لیبیا ئەو گروپانە بە تیرۆریست و سەر بە داعش و قاعیدە دەزانن.

سوپای لیبیا دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو، تورکیا چەکی تازەی بۆ ئەو گرووپە میلیشیانە ڕەوانە کردووە، کە پشتیوانی لە دەوڵەتی (وەفاق) دەکەن.

سوپای لیبیار راشیگەیاندووە، تورکیا جگە لە نارنى چەک، ژمارەیەک لە ئەفسەران و شارەزایانى سەربازیى خۆی لە رێگەى فڕۆکەیەکى بارهەڵگرەوە ناردووە بۆ لیبیا و فڕۆکەکە لە مەسراتە نیشتووەتەوە و ئەو ئەفسەر و شارەزایانەى سوپاى تورکیا بۆ ئەوە نێردران بۆ لیبیا تاوەکو راهێنانى سەربازی بە گروپە میلیشیاکانی دژ بە لیبیا بکەن.

دەوڵەتى لیبیا پێشتر هەر لەو بارەیەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەفسەرانی تورکی بڵاوکردەوە، کە سەرقاڵی راهێنانی سەربازیی ئەو گروپە میلیشیانە بوون.

تورکیا لە دەستپێکی بەهاری عەرەبی لە ساڵ ٢٠١١ەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە هاوکاریی چەکداری و لۆجستیکی گروپە توندەڕەوە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان، قاعیدە، داعش و حیزبوڵا کردووە.

ر.م