سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە: هێرشکردنە سەر ئامەد سپۆر ئاسایى نییە

ئایهان بیلگەن سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا لەبارەى هێرشى نەژادپەرستەکان بۆ سەر ئامەد سپۆر لە ساکاریا رایگەیاند، ئەو هێرشە، هێرشێکى ئاسایى نییە و ئەوە دەرخەری بۆچوون و ئیرادەى بەڕێوەبەرانى سیاسییە.

لە هەفتەى ٧ی لیگى ٢ی فیدراسیۆنى تۆپى پێى تورکیا و لە رۆژی ١٣ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ یانەى ئامەد ئامەد سپۆر لە یاریگای ئاتاتورک لە ساکاریا لەگەڵ یانەى ساکاریا سپۆر یاریى کرد. نیو کاتژمێر پێش دەستپێکردنى یارییەکە لە یاریگاکەدا سرودی "تورکیاکەم من لەسەر تۆ دەمرم" دەوترایەوە.

لە شاشە گەورەکانى یاریگاکەوە ڤیدیۆى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نمایش دەکران. لەو کاتەدا لایەنگرانى یانەى ساکاریا سپۆر هێرشیان کردە سەر یانەى ئامەد سپۆر. یانەى ساکاریا و لایەنگرەکانى خۆیان کرد بە ژووری خۆئامادەکردنى یاریزانانى ئامەد سپۆر دا و هێرشیان کردە سەر یاریزانانى ئامەد سپۆر و تیمى تەکنیکى و پزیشکیى ئامەد سپۆر.

یانەى ئامەد سپۆر لە رێگەى تویتەرەوە هەواڵی هێرشکردنە سەر خۆی بڵاوکردەوە. لەوبارەیەوە ئایهان بیلگەن سەرۆکی فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا ناڕەزایەتیى بەرامبەر ئەو هێرشە نەژادپەرستانەیە بۆ سەر ئامەد سپۆر نیشاندا. بیلگەن رایگەیاند، دەبێت وەرزش خزمەتى بەهاگەردوونییەکان و ئاشتى بکات، بەڵام لە تورکیا پێچەوانەى ئەوە لە گۆڕێدایە.

زمانى شەڕ وەرزش پیس دەکات

بیلگەن سەرنجی خستەر سەر پەخشکردنى وێنە و ڤیدیۆکانى ئۆپەراسیۆنى سەربازی لە کاتى یارییەکەدا و لەوبارەیەوە وتى، ئەوە نیشانەى ئەوەیە، ئەو زمانەى لە گۆڕەپانى شەڕدا بەکاردەهێنرێت لە گۆڕەپانى وەرزیشیدا بەکار دەهێنرێت.

بیلگەن راشیگەیاند، ئەو هێرشە، هێرشێکى کەسی و ئاسایى نییە و وتیشی "ئەو هێرشە دەرخەری ئیرادە و بۆچوونى بەڕێوەبەرانى سیاسەتە. پەخشکردنی ئەو سرود و مۆسیقایەى لە یاریگاکەدا لەگەڵ پەخشکردنى ڤیدیۆى ئۆپەراسیۆنەکاندا، نزیکایەتى و رەفتارێکە بۆ هاندانى نەژادپەرستی".

بیلگەن ئەوەشى وت، هەوڵدان بۆ هێرشی بە کۆمەڵ و بێکەس کوژکردنی مرۆڤەکان ماوەکانى رابردوومان بیردەخاتەوە، بۆیە ئەو رووداوە جێگاى ترس و نیگەرانییە، چونکە بە ئەنقەست و بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراوە.

هێرشەکە دژ بە کۆمەڵگا ئەنجامدراوە

ئایهان بیلگەن ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمسیۆنى وەرزشی هەدەپە لەسەر ئەو هێرشە ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەیە دەستبەکار بووە. لەگەڵ ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەریى فیدراسیۆنى وەرزشی تورکیا قسەیان کردووە و ئەوانیش وتویانە، لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکە دەکەن و رۆژی چوارشەممەش لەوبارەیەوە راگەیاندراوێک بڵاو دەکەنەوە.

بیلگەن راشیگەیاند، ئەو هێرشە دەبنە کۆبوونەوەى گشتیى پەرلەمان و لەسەری قسە دەکەن، چونکە ئەو هێرشە بە کردەوە نیشانەى ئەوەیە کە دەکرێت هەموو کەسێک بە "تیرۆریست" و "جودایخواز" تۆمەتبار بکرێت. بەوەش کۆمەڵگە پارچە و دابەش دەکرێت و رێگا بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆش دەکەن.

بیلگەن لە کۆتایدا ئەوەشى وت "گرنگە خاوەنداری لە ئامەد سپۆر بکەین، چونکە ئەو هێرشە تەنها نەکراوەتە سەر یانەیەکی وەرزشی، بەڵکو هێرش کراوەتە سەر کولتور و رۆشنبیری و کۆمەڵگەیەک".

ر.م