سیاسەتمەدارێکى ئەڵمانی: ئەردۆغان دەیەوێت بە نیشتەجێکردنى پەنابەران کۆچ بە کورد بکات

ئیلکە دانگەلایت ڕایگەیاند، ئەردۆغان دەیەوێت پەنابەران لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بکات و هێندەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەش کورد و گەلانی تر پەنابەر بکات.

سیاسەتمەداری ئەڵمانی ئیلکە دانگەلایت لەسەر ماڵپەڕی تەلەپۆلیس بابەتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە، ڕژێمی ئەردۆغان دەیەوێت پەنابەرانی تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بکات. ئەوە وەکو سیاسەتی ڕژێمی بەعسە و ئامانجی ئەو سیاسەتەش ئەوەیە پاکتاوی ئیتنیکی لە دژی کورد و گەلانی دیکە ئەنجام بدات.

دانگەلایت ڕاشیگەیاند، پلانی ئەردۆغان لە چوارچێوەى 'سەرکەوتنە سیاسییەکان لە دەرەوە و دوورکەوتنەوە لە کێشە سیاسییەکان ناوخۆییەکان'دا سەرکەوتوو نەبوو. دانگەلایت ئەوەشی نووسیوە، ئەردۆغان ویستویەتی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لە سیاسەتەکانى لەگەڵ پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا، مێرکلی سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا و ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کۆ ببێتەوە.

ئەوەی ئەردۆغان نایڵێت ئەوەیە، کە بە ئەندازەى نیشتەجێکردنەکە گەلانی تر کۆچبەر دەکات

دانگەلایت ئەوەشی نووسیوە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەنابەرانی سوری لە شوێنی کورد و گەلانی دیکە نیشتەجێ بکات. ئگەر ئەو پلانە سەربکەوێت  گەلانی ئەو ناوچەیە دەبنە پەنابەر.

دانگەلایت ڕایگەیاند، ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە وەکو سەردەمی حافز ئەسەد لە شوێنی کورد و مەسیحییەکان 'پشتێنەی سوننی - عەرەب' دروست بکات. دانگەلایت سەرنجی ڕاکێشایە سەر داگیرکەریی سەر عەفرین و ڕایگەیاند، ٣٠٠ هەزار کورد و گەلانی دیکە ناچار بوون لە عەفرین کۆچ بکەن.

 دانگەلایت ئاماژەی بەوەش داوە، فەرماندەیى گشتی قەسەدە مەزلوم کۆبانێ وتویەتی، لە بەرانبەر ئەوەی ٣٠٠ هەزار کورد کۆچبەر بوون، ٣٠٠ هەزار پەنابەری سوری لەوێ نیشتەجێ کراون.

دانگەلایت تیشکی خستوەتە سەر ئەوەی، ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت پەنابەران بەکار بهێنێت، بەڵام ٩٠% ئەو پەنابەرانە لەو شوێنانەوە کۆچیان کردووە، کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد دایە. بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە دەبێت تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی ئەسەد دیدار بکات.

ئیلکە دانگەلایت چەندین ساڵە لەسەر تورکیا کار دەکات، ئەنتۆلۆگ و سیاسەتمەدارە و لەسەر پرسی کۆچ و کۆچبەریی کار دەکات. دانگەلایت لەناو حزبی چەپی ئەڵمانی (دی لینکە- Die Linke)یش کاروباری سیاسی دەکات.

ژ.ت