عادل عەبدولمەهدی: جوڵە و کاری هێزی بیانی لە ناو خاکی عێراق دا قەدەغەیە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: قەدەغەیە هێچ هێزیکی دەرەکی بەبێ رێککەوتنى پێشوەختە لە ناو خاکی عێراق دا بێت. بڵاوکردنەوەى ئەو راگەیاندراوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کاتێکدایە سوپای تورکیا ڕۆژانە سنوورەکانی عێراق دەبەزێنێت.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێکى فەرمی، ٤ خاڵی گرنگی خستەڕوو و ڕایگەیاند،  بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ عێراق دا جوڵە و کاری هەموو هێزیکی دەرەکی لە ناو خاکی عێراق دا قەدەغەیە.

خاڵەکانی ڕاگەیاندراوەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبارەى هێزی بیانى لە خاکی عێراق دا:

١- قەدەغەیە هیچ هێزێکی بیانی بەبێ رێککەوتنى پێشوەختە، جوڵە و کار لە ناو خاکی عیراق بکات.

٢- قەدەغەیە هەر دەوڵەتێکی هەرێمی یاخود بیانی لە ناو خاکی عێراق چالاکیی هەبێت دژی هەر لایەنێک، نابێت (دەوڵەتە هەرێمی و بیانییەکان) هیچ پێگەیەکان بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق هەبێت.

٣- دروستکردنی هەر هێزیکی  چەکدار قەدەغەیە، کە لە ژێر فەرماندەیی  هێزە چەکدارەکانی عیراقدا نەبێت.

٤- قەدەغەیە هەر هێزیک کە لە ناو حکومەتی عیراقدا بێت چالاکیی چەکداریی هەبێت بەبێ ئاگایی و کۆنترۆڵکردنی هێزی عێراقی.

ئەو راگەیاندراوەى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کاتێکدایە، بەردەوام دەوڵەتی تورکیا سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشل دەکات و سنوورەکان دەبەزێنیت و لە رێ فڕۆکە و کۆپتەر و تۆپخانەوە گوندەکان بۆردوومان دەکات.

 جگە لەوانەش تورکیا چەند ناوچەیەکى گرنگی لە باشووری کوردستان داگیر کردووە و چەندین بنکەى سەربازیى لە خاکی باشووری کوردستاندا دروستکردووە.

هەروەها دەوڵەت و سوپای تورکیا لە رێی هێزیکی هەرێمییەوە هەوڵی دروستکردنى گروپی چەکداری سەر بە تورکیا لەو ناوچانەدا دەدات و هێزێکى زۆری لە سەرباز و سیخوڕەکانی بە ناوچەکەدا بڵاوە پێکردووە.

تاوەکو ئێستا پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، چەندین لایەن، کەسایەتى و رێکخراوی مەدەنی لە باشووری کوردستان و عێراق داوایانکردووە هێزەکانى تورکیا لە خاکى باشووری کوردستان بچنە دەرەوە و بنکە و بارەگاکانیان دابخەن. چەندین هەڵمەتیش لە دژی هێرش و کوشتارەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوون.

بە هۆی ئەو کوشتارەى هێزەکانى سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدەن، چەندین جار ناڕەزایەتی و توڕەیی هاووڵاتییان لە دژی هێزەکانى سوپای تورکیا روویانداوە، کە دیارترین توڕەیى هاووڵاتییانی ناوچەکانى شیلادزێ و دێرەلوک بوو لە دژی بنکە سەربازییەکانى سوپای تورک و چوونە سەر بنکەى سوپای تورکیا لە شیلادزێ و ئاگریان تێبەردا و سەربازەکانى سوپای تورکیایان دەرکرد.

ر.م