شین فێن: دەبێت دەمیرتاش و زیندانیانی تری هەدەپە ئازاد بکرێن

مێری لۆیز مەک دۆناڵد سەرۆکى شین فێن رایگەیاند، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووی هەدەپە و زیندانیانى تری هەدەپە ئازاد بکرێن.

مێری لۆیز مەک دۆناڵد سەرکردەى ئیرلەندی و سەرۆکى حیزبى شین فێن وەڵامى نامەکەى دەمیرتاشی دایەوە، کە رۆژی ١٦ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ٢٥ی گەڵارێزان بۆی ناردبوو.

مەک دۆناڵد بە نووسینى نامەیەک وەڵامى دەمیرتاشی داوەتەوە و لە نامەکەیدا نووسیویەتى، دڵخۆشە بە بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پیشووی هەدەپەوە. لە بڕیارەکەدا راگەیاندراوە، کە بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنى دەمیرتاش پەیماننامەى مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل کراوە.

ماک دۆناڵد راشیگەیاندووە "منیش بەو بڕیارەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و داواى دەستبەجێ ئازادکردنى دەمیرتاش دڵخۆشم".

سەرۆکى شین فێن داوایکرد، دەمیرتاش و پەرلەمانتارانى تری هەدەپە و هاوسەرۆک شارەوانییەکان لە زیندانى تورکیادا ئازاد بکرێن.

ئەوەشى نووسیوە "سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ٤ی تشرینى دووەمی ٢٠١٦ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦) بەشێوەیەکى نایاسایى لەگەڵ ١٢ پەرلەمانتاری تردا، کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون دەستگیرکرا. لەبەر ئەوەى ئەو لایەنگری ئاشتی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوو دەستگیرکرا. ٥٨ هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپە، ١٠ پەلەمانتاریان و زیاتر لە ٥ هەزار ئەندامیان زیندانیکراون.

دانیشتنى داهاتوو بۆ دادگایکردنى دەمیرتاش رۆژانی ١٢ تاوەکو ١٥ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨یە . ئێمە وەک شین فێن رایدەگەیەنین، ئێمە لە پاڵ دەمیرتاشداین و پشتوانیى لێدەکەین. لە پاڵ هەموو نوێنەرانى هەدەپەداین کە دەوڵەتى دەسەڵات سەپێنى تورکیا زوڵمیان بەرامبەر ئەنجام دەدات.

ئێمە داوا دەکەین دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد بکرێت و هەموو زیندانیانى سیاسیى هەدەپە ئازاد بکرێن".

ر.م