قسەکانی ئەردۆغان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر خۆی و پارتەکەیدا شکایەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٧٤هەمین کۆبونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەیەکی ئالانی بەرزکردەوە و وتی "بە داخەوە جیهان زۆر زوو لە بیری کرد"، بەڵام باسی لەو دایک و منداڵە کوردانە نەکرد، کە لەلایەن چەکدارەکانیەوە دەکرێن ئامانج و دەکوژرێن و زیندانى دەکرێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پاش کۆمەڵکوژ کردنی کوردانی باکوری کوردستان و کۆمەڵکوژدیی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، زۆر بێ شەرمانە لە ٧٤مین کۆبونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دا وێنەیەکی ئالانی تەمەن ٣ ساڵی بەرز کردەوە و "بە بەداخەوە جیهان زۆر زوو لە بیری کرد".

ئەو هەڵوێستەی لەکاتێکدایە، کە نزیکەى ٥ هەزار منداڵی کورد لە باکووری کوردستان لە زیندانەکانى رژێمەکەى ئەردۆغاندان، بەشێکیان راستەوخۆ لەلایەن رژێمەکەى ئەردۆغانەوە زیندانیکراون و بەشێکیشان لەگەڵ دایکیاندا توندی زیندانەکان کراون. ئەردۆغان لە کاتێکدا خۆی وا نیشان دەدات، کە گوایە لە خەمی ئالانەکاندایە، بەڵام هەزاران منداڵ و دایک و باوکی لە کوردستان یەکتر دابڕیوە و شوێنى یاری و ژیان و باخ و رەزی منداڵانى کورد بۆردومان دەکات و تەنانەت دەیانکوژێت.

 ئەو سیناریۆیەى ئەردۆغان لە کاتێکدایە، خۆی و رژێمە فاشیستەکەى لەگەڵ مەهەپەی نەژادپەرست و فاشیست قەیومیان لە جێگای هاوسەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراەکانى گەلی کوردستان داسەپاندووە و هیچ ڕێزێکی بۆ یاسا، ماف، مرۆڤایەتی دانەناوە.

جگە لەوانەش ئەردۆغان و رژێمەکەى تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی داعش و بەرەی نوسرە و گروپە چەتە تیرۆریستییەکان و دەستی هەیە لە کۆمەڵکوژ کردنی هەزاران منداڵ، ژن و پیر دا. هەر لەو کۆبونەیەدا بێشەرمانە هەڕەشەى لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا کرد، کە خاک و زێدی ئالان و هاوڕێ و هاوزمان و هاونیشتمانییەکانى ئالانە و ئەوێی بە هەڕەشە بۆ سەر رژێمەکەى و وڵاتەکەى لێکدەدایەوە!.

ئەردۆغان هاوکات هێرشی کردە سەر بنیامین نیتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆمەتباری کرد بە داگیرکردنی خاکی فەڵەستین. بنیامین نیتانیاهو پاش کاتژمێرێک وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی بە تویتێک دایەوە و ڕایگەیاند: "ئەو کەسەی لە درۆکرن ناوەستێت لە بارەی ئیسرائیلەوە کوردەکان لە ناو خاکی خۆیدا کۆمەڵکوژ دەکات و کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان ڕەتدەکاتەوە. ئێستا بۆی نییە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل".

ئەردۆغان خۆی گەیاندووەتە ئاستێک، کە دەبێت هەموو رۆژێک لێدوان و روونکردنەوە بدات و لێدوانە چەواشەکارانەکانی بوونەتە هۆی ئەوە، کە زۆر کەس لە زۆر شوێنی دونیا وەڵامی دەدەنەوە.

 بۆیە لە ئێستادا چیتر ناتوانێ ڕۆڵی ئەو حەکیمە بگێڕێت، کە لە خەمی مناڵێکدایە یاخود لە خەمی کۆمەڵگاکەیدایە. ئەردۆغان لە ئێستادا تەنانەت ناتوانێت فریای پارتەکەی خۆی بکەوێت، کە ڕۆژانە ئەندامە باڵا و ئاساییەکانى لێى جیادەبنەوە و لە دژی دەوەستنەوە. بەهۆی داسەپاندنى شەڕ بەسەر کوردستاندا و داگیرکەرییەکانى لە باکوور و رۆژئاوا و باشووری کوردستان و تێچوویەکى زۆر بۆ ئەو شەڕە و کڕینى بەردەوامی چەک بووەتە هۆی ئەوەى دەوڵەتەکەى رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر بەرەو داڕزان بڕوات، بۆیە باشترە بۆی لە جێی قسەی بریقەدار بیرێک لە دۆخی، ئەمنی، سیاسی، ئابووری، سەربازی و حیزبەکەى بکاتەوە!.

ژ.ت