سەمرا گوزەل: بەهۆی خەمساردییەوە منداڵەکان ژەهراوی بوون

پەرلەمانتەری هەدەپە، سەمرا گوزەل سەرنجی ڕاکێشایە سەر نەبوونی چاودێری لە خوێندنگە سەرەتاییەکان و ڕایگەیاند، هۆکاری ژەهراویبوونی خوێندکاران لە خوێندنگەیەکی بنەڕەتی لە چەولک خەمساردیی و بە بەرنامەییە.

خوێندکارانی خوێندنگەی بنەڕەتی سانجاکێ لە چەولک، بەهۆی سەرئێشە، سکئێشە، ڕشانەوە، سوربوونەوەی جەستە، سووتانەوە و خورانی چاو و سەرگێژیی گەیەندرانە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی چەولک. منداڵان ڕایانگەیاند، لە خوێندنگەکە جیوەیان بینیوە، دوای ئەوەی یاریان پێکردووە نەخۆش کەوتون. چارەسەر بۆ ٤٧ خوێندکار و ٥ مامۆستا و کارمەندێکی خوێندنگە بەردەوامە. دەوترێت کە جیوە کاریگەریی لە نزیکەی ١٠٠ خوێندکار کردووە. لەو منداڵانەی کە ژەهراوی بوون، ٧ کەسیان لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی لە خارپێت لە بەشی فریاکەوتن لەژێر چاودێریی دان. کەمۆتراپی بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت، دەوترێت مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی ئەو منداڵانە هەیە. بنەماڵەی ئەو منداڵانەی ژەهراوی بوون سەرنجیان ڕاکێشایە سەر خەمساردیی، بەڵام ئێستا جگە لە چارەسەرکردنی منداڵەکانیان ناتوانن بە شتێکی دیکەوە سەرقاڵ ببن و نیگەرانن لەوەی کێشەیەکی درێژخایەنی تەندروستی بۆ منداڵەکانیان دروست ببێت.

نەبوونی چاودێریی و خەمساردیی

سەمرا گوزەل-ی پەرلەمانتاری هەدەپە، لەبارەی بابەتەکە قسەی کرد و باسی لەوە کرد، ئەو ڕووداوانەی دەقەومێن نیشان دەدەن کە ژیانی کەسەکان تا چەند لە ئاسایشدایە. سەمرا گوزەل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چاودێرییانەی کە دەبوایە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بکرابوایە، نەکراوە و وتی: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت ساڵانە ٤٢٠ هەزار کەس ژەهراوی دەبن و گیان لەدەست دەدەن، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە بە جدی وەربگیرێت. خواردنی ئەو خواردەمەنییانەی ماوەیان بەسەرچووە تاوانە. لەو شوێنانەی خەڵک پێکەوە خواردن دەخوات دەبێت چاودێری ورد هەبێت، بە تایبەتی لەو شوێنانەی خوێندنگە، بنکەی سەربازی و نەخۆشخانەن، ئەو چاودێریکردنە ساڵی جارێکە یان هەر نییە. ئەوەش لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە بەخراپی سوودی لێ وەردەگیرێت و بە وتەی 'بە جارێک هیچ نابێت' یاری بە تەندروستی خەڵکەوە دەکەن".

پەرلەمانتار سەمرا گوزەل ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی تەندروستی خەڵکیان خستوەتە دۆخێکی مەترسیدار، بەبێ ئەوەی گلەییشیان لێ بکرێت دەبێت بکەونە بەر لێپرسینەوە و وتی: "ئەو حکومەتەی بە بیانووی سەیر لێپرسینەوە دەستپێدەکات، لە بابەتێکی وا گرنگ و چارەنووسسازدا هێشتا دەستی بە لێپرسینەوە نەکردووە".

رووداوەکەی چەولک بەهۆی بێ بەرنامەییەوەیە

سەمرا گوزەل باسی لەوەش کرد، ڕووداوەکەی چەولک بەهۆی بێبەرنامەییەوەیە و ئەوەشی ڕاگەیاند، جیوە زۆر ژەهراوی و کوشندەیە، وتیشی: "مادەیەکی وەهایە کە بەبێ چاودێری مامۆستایان دەبێت منداڵ نەتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا بەکاری بهێنن، دەبێت لە شوێنێکی داخراودا بهێڵدرێتەوە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا بەرپرسان یەکسەر لەبارەی ئەو بابەتەوە ڕوونکردنەوە بدەن، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەن بابەتەکە پەردەپۆش بکەن. دوای ئەوەی ڕووداوەکە لە ڕۆژنامە هەرێمییەکان بڵاو کرایەوە، پارێزگار دوای چوار ڕۆژ لەسەر بابەتەکە قسەی کرد. ئەگەر بابەتەکە نەکەوتبایە ناو ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکان، لەوانەبوو هەرگیز باسی نەکرابوایە. ئێوە کێ لە کێ دەپارێزن؟ ئەوانەی ژەهراوی بوون منداڵەکانی ئێمەن. بێگومان ئێوە ناچارن ڕوونکردنەوە بدەن، ناچارن بەرپرسیارەکان بدەنە دادگا." سەمرا گوزەل بانگەوازی بۆ بەرپرسان کرد کە بەرپرسیارانەتر ڕەفتار بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

ک-ش