فەرەنسا بۆ رازیکردنى ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکى کوردی زیندانیکرد

پێش ئەوەى ئەردۆغان بە سەردانێک بگاتە پاریس، دادگای فەرەنسا لە نزیک نیوە شەودا و بۆ دڵخۆشکردنى ئەردۆغان بڕیاری زیندانیکردنی بەسەر سیاسەتمەدارێکى کورد دا بە ناوی ئەحمەد کایا، سەپاند.

ئەحمەد کایا سیاسەتمەداری کورد رۆژی پێنجشەممە لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیرکرابوو و رۆژی هەینى بردبویانە دادگا و لە دادگا سەردانەکانى بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا و تورکیا کراونەتە تۆمەت و لە دژی بەکارهێنرا.

بە پاساوی تۆمەتى بێ بنەما بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرد

تۆمەتی ساختەکردنی واژۆیەک بەسەر ئەحمەد کایادا سەپێنرا. سەرباری ئەوەى خاوەنی ئیمزاکە بە دادگای راگەیاندووە، ئەو بۆ خۆی ئیمزاکەى کردووە، بەڵام هەر دادگا واژۆکەی کردە بەڵگەى ساختەکاری و لە دژی ئەحمەد کایا بەکاریهێنا. تۆمەتێکى تر کە بەسەر ئەحمەد کایادا سەپێنراوە ئەوەیە، کە گوایە ئەحمەد کایا هەموو هاوینێک دەچێت بۆ بۆدروم بۆ لاى ژن و منداڵەکەى، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەحمەد کایا هاوژین و منداڵی نییە. لەسەر ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بڕیارى زیندانیکردنیان بۆ دەرکرد و رەوانەى زیندانیان کرد.

کایا لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە فەرەنسا مافی پەنابەریى سیاسیی وەرگرتووە و پێشتریش چەندین ساڵ لە تورکیا زیندانی بووە. ئێستاش ناوی لە لیستى ئەو کەسانەدایە، کە دەوڵەتى تورکیا بە دوایاندا دەگەڕێت و دەیەوێت دووبارە بیانگرێتەوە و زیندانییان بکاتەوە.

کایا هەر لەبەر ئەو هۆکارانە لە ساڵی ٢٠١١دا و لەبەر ئەوەى خاوەنی ناسنامەى سیاسیى تایبەت بە خۆیەتى لە فەرەنسا دەستگیر و دادگایى کرابوو. ساڵ تێپەڕی لە ئەنجامدا دادگا تاوانى تیرۆری خستە پاڵ ئەحمەد کایا.

کایا ماوەی ١٠ ساڵە لەلایەن دادگای فەرەنساوە چاودێری دەکرێت، بەڵام مافی ئەوەى هەیە بەبێ پاسپۆرت لە فەرەنسا بچێتە دەرەوە و سەردانى وڵاتانى تر بکات.

هەروەها کایا هەموو مانگێک ئیمزایەک بۆ دادگا و پۆلیسی فەرەنسا دەکات. کاتێک رۆژی پێنجشەممەى رابردوو ٨ی نۆڤەمبەر (تشرینى دووەم)ی ٢٠١٨ بۆ ئیمزای مانگانە چوو بوو بۆ بنکەى دادگا و پۆلیس، دەستگیرکرابوو. رۆژی هەینى و لە دەورووبەر کاتژمێر ١٠ی شەودا لەلایەن دادگاوە بڕیارى زیندانیکردنى بۆ دەرکرا. چاوەڕێ دەکرێت رۆژی ٢٠ی نۆڤەمبەر (تشرینى دووەم) جارێکیتر دانیشتنى دادگا بۆ دووبارە دادگایکردنەوەى ئەحمەد کایا بەڕێوەبچێت.

پێش سەردانەکەى ئەردۆغان زیندانیان کرد

زیندانیکردنى ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ فەرەنسا، کە بە بۆنەی ساڵیادی کۆتایهاتن بە جەنگی جیهانیى یەکەمەوە سەردانى پاریس دەکات، بووەتە جێگاى سەرنج.

هەروەها زیندانیکردنى ئەو سیاسەتمەدارەى کورد لە دواى قەدەغەکردنى چالاکییەکان بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و داوای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و هێرشی پۆلیسی فەرەنسا بۆ سەر خۆپیشاندەران، ئەوەندەی تر گومانی لەبارەى ئەو زیندانیکردنەوە دروستکردووە.

ماوەیەک لەوە پێش، حکومەتى ئەڵمانیا بە بۆنەى سەردانى ئەردۆغان بۆ ئەو وڵاتە، ٢٦هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیى چاندی کوردی لە کورد قەدەغەکردبوو. رێگریشی لە چەندین چالاکی و کاری ناوەندە مەدەنی و رۆشنبیرییەکانى کورد کردبوو.

ئێستاش فەرەنسا پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بە رێگا نەدان بە ئەنجامدانی چالاکى بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هێرشکردنە سەر چالاکوانانی کورد و زیندانیکردنى سیاسەتمەدارانى کورد، هەمان سیاسەتى ئەڵمانیا بۆ رازیکردنى ئەردۆغان و وەرگرتنى باج لە حکومەتى ئەنقەرە لەسەر حسابی کورد بە بیری مرۆڤدا دەهێنێتەوە.

ر.م