عومەر ئۆجالان: گۆشەگیری بە چاوپێکەوتنێکى نیو کاتژمێرى کۆتایى پێنایەت

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، گۆشەگیری بە چاوپێکەوتنێکى نیو کاتژمێری کۆتایى پێنایەت و داوایکرد، خاوەنداری لە چالاکوانانى مانگرتوو بکرێت، کە لە ئێستادا لەیلا گیوڤەن لە ٧١هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدایە.

زەینەب کورای – ئیسەنبول

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى چاوپێکەوتنى محەمەد ئۆجالان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، بۆ ئەوەى ئۆجالان هێڵی سیاسەتى سەدەى ٢١ دانەڕێژێت دەوڵەتى تورک لە مافەکانى بێبەشی کردووە و بەشێوەیەکى میزاجی گۆشەگیری و دابڕاندنى بەسەردا سەپاندووە.

عومەر ئۆجالان راشیگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە رێگاى پێنەدراوە چاوی بە پارێزەرەکانى بکەوێت و هەروەها لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانانەوە رێگا بە بنەماڵەکەى نەدراوە بچن بۆ سەردانى و چاویان پێى بکەوێت.

عومەر ئۆجالان باسی ئەوەیکرد، پێویستە ئەو مافانە، کە لە دەستووری بنەڕەتیدا بوونیان هەیە بۆ هەموان جێبەجێ بکرێت و وتى "نزیکەى ٢٠ ساڵە گەمارۆیەکى تایبەت لە دژی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەرێوەدەبرێت. ئۆجالان بە کەسایەتییە سیاسییەکەى کاریگەرییەکى گەورەی لەسەر تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە. سەرکردەیەکە، کە لە ناو گەلی کورددا پێگەى تایبەتى خۆی هەیە. گۆشەگیرکردنى  گۆشەگیرکردنى گەلە. ٢٠ ساڵە بە پاساوی جۆراوجۆر لە مافەکانى نامەناردن، تەلەفونکردن، چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەى بێبەش کراوە. راستییەکەى ئەوەیە، بۆ ئەوەى ئۆجالان هێڵی سیاسەتى سەدەی ٢١ دەستنیشان نەکات لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لە مافەکانى بێبەش دەکرێت و بەشێوەیەکى میزاجی گۆشەگیرى و دابڕاندنى بەسەردا دەسەپێنرێت".

"تاوەکو دەوڵەت زۆردارتر بێت، گۆشەگیریش قورستر دەبێت"

عومەر ئۆجالان ئاماژەى بەوەکرد، بەهۆی گوشار و زۆرداری و ملهوڕیى قورس و چڕی ئەم ساڵانەى دواییەوە، گۆشەگیریى سەر ئیمراڵیش قورستر و چڕترکراوەتەوە. گۆشەگیرییەکە بە چاوپێکەوتنەکەى ئەمدواییە کۆتایى پێنەهاتووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە گۆشەگیری بە چڕی و قورسی بەردەوامە.

عومەر ئۆجالان ئاماژەى بەوەشکرد، لەیلا گیوڤەن ٧١ رۆژە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری لە مانگرتنی بێسنووردایە. گیوڤەن پەرلەمانتارێکە، کە بە ژمارەیەک دەنگی پێوانەیى لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە. وتیشی "داواکانى چالاکییەکانى مانگرتن زۆر روون و ئاشکران. لە ناو داواکانى مانگرتووەکاندا هاتووە، دەوڵەت ناتوانێت بەپێى میزاجی خۆی رێگری لە چاوپێکەوتنەکان بکات. دەوڵەت بە چاوپێکەوتنێکى نیو کاتژمێری ناتوانێت بابەتى گۆشەگیری و رێگرییەکان بشارێتەوە. رەنگە دەوڵەت بەپێى تێگەیشتنى خۆی هەنگاوێکى نابێت، بەڵام ئەوە بە مانای کۆتایهاتن بە گۆشەگیری نییە".

"باری تەندروستیى ئۆجالان باشە"

عومەر ئۆجالان باسی ئەوەشیکرد، هەر دواى ئەنجامدانى چاوپێکەوتنەکە ئەژمارەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاک کراوە (ئەژماری عومەر ئۆجالان) و ئەوەش کارێکى سەرنجڕاکێش و مانادار و تێکدەرانە بوو. راشیگەیاند، باری تەندروستیى عەبدوڵا ئۆجالان باشە، بەڵام ئاگاداری ناوەرۆکى چاوپێکەوتنەکە نییە.

ئەوەشى خستەڕوو، دەوڵەت بە کردەى دژە دیموکراتیکییانە و بە نزیکایەتیى پەراوێزخستنى سیاسەتى دیموکراتیک ناتوانێت ئەنجام بە دەست بهێنێت. دەبێت لە تورکیا کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن. کۆمەڵگەى تورکیا ئێستا بە تەواوی گۆشەگیرکراوە و کەس ناتوانێت بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو، گەمارۆیەکى گەورە خراوەتە سەر میدیاکان و رێگا نادرێت دەنگ و رەنگە جیاوازەکان لە میدیاکانەوە بڵاوبکرێنەوە.

"کێشەکە داهاتووی وڵات و برایەتیى گەلانە"

عومەر ئۆجالان ئەوەشی وت "دەبێت بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیری و مانگرتنەکان کۆتاییان پێبێت و پێویستە ئێمە خاوەنداری لەو بەرخودانە و پەیام و مانا هێژاکانى بکەین، چونکە بابەتەکە داهاتووی وڵات و برایەتیى گەلانە. ئەگەر دۆخێکى نەخوازراو لە زیندانەکان روو بدات، ئەوە زیان بە برایەتیى گەلان دەگەیەنێت و رێگا بۆ توڕەیى و بێزاری دەکاتەوە".

عومەر ئۆجالان لە کۆتایى قسەکانیدا داوایکرد، دەبێت بە خێرایى پرۆسەى دیموکراتیک دەستپێبکات و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

ر.م