سویسرا: دۆخی تورکیا گونجاو نییە تاوەکو چەکی پێى بفرۆشرێت

سویسرا بەهۆی خراپیى دۆخی ناوخۆیى و دۆخی ناوچەیى تورکیاوە فرۆشتنى بەشێک لە چەک و کەرەستە سەربازییەکانى بۆ تورکیا راگرتووە.

ئەنجوومەنى فیدراڵى سویسرا بە نووسراوی فەرمی وەڵامى پرسیارەکانى لۆرێنس فلامن ریەڵ-ی پەرلەمانتاری دایەوە، کە مانگى ئەیلولی ئەمساڵ لەبارەى فرۆشتنى چەک بە تورکیا، ئاراستەى ئەو ئەنجوومەنەى کردبوو.

لەبەر دۆخی شەڕ فرۆشتنى چەک بە تورکیا راگیرا

ئەنجوومەنى فیدراڵی سویسرا لە وەڵامى پرسیارەکانى ریەڵ دا نووسیویەتى، تەنها پارچەى سیستمى بەرگریى ئاسمانی و دەمانچە بۆ دیپلۆماتەکانى تورکیا، دەفرۆشن بە تورکیا.

ئەنجوومەنى فیدراڵی سویسرا راشیگەیاندووە، سەرباری داواکاریى تورکیا، فرۆشتنى کەرەستەکانى شەڕ بە تورکیا راگیراون.

ئەنجوومەنى فیدراڵی سویسرا ئاماژەى بەوەشکردووە، جگە لە پارچەکانى سیستمى بەرگریى ئاسمانی و دەمانچە، هەموو داواکانى تورکیایان بۆ چەک و کەرەستەکانى تری سەرباز رەتکردووەتەوە.

"ئەگەری ئەوە هەیە چەکەکان لە دژی هاووڵاتییانى مەدەنى بەکاربهێنرێن"

ئەنجوومەنى فیدراڵی سویسرا لە وەڵامەکەدا ئەوەشى خستووەتەڕوو "بەهۆی شەڕی ناوخۆیى لە تورکیا، ئەگەری ئەوە هەیە چەکەکان لە دژی هاووڵاتییانى مەدەنى بەکاربهێنرێن. لەبەر ئەوەش فرۆشتنى چەک بە تورکیا راگیراوە".

هەر چەند سویسرا فرۆشتنى بەشێک لە چەکەکانى بە تورکیا راگرتووە، بەڵام تورکیا هێشتا نەخراوەتە لیستى ئەو وڵاتانە، کە فرۆشتنى چەکیان لێ قەدەغەکراوە.

ژمارەیەکى زۆر سیاسەتمەدار و رێکخراوى کۆمەڵی شارستانى بە سەرنج خستنە سەر شەڕی تورکیا لە دەرەوەى سنوورەکانی و شەڕەکانى لە دژی گەلی کورد، داوایان لە دەوڵەتى سویسرا کردووە فرۆشتنى هەموو جۆرەکانى چەک و هەموو کەرەستەیەکی  سەربازی بۆ تورکیا رابگرێت.

سویسرا پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە رایگەیاندبوو، کەرەستەى شەڕ بە تورکیا نافرۆشێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا سویسرا بە بڕی ٦٤٠ هەزار فرانک کەرەستەى شەڕی بە تورکیا فرۆشتبوو و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتى لێکەوتبووە.

بەپێى دەستووری سویسرا ئەو شوێنانەى کە چەکیان لە دژی هاووڵاتییانى مەدەنى تیادا بەکاردەهێنرێت، دەبێت فرۆشتنى چەک پێیان رابگیرێت.

ر.م