سیخوڕێکى میتى تورکیا لە ئاسایشی ئەڵمانیا لەکاتی ئەنجامدانى تاواندا دەستگیرکرا

پۆلیسێک لە ئاسایشی ئەڵمانیا لە بەرلین کاری سیخوڕیی بۆ میتی تورکیا دەکرد. راگەیاندراوە، ئەو پۆلیسە لە کاتى پێدانى زانیاری بە باڵیۆزخانى تورکیا و لەکاتى ئەنجامدانى تاواندا دەستگیرکراوە.

پێش سەردانى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەڵمانیا، کە ئەمڕۆ ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت، رۆژنامەى 'دێر تاگس شپیگل' بڵاویکردەوە "پۆلیسێک لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی بەرلیندا کە کاری بۆ دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت) کردووە، دەستگیرکراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو کەسە بەرپرسێکى باڵایە و لە بەرلیندا لەبارەى نەیار و ئۆپۆزسیۆنى ئەردۆغانەوە زانیاریى کۆدەکردەوە و ئەو زانیارییانەى دەدا بە باڵیۆزخانەى تورکیا. لێکۆڵەرانى ئەڵمانیا تا ئێستا ناسنامەى ئەو پۆلیسەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاودێرى کراوە و کارە سیخۆرییەکانى بە بەڵگەوە سەلێمنراوە. لێکۆڵینەوەى داواکارى گشتیى بەرلینیش لەوبارەیەوە بە نهێنی بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کەسەی کە پۆلیسە سیخوڕەکە زانیارییەکانى پێداوە، ئەندامى میتە و بە ناسنامەى دیپلۆماتیکەوە دەسوڕێتەوە.

دواى ئەوەى ئەو ئابڕوچوونە ئاشکرا کرا، وەزارەتى ناوخۆی بەرلین راگەیاندراوێکى کورتى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ئاگاداری ئەو ئیدعایانەیان لەبارەى ئەو پۆلیسەوە".

ئاندریەس گایسەل وەزیرى کاروبارى ناوخۆ لەبارەى ئەو لێکۆڵینەوەیەوە زانیارى زۆری بڵاونەکردەوە، بەڵام بەرپرسانەى بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی بەرلین بە گۆڤاری فۆکوس-یان راگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە. سەرنجڕاکێشە ئەو لێپرسینەوەیە کە ماوەیەک لەوە پێش دەستیپێکردووە ئێستا پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.

بە بەردەوامى لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانى سەر میت لە ئەڵمانیادا پەردەپۆشکراون

میتى تورکیا سەرەتا تۆڕە سیخوڕییەکانى لە یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB)ی سەر بە رژێمەکەى ئەردۆغان، لە باڵیۆزخانەکان، بە ناوی کۆمپانیاى وەهمی و ساختەوە، لە بانکەکانى تورکیادا بڵاوەپێکردبوو. ئەو تۆڕە سیخوڕییانە درێژکراونەتەوە بۆ ناو یەکەکانى پۆلیسى ئەڵمانیا و لەبارەى کورد و تورکەوە زانیارى کۆ دەکەنەوە و دەیدەن بە بەرپرسانى میت لە شوێنە جۆراوجۆرەکان. بابەتى سیخوڕەکانى میت و کارە سیخوڕییەکانیان لە ئەلمانیا چەندین جار بووەتە بابەتى گەرمی رای گشتى و میدیاکان و بەشێک لە چالاکوانان و پەرلەمانتاران.

یەکێک لەو دۆسیە سیخوڕییانەى میت کە ئاشکرا بوو، ئەوە بوو هەندێک کەس چووبوون لە دەزگاى پاراستنى دەستوور (دەزگاى هەواڵگریى ناوخۆیى ئەڵمانیا)  سکاڵایان لە دژی هەندێک چالاکوان و رێکخراو تۆمارکردبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کەسانە سیخوڕی میت بوون.

یەکێکى تر لە دامودەزگایانە کە میت دزەى کردووەتە ناوی، دەزگاى کۆچ و کۆچبەرانى ئەڵمانیایە و ئەو کەسانەى لە زوڵمی رژێمەکەى ئەردۆغان هەڵهاتوون، سەرەتا دەچنە ئەو دەزگایە و لەوێ دۆسیەیان بۆ دروست دەکرێت و سیخوڕەکانى میتیش ئەو زانیارییانە دەگوازنەوە بۆ رژێمەکەى ئەردۆغان. ئەوەش بووەتە یەکێک لە ئابڕوچوونەکانى ئەڵمانیا.

لە ئەڵمانیا ٦ هەزار سیخوڕى میتی تورکیا چالاکن، بەڵام سەرباری ئەوەش لێپرسینەوە لە سیخوڕەکانى تورک تەنها رووکەشانە بووە. لەم ٥ ساڵەى دوایدا لێکۆڵینەوە لە نزیکەى ٢٠ ئەندامی میت ئەنجامدرا، بەڵام هیچ یەک لەو لێکۆڵینەوانە ئەنجامیان نەبوو.

دۆندۆ یازگان لێکۆڵەری باڵا لە ویلایەتى هێسن، کە بە رەچەڵەک تورکە و لە شاری ویسبادن لە یەکەی 'پۆلیسی ئاشتەوایى' کاری دەکرد، کاری سیخوڕیى بۆ میت دەکرد.

ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) لە مانگى ئابی ٢٠١٧دا ناوى ئەو سیخوڕەى ئاشکرا کرد، کە یەکێک لە سیخوڕەکانى رژێمى ئەردۆغان بوو. یازگان لەسەر کارەکانى لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ویلایەتی هێسن کار دەکات، بەڵام بە پلەیەکى کەمێک نزمتر لە پلە پێشووەکەى.

هەروەها دۆسیەى مەلا سیخوڕەکانى یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB)ی سەر بە رژێمەکەى ئەردۆغان بۆ میت لە ئەڵمانیادا دەنگدانەوەیەکى زۆری لێکەوتەوە، بەڵام سەربارى ئەوەش حکومەتى ئەڵمانیا دۆسیەى سیخوڕەکانى دیتیبی داخست.

ر.م