سیاسەتمەدارێکی پارتی چەپی ئەڵمانیا بەهۆی ئەردۆغانەوە دەستگیر کرا

ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ئاڵتسای (Alzey) ئەڵمانیا سیاسەتمەدار دیلان دوزگیون لە پارتی چەپ، بە بیانووی ئەوەی لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووکایەتی بە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان کردووە، لە فڕۆکەخانەی دالامان دەستگیر کرا.

سیاسەتی ڕژێمی ئەردۆغان بۆ بە دیلگرتنی هاووڵاتییانی ئەڵمانی بەردەوامە. سیاسەتمەداری گەنجی کورد دیلان دوزگیون کە لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەڵمانی ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ئاڵتسای لە ئەیالەتی راین لاند – فایتس (Rheinland-Pflaz)، کاتێک رۆژی هەینى رابردوو بۆ سەردانی بنەمالەکەی گەڕایەوە بۆ تورکیا و دەستگیر کرا.

ڕاگەیەندرا، گوایە لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووکایەتیی بە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان کردووە و ساڵی ٢٠١٧ دۆسیەی لێپرسینەوەی بۆ کراوەتەوە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

دیلان دوزگیون تەمەنی ٢٦ ساڵە و کاتێک ویستی بگەڕێتەوە لە فڕۆکەخانەی دالامان دەستگیر کرا. بنەماڵەی دیلان لەسەر ئەم دەستگیرکردنە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیایان کرد. دیلان دوزگیون بە تۆمەتی 'کارکردن بۆ ڕێکخستنی تیرۆر' دەستگیرکراوە، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی ئەڵمانیاوە، دوێنێ ئێوارە ئازاد کرا.

دگوترێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕژێمی ئەنقەرەدا نەکەوێتە ناو قەیرانی نوێی بەدیلگرتنی هاووڵاتییانیەوە، حکومەتی مێرکل دەمودەست و بە پەلە کەوتووەتە هەوڵەوە و لە ئاکامیشدا دیلان دوزگیون پاش ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی، ئازاد کراوە.

ڕژێمی ئەردۆغان ساڵی پار زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی ئەڵمانیی دەستگیر کرد و لەدژی ئەڵمانیا بەکاری هێنا  و لەو رێگەیەوە گوشاری زۆری لەسەر حکومەتی مێرکل دروستکردبوو و بەرلینى ناچار بە هەندێک سازش و پاشەکشە بەرامبەر بە تورکیا کردبوو.

ر.م