سەرۆک شارەوانیى بەرلین خوانەکەى ئەردۆغان بایکۆت دەکات

لەلایەن شتانمایەر سەرۆک کۆماری ئەڵمانیاوە چەندین کەس بۆ خوانى رۆژی هەینى کە بۆ ئەردۆغان رێکدەخرێت بانگهێشتکراون. یەک لە دواى یەک کەسایەتییەکان لەو خوانە دەکشێنەوە. ئێستاش میخایل مولەر سەرۆک شارەوانیى بەرلین لە خوانەکەى ئەردۆغان کشایەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دواى ئەوەى نێوانى خۆى لەگەڵ دەوڵەتى ئەڵمانیا باشکردەوە، دواى چەندین ساڵ بە سەردانێکى فەرمی دەڕوات بۆ ئەڵمانیا. سەرباری ئەوەى رای گشتیى ئەڵمانیا و ئۆپۆزسیۆن لە دژى سەردانەکەى ئەردۆغانن، بەڵام ئیدارەى بەرلین بڕیاریداوە لە بەرزترین ئاستدا پێشوازى لە ئەردۆغان بکات.

چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان ٣ رۆژ لە ئەڵمانیا دەمێنێتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەڵمانیا پلانەکەى خۆى گۆڕی. پێشتر راگەیاندرابوو ئەردۆغان ئێوارەى پێنجشەممە دەچێتە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا، بەڵام دەرکەوت سبەی نیوەڕۆ دەگاتە ئەڵمانیا. ئەردۆغان نیوەڕۆ لە فڕۆکەخانەى تیگل لە بەرلین دادەبەزێت و دواتر دەچێتە ئۆتێل ئادلۆن و لەگەڵ لایەنگرەکانیدا کۆ دەبێتەوە.

لەبەر ئەوەى حکومەتى مێرکل رێگاى بە ئەردۆغان نەدا لە بەرلین و کۆلن لە شوێنى گشتیى گەورە و کراوەدا لەگەڵ لایەنگرەکانى کۆببێتەوە، ئەردۆغان بڕیاریداوە لەگەڵ نزیکەى ١٠٠ کەس لە نوێنەرانی رێکخراوە کلکەکانى سەر بە ئاکەپە لە ئەڵمانیا "کۆبوونەوەیەکى بچووک" بەڕێوەببات.

بایکۆتى سەردانەکەى ئەردۆغان زیاتر دەبێت

بایکۆتی ژمارەی ئەو کەسانەى لەلایەن فرانک واڵتەر شتانمایەر سەرۆک کۆماری ئەڵمانیاوە بانگهێشت کراون بۆ کۆشکی سەرۆکایەتیى کۆمار بۆ بەشداریکردن لە خوانێکدا کە بۆ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رێکخراوە، رووی لە زیادبوون کردووە. چەند رۆژ لەوە پێش  بیجان (بیژەن) جیر سرایی پەرلەمانتاری پارتى دیموکراتیکى ئازاد (FDP) و سەڤیم داگدەلەن پەرلەمانتاری پارتى چەپی ئەڵمانیا رایانگەیاندبوو، بەشداری لە خوانەکەى ئەردۆغان دا ناکەن. لە دواى ئەوە تاوەکو ئێستا یەک بە یەک کەسایەتییەکانى تر لە خوانەکەى ئەردۆغان دەکشێنەوە.

ئێستاش میخایل مولەر سەرۆکی شارەوانیى بەرلین رایگەیاندووە، بەشداری لە خوانەکەى ئەردۆغان دا ناکات.

بڕیاری  بایکۆتکردنى ئەردۆغان ئۆپۆزسیۆنى ئەڵمانیاى لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە. کریستیان لیندەر سەرۆکى پارتی دیموکراتیکى ئازاد (FDP)، ئانالینا بێربۆک و رۆبێرت هابێک  هاوسەرۆکانى پارتى سەوزی ئەڵمانیا، ئالکساندەر گاولاند سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا (AfD) و ئالیس وایدە پەرلەمانتاری (AfD) یەک لە دواى یەک رایانگەیاند، بەشداری کۆبوونەوەکان و خوانەکەى ئەردۆغان نابن.

دوێنێش میدیاکانى ئەڵمانیا بڵاویانکردبووە، ئەنگێلا مێرکل راوێژکارى ئەڵمانیاش ناچێت بۆ خوانەکەى ئەردۆغان. تاوەکو ئێستا تەنها جەم ئۆزەدەمیر هاوسەرۆکى پێشووى حیزبى سەوزی ئەڵمانیا وتویەتى بەشداری لە خوانەکەى ئەردۆغان دا دەکات.

بڕیارە کاتێک ئەردۆغان لە کۆشکى سەرۆکایەتیى کۆماری ئەڵمانیا پێشوازیى لێدەکرێت، بە پێشەنگایەتیى پلاتفۆرمی " Erdogan not Welcome" (ئەردۆغان بەخێر نەیەیت) لە گۆڕەپانى پۆتسدامر پلاتز لە ناوەندی شارى بەرلین بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکى جەماوەرى ئەردۆغان ئیدانە بکرێت. لە خۆپیشاندانەدا، کە کاتژمێر ١٦:٠٠ بەڕێوەدەچێت هاووڵاتییانى ئاوارەى کوردستان و تورکیا، چەندین رێکخراوى جەماوەری، حیزب و رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانى بەشداری دەکەن.

ر.م