شاندێكی باڵای هه‌ده‌په سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات
بڕیاره شاندێكی باڵای هه‌ده‌په ڕۆژی ١٠ی ئه‌یلوول\١٩ی خه‌رمانان سه‌ردانی به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا بكات و له ماوه‌ی ٣ ڕۆژدا چه‌ندین دیداری دیپلۆماتی ئه‌نجام بدات.
بڕیاره شاندێكی باڵای هه‌ده‌په ڕۆژی ١٠ی ئه‌یلوول\١٩ی خه‌رمانان سه‌ردانی به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا بكات و له ماوه‌ی ٣ ڕۆژدا چه‌ندین دیداری دیپلۆماتی ئه‌نجام بدات.
پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) خۆی ئاماده كردووه بۆ ئه‌وه‌ی به شاندێكی باڵا سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا بكات. شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په له سه‌زای ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په میدحه‌ت سانجار و فه‌له‌كناس ئووجا، نوێنه‌رانی هه‌ده‌په له ئه‌ڵمانیا له‌یلا ئیمره‌ت و سینان ئۆنال پێكهاتووه.
سه‌ردانه‌كه ڕۆژی ١٠ی ئه‌یلوول\١٩ی خه‌رمانان ده‌ستپێده‌كات و تا ١٢ی ئه‌یلوول\٢١ی خه‌رمانان به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ده‌په بێجگه له پارتیی نه‌ژادپه‌رستی ئه‌ڵمانیا (AFD)، كاتی دیدار و سه‌ردانی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پارتییانه‌ی ئه‌ڵمانیا دیاری كردووه كه فراكسیۆنیان له په‌رله‌مانی فیدڕاڵ هه‌یه.
بڕیاره شانده‌كه ڕۆژی دووشه‌ممه له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سایه‌تییانه كۆببێته‌وه: د. ئاندریاس نی‌ك به نوێنه‌رایه‌تیی فراكسیۆنی CDU/CSU (پارتیی ده‌سه‌ڵاتدار)، كاترین گۆئه‌رینگ-ئێكاردت و د. ئانتۆن هۆفرایته‌ر هاوسه‌رۆكانی فراكسیۆنی پارتیی سه‌وز، ئه‌لێكسانده‌ر گراف لامبسدۆرف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتیی ئازاد (FDP) و سه‌رۆكی پێشووی پارتییه‌كه، سارا ڤاگنكنێخت و دیتمار بارچ هاسه‌رۆكانی فراكسیۆنی پارتیی چه‌پ.
له لایه‌كی دیكه‌وه شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چه‌ند ڕێكخراوێك كۆده‌بێته‌وه. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش بڕیاره له‌گه‌ڵ گرووپی دۆستایه‌تیی په‌رله‌مانتارانی توركیا - ئه‌ڵمانیا دیدارێك ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها هه‌مان ڕۆژ كاتژمێر ١١ له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز ده‌كه‌ن.
بڕیاره له ڕۆژی سێشه‌ممه شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتیی چه‌پ كاتیا كیپینگ و بێرند ڕیكسینگه‌ر كۆببێته‌وه دانی ئێواره‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی سۆسیالدیموكرات (SPD) ئاندریا ناهلس دیدار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌و شانده باڵایه‌ی هه‌ده‌په له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا ڕۆژی چوارشه‌ممه له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كۆده‌بێته‌وه. له دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌شیان چاویان به كاربه‌ده‌ستانی پله‌باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و كار ده‌كه‌وێت.
ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ (چوارشه‌ممه) له هۆتێل مێركور به به‌شداریی ئه‌ندامانی شانده‌كه شه‌وی پشتگیریی هه‌ده‌په ساز ده‌كرێت.
s.m