سەرهەڵدانی گەل لە عێراق بەردەوامە

لە عێراق، دژ بە گەندەڵی ئیداری و دارایی، سەرهەڵدانی گەل بەردەوامە، لە بەغداد کە هێشتا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، بۆ چارەسەریی کێشەکان قەڵس و بێزار دەمێنێت.

پاش ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، ئەگەرچی سەدان ملیارد دۆلار بۆ عێراق تەرخان کراوە، بەڵام بە میلۆنان کەس لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە سوودمەند نابن لە خزمەتگوزارییەکان. دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریی دەوڵەت، هەڵوێستی هەرە گەورەی گەل، لە باشووری عێراق و هەرێمی دەوڵەمەند بە بەرهەمی نەوتیی شاری بەسرە، سەری هەڵدا. لە هەندێک لە کۆڵان و گەڕەکەکانی شاری بەغدادیشدا چالاکی ئەنجام درا و ڕاشگەیەندرا کە لە شاری موحاتانا، هەمان چالاکی ئەنجام دەدرێت.

هەڵبژاردن لە عێراق، لە مانگی گوڵاندا بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی کێشە لە شێوازی ژماردنی دەنگەکاندا، هێشتا ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ئاشکرا نەکراوە و حکومەتیش پێک نەهێنراوە. ئەوەش هاوڵاتیانی ڕاپەڕیوی عێراق زیاتر تووڕە دەکات و هەڵوێستی گەل تووندتر دەکات.

نزیکەی دوو مانگە لە شارەکانی بەسرە، نەجەف و شارەکانی تری باشووری عێراق، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی گەل بەردەوامە و ئەو هەڵوێستانەی گەل گەیشتووەتە شاری بەغداد. خۆپیشاندەران دەیانەوێت ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت کە بەشدارن لە گەندەڵیی بە ملیاران دۆلار و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هاوکات دەیانەوێت کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی سازگاری خواردنەوە و کارەبا و کاریان بۆ دابین بکرێت. هەروەها داوای باشترکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەکەن.

حکومەتی عێراق ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە بە گەندەڵیەوە تێوەگلاون

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە گوایە ناوی ٧٣ بەرپرس کە بە گەندەڵیەوە تێوەگلاون، ئاشکرا دەکەن و بەوەش دەیانەوێت ناڕەزایەتیەکانی گەل دابمرکێننەوە. ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت کە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو بەڵێنە ناڕەزایەتیی گەلی لە عێراق دانەمرکاندەوە.

سەرەڕای دەوڵەمەندیی عێراق بە بەرهەمی نەوتیی، داهاتی ئەو وڵاتە بۆ خزمەتی گەل بەکارناهێنرێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی دروست دەکات. لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێنەوە، دەخەمڵێنرێت کە بڕی ٤٠ ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەرخان کراوە، بەڵام هێشتا لە شارەکانی باشووری عێراق، بڕی پێویستی کارەبا نادرێت بە هاوڵاتیان.

حکومەتی نوێ پێدەهێنرێت بەڵام دەکرێت کە کیشەکان چارەسەر نەکرێن

لە بواری بەرتیل و گەندەڵیدا، بارودۆخی عێراق باش نیە. لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی دنیادا کە ١٧٣ وڵاتن، عێراق ڕیزبەندیی ١٦٥ هەمینی گرتووە.

بۆئەوەی قەیرانەکانی عێراق چارەسەر بکرێن، دروستکردنی حکومەتی نوێ، لەلایەن هەموو کەسێکەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانرێت. ئەگەرچی دەسەڵاتی چوار ساڵی ڕابردووی حەیدەر عەبادی، سەردەمێکی خراپی دەسەڵاتدارێتیی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ موقتەدا سەدر، عەبادی لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە. ئەگەر عەبادی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەوکات نەک قەیرانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکرێن، بەڵکو قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

ر.م