شەپۆلی کۆمەڵایەتى؛ راپەڕینى ٦ تاوەکو ٨ی تشرینى یەکەم لە باکوور بۆ کۆبانێ

چوار ساڵ پێش ئێستا شەپۆلێکى کۆمەڵایەتى دەستیپێکرد، کە چارەنووسی سەرتاسەری هەرێمەکەى گۆڕی. شارێکى بچووک وایکرد، کە دەیان شار راپەڕن. ئەوەش بناغەى رژێمێکى هەژاند. ئەو بەرخۆدانە لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتى دەنگیدایەوە و سەرکەوت.

چوار ساڵ لەوە پێش سەرنجی هەموو کەسێک لەسەر کۆبانێ بوو. هەندێکیش لە خەون و خەیاڵدا بوون و بۆ کەوتنى کۆبانێ هەموو تواناکانى خۆیان خستبووە کار. چەتەکانی خۆیان خستبووە جوڵە و چاوەڕێى کەوتنى ئەو شارە بوون. بەبێ ئەوەى شەرم بکات لە بەرامبەر کامێراکاندا بە دڵخۆشی پێدەکەنی و زۆر بە دڵنیاییەوە دەیوت، کۆبانێ دەکەوێت. ئەو کەسە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بوو.

ئەردۆغان زۆر دڵنیابوو لە کەوتنی کۆبانێ

چەتەکانى داعش و ئەردۆغان لە خەون و خەیاڵی خەلافەتدا بوون. چەتەکانى داعش کە لە حوزەیرانى ٢٠١٤دا لە موسڵ خۆیان دەرخست و بۆ کوشتار و سڕینەوەى شەنگال هێرشیان کردە سەر ئەو شارە. لەو بڕوایەدابوون کە ئیتر هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەریاندا رابوەستێت. ئەو دڕندەییە بە دڵی ئەردۆغان بوو. لایەنگرەکانیش چەپەڵەیان بۆ لێدەدا. هەر وەک ئەوەى سوپاى خۆیان دەستى بەو هێرشانە کردبێت دەستیان کرد بە ئەنجامدانى چەندین خۆپیشاندان و ئاهەنگی خۆشییان دەگێڕا.

ئەو رۆژە دەستیپێکرد. رژێمی تورکیا ئیتر لە ئەنجامەکان دڵنیابوو. ئەردۆغان سەرەتا دەستیپێکرد و رۆژی ٥ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٤دا رایگەیاند، پەیەدە "تیرۆریستە". دواى دوو رۆژ لە ٧ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٤دا ئەردۆغان وتی "ئەوە کۆبانێ دەکەوێت و تۆزێکى ماوە بکەوێت" و بەو شێوەیە لایەنگرەکانى خۆی هاندا و دنەى دەدان و دڵخۆشی دەکردن. بە ئاشکرا ئەوەى رادەگەیاند، کە دڵخۆشە بەوەى شارێک بە هەموو دانیشتوانەکەیەوە رادەستى دڕندەیى و بەربەرێت کردووە. سنووریشی داخستبوو و نەیدەهێشت کەس هانای ئەو شارەوە بچێت. چەتەکانى داعش-یش بە هاوکاریى یەکەکانى سوپا و دەوڵەتی تورکیا لە سنوور دەپەڕێندرانەوە. هەفتەیەک پێش ڕاپەڕینى ٦-٨ تشرینى یەکەمی ٢٠١٤ لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵێکدا ئەوە دەبینرا، کە گروپێک لە چەتەکانی داعش لە سنوور دەپەڕنەوە و دەچن بۆ گردی زۆرئاوی کۆبانێ. ئەوە بە بەرچاوى سەربازانى تورکیاوە روویاندەدا. دواتریش لەسەر هاوکاریى دەوڵەتى تورک و داعش چەندین بەڵگە، شاهیدحاڵ، ڤیدیۆ و دانپیادانان خرانەڕوو و بڵاوکرانەوە.

ئیتر گەل سەبری نەما و شارەکان بوون بە پارچەیەک لە ئاگر

لەو کاتەدا کە ئەردۆغان چاوەڕێی کەوتنى کۆبانێ بوو، بۆ یەکەمجار چەتەکانى داعش خۆیان گەیاندبووە ناو گەڕەکەکان و دەورووبەری کۆبانێ.

ئەو لێدوانەى ئەردۆغان کە وتی "ئەوە کۆبانێ دەکەوێت" بۆ کوردان بووە دوا قسە و ئیتر سەبری کوردان نەما. کورد و دۆستەکانی لە هەموو ناوچەکانیاندا رژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان و جموجوڵی جەماوەری کرد. پیشتر دۆخێکى لەو شێوەیە نەبینرابوو و چاوەڕێشیان نەدەکرد. لە هەموو شوێنێکدا چالاکی ئەنجام دەدران. هێزەکانى دەوڵەت و گروپە نەژادپەرستە میلیشیاییەکانى سەر بە دەوڵەتیش لە هەموو شوێنێکدا هێرشیان دەکردە سەر خۆپیشاندەران، بەڵام نەیاندەتوانى پیش لە راپەڕینى گەل بگرن.

لەو ٣ رۆژەدا لە نزیکەى ٤٠ شاردا گەل راپەڕیبوو. هەموو دامودەزگا فەرمییەکانى رژێم لەلایەن گەلەوە کرابوونە ئامانج. لە بەرامبەردا رژێم هاووڵاتییانى مەدەنیى کردبووە ئامانج. بەپێى راپۆرتى کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لە رۆژی ٧ تاوەکو ١٢ تشرینى یەکەم، ٤٦ کەس کوژران، ٦٨٢ کەس برینداربوون و ٣٢٣ کەس زیندانیکران. بەپێى راپۆرتی فەرمیى دەوڵەتیش، لەو ماوەیەدا زیان بە هەزار و ١١٣ بینا گەیشتوون، کە ٢٥ بینایان بینای قائیمقامیەت و ٦٧ بینایان بینای بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایش بوون. ئیتر شارەکان بوو بوون بە پارچەیەک لە ئاگر.

چارەنووسی کۆبانێ گۆڕدرا

راپەڕین ترسێکى گەورەى خستە دڵی رژێمى تورکیا. ئەو راپەڕینە بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ بووە جەژن و ئاهەنگێک. رژێمى ئاکەپە رێگاى نەدەدا رێڕەوێک بۆ کۆبانێ بکرێتەوە و هەموو هاوکارییەکانی بۆ کۆبانێ، لەسەر سنوور راگرتبوو. دواى راپەرینى ٦-٨ی تشرینى یەکەم بەرخۆدان بەهێزتر بوو. کۆبانێ نەکەوت. بەرخۆدانی کۆبانێ سەرەتا کاتژمێر، دواتر رۆژ و دواتر هەفتەى تێپەڕاند. ئەوانەى چاوەڕێی کەوتن بوون، چاوەڕوانییەکەیان تاوەکو دەهات پوچ دەبوویەوە. هەتا بەرخۆدان زیاتر و بەهێزتر دەبوو، کاریگەرییەکانیشی لەسەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتى زیاتر دەبوون. کورد و دۆستەکانى لە سەرتاسەری جیهاندا رژابوونە سەر شەقامەکان. رۆژی ١٩ی تشرینى یەکەم و بۆ یەکەمجار هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى ناچار بوون لە ئاسمانەوە ٢٧ کۆنتێنەر چەک و تەقەمەنی و پێداویستیى پزیشکى بۆ کۆبانێ بەربدەنەوە.

بەرخۆدانى کۆبانێ رێگای بۆ راپەڕینى ٦-٨ی تشرینى یەکەم کردەوە و ئەو راپەڕینەش چارەنووسی کۆبانێى گۆڕی. سەرکەوتنى بەرخۆدانى کۆبانێ کاریگەریى لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتى کرد. چارەنووسی هەرێمەکەى گۆڕی. چەتەکانى داعش بۆ یەکەمجار لە کۆبانێ تێکشکێنران.

دەوڵەتى تورکیا لە دواى تێکشکاندنەکە...

حساباتەکانیان تێکچوون، بەڵام سەرباری ئەوەش دواى ئەوەى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى داعش پێکەوە تێکشکان، پلانی تریان بۆ داگیرکردن و کۆمەڵکوژیى نوێ دانا.

دەوڵەتى تورکیا سەرەتا چاوپێکەوتنەکنى ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بڕی. لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ بە دواوە ئتیر پەیوەندییەکانى ئۆجالانى لەگەڵ دونیاى دەرەوەدا بڕی. دواتر لە چوارچێوەى "پلانى تێکشکاندن" دا دەستیکرد بە ئەنجامدانى سیناریۆکانى بۆ کۆمەڵکوژی. لە جزیر، شرنەخ، نسێبین و سوور سەدان هاووڵاتیی کوشت و بە تۆپبارانکردن و بۆردومانى ئاسمانی چەندین گەڕەکى ئەو شارانەى خاپوور کرد. لە ژێرزەمینەکان و بیناکاندا سەدان مرۆڤی بە زیندوویى سوتاند. دەوڵەتى تورکیا ئەو دڕندەییەى کردبووە پاساوی مان و نەمانی خۆی. هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپەى دەستگیرکرد. سیاسەتەکانى رژێم گومانێکى زۆری لەسەر ئەنجامدانى کودەتایەک دروستکردبوو. ئەردۆغان خۆی بۆ کودەتاکە وتی "خێری خودایە" و بۆ ئەوەى فاشیزم هەمیشەیى بکات هەموو هێز و توانانى خۆی خستەکار. بە شێوەیەکى زۆر قورس و چڕوپڕ دەستیکرد بە زۆرداری و ئەنجامدانى زوڵم. مانەوەى رژێمەکەى بەستەوە بە ئەنجامدانی گوشار، شەڕ، توندوتیژی و تیرۆرکردنەوە.   

داگیرکەری

رژێمەکەى ئاکەپە لە بەردەوامیى سیاسەتە شەڕانگێزانەکانیدا لە رۆژی ٢٠ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دا دەستیکرد بە هێرشە داگیرکەرییەکەى بۆ سەر عەفرین. رۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ ناوەندی شاری عەفرینى داگیرکرد. لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکاندا بەشێوەى بەرنامە بۆ داڕێژراو تاوانى جەنگ و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتیى ئەنجامدا و دیمۆگرافیاى هەرێمەکەى گۆڕی. دانیشتوانى ناوچەکەى بە زۆرى زۆرداری دەرکرد و چەتەکانی لە شوێنەکانیاندا نیشتەجێ کرد. لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هەموو رۆژێک بەردەوامە لە کوشتنی هاووڵاتیان، تاڵانکردن، ئەشکەنجەکردن، دەستدرێژی و پەلاماردانی هاووڵاتییان.

سەرباری ئەوەش رۆحی راپەڕینەکەى ٤ ساڵ لەوە پیش کاریگەریى تەواوی خۆی بەجێهێشتووە. رژێم کە بە زۆر و زۆرداری و لە رێگەى توندوتیژی و سەرکوتەوە کۆنترۆڵی دۆخەکەى خستووەتە دەستى خۆی، ئێستاش لە ترس و نیگەرانییەکی زۆردایە. بۆ ئەوەى هێزە خۆڕاگرەکانى کۆمەڵگە بسڕیتەوە و بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشیان دەکاتە سەر. ئەوەش لە کاتێکدایە هەر راپەڕینەکەى ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە روویدا. ئەوەى سەبری لە کۆمەڵگەى بڕی، ڤیدیۆیەک و لێدوانێک بوو.  

ر.م