له‌گه‌ڵ بایه‌كی وشك ده‌گه‌ڕێینه‌وه ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان. ئه‌م هه‌فته‌یه بووینه میوانی ڕێزدار قاسم ئه‌نگین. لێمان پرسی كه چۆن په‌كه‌كه‌ی ناسیوه. گوتی: «ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم، مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٩٠ بوو. ئه‌و كاته‌ی له لوبنانه‌وه چووینه دۆڵی بیقاع بۆ یه‌كه‌م جار ڕێبه‌رایه‌تیمان بینی. سه‌ره‌تا له مه‌ڕاسیمێكدا بینیم، چونكه ئه‌و كاته گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چواره‌مین كۆنگره ده‌كرا. كاتێك چوومه كه‌مپه‌كه، دوای ١٥ ڕۆژ ڕێبه‌رایه‌تی هات. له كه‌مپه‌كه‌مان نزیكه‌ی ٤٠٠ هه‌ڤاڵ هه‌بوون. ئه‌و كاته‌ی ڕێبه‌رایه‌تی ده‌هات، گه‌وره‌ترین مه‌ڕاسیم ساز ده‌كرا. كاتێك ڕێبه‌رایه‌تی هات، هه‌ندێك له‌هۆش خۆیان چوون. پێشتریش من ئه‌وه‌م بیستبوو، به‌ڵام كاتێك به چاوی خۆم بینیم سه‌رم سووڕما. كاتێك له مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا سڵاومان كرد و ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵ كرد، له‌نزیكه‌وه بینیم كه چه‌نده به‌هه‌یبه‌ته، تووشی كهلهجان بووم.»
«به‌ر له‌و دیداره، من ته‌نیا له كتێبه‌كان ده‌رباره‌ی ڕێبه‌رایه‌تی و سۆسیالیزم خوێندبوومه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا تیۆری بوو. دوای ئه‌وه‌ی له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رایه‌تی له كه‌مپ، كاتێك ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنی كرد، ئینجا گوتم [بژی سۆسیالیزم]. ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه كاریگه‌ری زۆری له من كرد. به‌و نموونانه‌ی كه له مێژووی ئێمه ده‌یهێنایه‌وه و به ئه‌زموونی خۆی كه ده‌یگێڕایه‌وه، به‌باشی تێگه‌یشتم كه بۆچی ڕیال سۆسیالیزم هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.»
وه‌ڵامه‌كان بۆ په‌یامنێرێكی ئه‌ڵمانی
قاسم ئه‌نگین كه به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌كادیمیای مه‌عسووم كۆركماز-ی وه‌بیردێنه‌وه، زیاتر باسی له پڕۆسه‌ی دۆڵی بیقاع كرد. گوتی: «جارێكیان، كاتێك له كه‌مپ بووین په‌یامنێرێكی ئه‌ڵمانی هاتبوو. توركی نه‌ده‌زانی. له‌وانه‌یه ئه‌و كاته به‌زانابوون نێردرابێت و ئێمه نه‌مانزانیبێت. ده‌هاته ئه‌كادیمیای مه‌عسووم كۆركماز و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌كرد. ڕۆژێك له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رایه‌تیمان هاته فێرگه. كاتێك ڕێبه‌رایه‌تی ده‌ستی به قسه‌كانی كرد، به په‌یامنێره‌كه‌ی گوت: [ئێوه له به‌رزترین ئاستدا هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه. له مرۆڤایه‌تی دوور ده‌كه‌ونه‌وه. به‌ڵام ئێمه له خوارووی خواره‌وه‌ین. ئێمه له خوارووی خواره‌وه ده‌ستمان پێكرد، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤایه‌تی ده‌ستمان پێكرد.] كه‌وته گفتوگۆیه‌كی فه‌لسه‌فی، ئێمه‌ش به‌شداریمان تێدا كرد. ئه‌و كاته من هه‌ستام و به ئه‌ڵمانی چه‌ند شتێكم باس كرد. گوتم، [سه‌رمایه‌داری مرۆڤ ده‌خاته دۆخێكی وه‌ها كه مرۆڤ له مرۆڤبوون دوورده‌خاته‌وه. له كۆتاییدا ده‌یگه‌یه‌نێته ئاستی خۆكوشتن. من خۆیشم تووشی ئه‌و قه‌یرانه بووم و گه‌یشتمه ئاستی به‌ر له خۆكوشتن.] كاتێك ئه‌مه‌م گوت، ڕێبه‌رایه‌تی سه‌ری سووڕما و گوتی، [به‌ڕاستی؟]. ڕووی كرده‌وه په‌یامنێره‌كه و پێی گوت، [بنواڕه، ئێمه گه‌نجان له خۆكوشتن ڕزگار ده‌كه‌ین.] دواتر ده‌رفه‌ت په‌یدابوو كه ڕێبه‌رایه‌تی بناسم. له‌به‌رئه‌وه‌ی من زمانم ده‌زانی، كاری وه‌رگێڕانم ده‌كرد.»
«ڕێبه‌رایه‌تی زۆر ڕاشكاو بوو، چوونكه به‌خۆباوه‌ڕ بوو»
به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی پێ ببڕین، ڕێزدار قاسم ئه‌نگین به‌رده‌وام بوو له گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی. گوتی: «ڕۆژێك په‌یامنێره‌كه ده‌رباره‌ی كه‌مپه‌كه پرسیاری كرد. منیش گوتم وه‌ها باشتره ڕێبه‌رایه‌تی وه‌ڵام بداته‌وه. هاته لای ڕێبه‌رایه‌تی و گوتی: [له‌م كه‌مپه‌دا زۆر شتی خراپ ڕوویانداوه، ڕاسته؟]. من گوتم له‌وانه‌یه ڕێبه‌رایه‌تی وه‌ڵام نه‌داته‌وه. به‌ڵام هه‌مان كات ڕێبه‌ر ئۆجالان گوتی: [شتی زۆر خراپتر ڕوویانداوه. مرۆڤ ڕفاندن، ئازاردانی هه‌ڤاڵان... به‌ڵام پێتان وایه ئه‌مه هه‌روا ئاسانه. ئێمه لێره هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه مرۆڤ بگۆڕین. ئێمه هه‌ر زوو ئه‌و شتانه‌مان بینین كه ده‌كران و ده‌ستێوه‌ردانمان كرد. باشه، ئێوه چیتان كرد؟ كاتێك ئه‌وان هه‌ڵاتن و هاتنه ئه‌ڵمانیا، ئێوه‌ش ئه‌وانتان له دژی ئێمه به‌كارهێنان. بۆ نموونه، نوسره‌ت ئاسلان. ئێوه شاهیدی به هه‌ڤاڵان ده‌ده‌ن.] به‌هۆی ئه‌م بابه‌ته په‌یامنێره‌كه بابه‌ته‌كه‌ی گۆڕی و گوتی، [نووسینه‌كانت زۆر درێژن، ناخوێندرێنه‌وه.] له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕێبه‌رایه‌تی گوتی: [ئه‌م نووسینانه بۆ ئێوه نین، بۆ گه‌لی كوردن كه چه‌وسێنراونه‌ته‌وه و له ڕاستیی خۆیان دوورخراونه‌ته‌وه. له مێژووی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده شه‌ڕی تایبه‌ت و خراپه‌كاری له دژی گه‌له‌كه‌مان كراوه، من یه‌ك به یه‌ك باسیان ده‌كه‌م و ده‌یاننووسم.] كاتێك وه‌های گوت په‌یامنێره‌كه سه‌ری سووڕما. ڕێبه‌رایه‌تی زۆر ڕاشكاو بوو، چونكه باوه‌ڕبه‌خۆ بوو. چه‌ندین ساڵ من پرسیاری ئه‌وه‌م كرد؛ كاتێك ئێوه ڕه‌خنه له ئێمه ده‌گرن و پرسیار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به دڵی ئێمه نه‌بێت وه‌ڵامی ناده‌ینه‌وه. به‌ڵام ڕێبه‌رایه‌تی وه‌ها نه‌بوو. هه‌موو شتێكی به‌ڕاشكاوی باس ده‌كرد، چونكه باوه‌ڕی به خۆی هه‌بوو. پیشانی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌دا كه چه‌نده هه‌ڵه‌یه.»
s.m