سیامەند موعینی: هێزى ئەوەمان هەیە لە پشت ئەو پرۆژانەوە بوەستین کە پێشکەشمان کردوون

سیامەند موعینى هاوسەرۆکى پەژاک رایگەیاند، هێزى ئەوەمان هەیە لە پشت ئەو پرۆژانەوە بوەستین، کە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران پێشکەشمان کردوون. راشیگەیاند، ئامادەى هاوکاریکردن و کارکردنین لەگەڵ هێزە ئازادیخواز و دیموکراسیخوازەکاندا.

سیامەند موعینى هاوسەرۆکى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگى کوردیى ئەمریکا لەبارەى پێشهاتەکانى ئەمدواییەیى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران و سەردانى لایەنەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بۆ وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و بۆچوونى پەژاک لەبارەى ئەو پێشهاتانەوە قسەى کرد.

موعینى رایگەیاند، پەژاک و کۆدار پلان و پرۆژەیان بۆ چۆنیەتیى چارەسەرکردنى کێشەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران خستووەتەڕوو.

هاوسەرۆکى پەژاک ئەوەشى خستەڕوو، دەرگایان بە رووی هیچ هێز و لایەنێکدا دانەخستووە، کە خوازیارى پێشخستنى دیموکراسی و خەباتى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بن، چونکە گرنگە لە ئێستاوە ئامادەکارى بکرێت بۆ ئەگەرى روودانى هەر گۆڕانکارییەک و ئەگەر ئامادەکارى نەکرێت گەلەکەمان زیانى پێدەگات.

 ئەوەشى وت، گوشارەکانى ئێستاى ئەمریکا بۆ روخان، یان ئاڵوگۆڕى سیستمى ئێران نییە، بەڵکو لە ئێستادا تەنها بۆ گوشار دروستکردنە لەسەر ئێران. وتیشى، ئەگەر هاتوو کار گەیشتە ئەوەى کار بۆ ئاڵوگۆڕی سیستمی ئێستاى ئێران بکرێت، ئەوا چى پێویست بێت ئەنجامى دەدەن.

هاوسەرۆکى پەژاک باسى ئەوەشیکرد، پەژاک لە رووی فکر و ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە وەک یەکن و بۆچوونى ئەوان دەپرسن و هاوکارییان لێوەردەگرن و ئەمانیش هاوکاریى ئەوانیان کردووە. هەروەها پەژاک خۆى بڕیارى کارەکانى خۆى دەدات و هیچکەس و لایەنێک دەست لەکار و بڕیارەکانى پەژاک وەرنادات. پەژاک هێزێکى دیموکراسیخواز و شۆڕشگێڕە و هەر هێزێکى ئازادیخواز و دیموکراتیک و شۆڕشگێڕیش بێت، پەژاک ئامادەیە هاوکاریى بکات و لەگەڵى دابنیشێت.

سیامەد موعینى ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا چارەسەرى سەربازی زیانى زۆر بە کۆمەڵەگە دەگەیەنێت، بۆیە هەوڵ دەدەین زیاتر لە رێگەى دیپلۆماسی و سیاسی و دیموکراسییەوە کار بۆ چارەسەرى کێشەکان بکەین، هێزى سەربازیمان لە رووی سەربازی و سیاسییەوە لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەیە و ئەو هێزانەش بۆ بەرگریى رەوا و پاراستنى کۆمەڵگەن.

هاوسەرۆکى پەژاک وتیشى، پرۆژەکەیان چارەسەرە بۆ کێشەکانى رۆژهەڵاتى کوردستن و ئێران و بەپێى هێڵى نەتەوەى دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان دەکەن بۆ ئەوەى گەل خۆى دەسەڵات بگرێتە دەست و خۆى بڕیار بدات، چونکە لە نەتەوەى دیموکراتیکدا، هەموو گەلان و پێکهاتەکان و ئایین و ئایینزاکان لە توانایاندا دەبێت، داکۆکى لە خۆیان بکەن. بۆیە لەو بڕوایەداین فیدراسیۆن و کۆنفیدراڵی چارەسەرى کێشەکانى ئێران دەکات، چونکە پرۆژەى  دەوڵەت نەتەوە ١٠٠ ساڵى بەرسەردا تێپەڕیوە و ئەو پرۆژەیە بەسەرچووە و تواناى چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگەى نییە.

ر.م