شاندی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی هەردوو حیزبی حدک و حدکای کرد

شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری کۆیە لەگەڵ سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان-حدک، و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا کۆبوونەوە .

ئەمڕۆ شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە قەڵای حزبی دیموکراتی کوردستان لە دەشتی کۆیە، لەگەڵ  سەرکردایەتیی حزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا مەولودی، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.

شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون لە: شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، جەمال شێخ باقی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردی سوریا، محەمەد موسا، سەرۆکی پارتی چەپی کورد، مستەفا مەشایەخ، جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتی کورد، جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان، هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردی سوریا، سلێمان عەرەب، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، فەتحوڵا حوسێنی، نوێنەری پارتی چەپی کورد.

شاندی حزبی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مستەفا مەولودی، سکرتێری گشتیی حزب، پێکهاتبوون لە هەریەکە لە: عومەر باڵەکی و حەسەن قادرزادە، ئەندامانی دەفتەری سیاسیی و خەدیجە مەعرووزی، حەسەن شێخانی، سۆران نوری، عەلی بداغی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان.

لە درێژەی سەردانەکانی شاندەکەی ڕۆژئاوادا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شارۆچکەی کۆیە-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە. شاندەکەی ڕۆژئاوا  لەلایەن شاندێکی باڵای حدکا-وە بە سەرۆکایەتیی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پێشوازییان لێکرا.

ئەم شاندە ماوەی چوار ڕۆژە لە باشوری کوردستانن و بڕیارە چەند ڕۆژێک بمێننەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆببنەوە، مەبەستی سەردانەکەشیان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانە لەم دۆخەی کە ئێستا ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، شاندەکە لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

ک-ش