شارەوانیى فلۆرانس: ئازادى بۆ ئۆجالان و خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردان

شارەوانیى فلۆرانس یەکێکە لە گرنگترین شارەوانییەکانى ئیتالیا. ئەنجوومەنى ئەو شارەوانییە رۆژی ٣١ى تەمووز داوایکرد عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد ئازاد بکرێت و ماف و خۆبەڕێوەبەریى کوردانیش پەسەند بکرێت.

هەر یەک لە میریام ئاماتۆ، تۆماسۆ گراسی، دۆنێلا ڤێردی، گیاکۆمۆ تبۆمبی ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانیى فلۆرانس پرۆژە پێشنیازێکیان بۆ "ئازادیى ئۆجالان" پێشکەشی ئەنجوومەنى شارەوانییەکەیان کرد. ئەو داواکاری و پرۆژەیە لە ٣١ى تەمووزی ٢٠١٨ دا قبوڵکرا و لە ماڵپەڕی شارەوانیی فلۆرانس دا بڵاوکرایەوە.

لە راگەیاندراوى ئەو داواکارییەدا هاتووە، لەبەر ئەوەى کورد دابەشکراوە بەسەر چوار پارچەدا و مافەکانى پێنەدراوە، لە ساڵی ١٩٧٨ەوە بە پێشەنگایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بزووتنەوەى کورد دامەزرا.

بۆ بیرخستنەوەش نووسیویانە، بزووتنەوەکە بە شێوەیەکى مافدارانە لە ساڵی ١٩٨٤دا و لەبەر ئەوەى مافەکانی کورد قبوڵ و پەسەند نەکراون، دەستی بە شەڕی چەکدارى کردووە. لە ساڵانى ١٩٩٠ەوە چەندین جار بۆ چارەسەرکردنى سیاسییانەى کێشەکە ئاگربەستى یەکلایەنەی راگەیاند و داواى ئاشتیى کرد، ئەوانەش بە پێشەنگایەتى ئۆجالان روویاندا.

هەروەها باسى ئەوشەکراوە، لە ئەنجامى کارکردن و بە دوداچوونى بەردەوام بۆ تێکۆشان لە چوارچێوەى ئازادى و دیموکراسیدا، ئۆجالان هاتە ئیتالیا و لێرە لە چوارچێوەى یاسا رێگاپێدراوەکانى مافى پەنابەریدا مایەوە و پارێزرا.

لەو بەڵگەنامەیدا ئەوەش هاتووە، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە کینیا رفێنرا و لە ئیمرالی 'زیندانى ئەمنیى قورس' راگیراوە. سەربارى ئەوەش ئۆجالان دەستبەرداری پێداگریى بۆ ئاشتی و دیموکراسی نەبووە و بزووتنەوەى پەکەکەی بەرەو ئەو رێگایە بردووە.

باسیش لە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد کراوە و ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێوان تەمووزی ٢٠١٥ و تشرینى یەکەمی ٢٠١٦ دا ٥٠٠ هەزار کورد بۆ ئەوەى لە کوردستان دەربکرێن، لە شارەکانى خۆیان دوورخرانەوە.

نزیکەى ٣٠ شوێنى نیشتەجێبوون تاڵان و بۆردومانکران، سەربارى ئەوەش ئۆجالان بۆ ئەوەى شەڕ رابوەستێت و چارەسەریى سیاسى رووبدات، هەوڵێکى زۆری داوە.

لە ماڵپەڕی شارەوانیى فلۆرانسدا باسیش لە هێرشەکانى تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر عەفرین کراوە.

میریام ئاماتۆ و دۆنیەللا ڤێردی ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانیى فلۆرانس لەوبارەیەوە رایانگەیاند "بە بڕیارى ئەنجوومەنى شارەوانیى فلۆرانس بە شێوەیەکى فەرمی داوا لە بەرپرسانى تورکیا کراوە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ئازاد بکرێت. ئەنجوومەنى شار بەپێى ئەو بڕیارە بەشێوەى فەرمی ئەوەى سەلماندووە پشتیوانى گەلی کوردە، کە ساڵەهای ساڵە دەوڵەتى تورکیا هەموو جۆرە گوشار و زۆردارییەکى بەرامبەر ئەنجام دەدات و هێرشیان دەکاتە سەریان. داواى ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان بەیان و داوایەکى فەرمییە کە لە کەسێتیى ئۆجالان دا پشتیوانى لە هەوڵەکانى چارەسەریى ئاشتییانە بۆ شەڕی نێوان کورد و تورکیا دەکرێت. هەروەها هاوپشتیى گەلی کوردە کە لە تورکیا گوشار خراوەتە سەریان، بەڵام بە شێوەیەکى بەهێز شەڕی دژ بە داعش ئەنجام دەدەن. بەو بڕیارە داوا لە حکومەتى تورکیا کراوە دووبارە لەگەڵ نوێنەرانى کورد دا بکەوێتە دیالۆگ و دانوستان و هەموو مافەکانی کەمە نەتەوەکانیش بپارێزرێن".  

لەبارەى دادگایکردنى ئۆجالانەوە رایانگەیاندووە "ساڵی ٢٠٠٣ دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا کە دادگایکردنى رێبەری کورد نارەوا و نا دادپەروانەر بووە و مافى نوێنەرایەتیکردنى سیاسیى سنووردارکراوە و لە کاتى زیندانیکردنیشدا هەلومەرجی دژە مرۆڤانەیان بەسەردا سەپاندووە. ئەوە ٢ ساڵە مافەکانى ئۆجالان زیاتر پێشێل دەکرێن و ئیتر رێگاى پێنادرێت بنەماڵەکەى و پارێزەکانى ببینێت".

باسى ئەوەشکراوە "ئەو چالاکییەى ئێمە بۆ ئەو ئامانجەیە کە هەموو باس بەشێوەیەکى راست و دروست لە کێشەى کورد تێبگات و هەوڵێش بۆ چارەسەرى بدرێت. ئەو چالاکییەى ئێمە بۆ پەسەندکردن و داننانە بە هەموومافەکانى گەلی کورد و خۆبەڕێوەبەرییەکەیاندا".

پێش ئەوەش خەڵاتى ئاشتیى "هاووڵاتیى فەخری"یان بە عەبدوڵا ئۆجان رێبەرى گەلی کورد بەخشیبوو.

لە ئیتالیا تاوەکو ئێستا خەڵاتى جۆراجۆر بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بەخشراوە. بەهۆی ناسنامە و شوناسی سیاسیی و رۆڵى لە ئاشتیدا هاوکات لەگەڵ بەخشینى "خەڵاتى ئاشتی"دا شارەوانىس پالێمرۆ، پالاگۆنیا، رێجۆ ئیمیلیا، ریاچە، مەرتانۆ، پینیرئۆلۆ، کامپۆباسۆ و کاستێل بۆتاچۆ، خەڵاتى "هاووڵاتى بوونى فەخری"یشیان بە ئۆجالان بەخشیبوو.

ر.م