شارەوانیی یاڤلەی سوید قەیومەکانی دەوڵەتى تورکی شەرمەزار کرد

گین ئاکگول هاجۆ یاریدەدەری سەرۆک شارەوانیی یاڤلەی سوید، کودەتای قەیومەکانی ئاکەپەی لەسەر شارەوانیی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین شەرمەزار کرد.

هەڵوێست و ناڕەزایی بەرامبەر کودەتای قەیومەکانی هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە لە سوید ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

گین ئاکگول هاجۆ یاریدەدەری سەرۆک شارەوانیی یاڤلەی سوید لەسەر هەژمارەی تایبەتی خۆی لە سوشیاڵ میدیادا لە دژی کودەتای قەیومەکان لەسەر شارەوانیی ئامەد، وان و مێردین هەڵوێستی خۆی نیشاندا.

حاجۆ لەسەر هەژمارەی فەیسبووکەکەی ڕایگەیاند، لە وڵاتانی دیموکراسیدا مافی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ئەردۆغانی ئۆتۆریتەر ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرێت.

یاریدەدەری سەرۆک شارەوانیی یاڤلەی سوید ئاماژەی بەوەشدا، سێ شارەوانیەکەی هەدەپە کە دەستەبرای پارتەکەی ئەون (پارتی چەپ) دەستانبەسەردا گیراوە و وتی،"ئێمە بەرامبەر پێشێلکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بێدەنگ نابین. لەبەر ئەوەش پەیامی پشتگیریی خۆمان بۆ هاوپیشەکانمان و سێ شارەوانیەکە ڕادەگەیەنین، کە فشارێکی زۆریان لەسەرە".

حاجۆ لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، " بەرگری لە ئامەد، وان و مێردین بکەن".

ژ.ت