قوربانیەکی کوشتنەکەى پاڵمە: دەبێت سوید داواى لێبوردن بکات

کاتێک کوژرانی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید خرایە ئەستۆی پەکەکە و کورد، خالیس ئیکینجی سۆی بە تۆمەتی ئەو کوشتنە دەستگیرکرا و چەندین ساڵ خستیانە ژێر گوشار. خالیس ئیکینجی سۆی وتی، چاوەڕێی ئەوەیە سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات.

کاتێک کوژرانی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید خرایە ئەستۆی پەکەکە و کورد، خالیس ئیکینجی سۆی بە تۆمەتی ئەو کوشتنە دەستگیرکرا و چەندین ساڵ خستیانە ژێر گوشار. خالیس ئیکینجی سۆی وتی، چاوەڕێی ئەوەیە سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات.

خالیس ئیکینجی سۆی لە ساڵی ١٩٨٠ەوە لە سوید دەژی و وتی، لە سوید دەزگایەکی وەک گلادیۆ ئۆلاف پاڵمە-یی دۆستی کوردی کوشت. بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتیی ئەو کوشتنە بخەنە ئەستۆی کورد زۆر کار و گوشار و کردەیان ئەنجامدا. لەبەر ئەوەى ئۆلاف پاڵمە پشتیوانیی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم وەک ڤێتنام، فەلەستین، ئانگۆلا، ئەفریقای باشوور و گەلانی چەوساوە و... هتد دەکرد، پاشکەوتوخوازەکان و ئیمیپریالیستەکانی بێزارکردبوو و بە زۆر و پیلانگێڕی ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٤دا پەکەکەی وەک تیرۆریست راگەیاند و دواتر پاڵمە کوژرا و ئەو کوشتنەیان خستە ئەستۆی پەکەکە و بەوەش دەیانخواست بکوژە راستەقینەکان بشارنەوە.

ئیکینجی سۆی رایگەیاند، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی کورد و پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستیپێکردووە و وتی "کاتێک پاڵمە کوژرا، هەڵوێستی میدیای سوید لە هەڵوێستی میدیای ئێستای ئەردۆغان جیاوازتر نەبوو، هەموویان پێکەوە پەکەکە و کوردیان تاوانبار دەکرد".

بۆ ماوەى ٩ ساڵ گوێیان لە هەموو قسە و پەیوەندییەکانمان گرت

ئیکینجی سۆی راشیگەیاند، ناچارکران هەموو هەفتەیەک ٣ رۆژ بڕۆن بۆ بنکەى پۆلیس و خۆیان بە پۆلیس نیشان بدەن و وتیشی "ئەو مایکرۆفۆنانەى لە پاریس بە تایبەتی بۆ کاری دیپلۆماتەکان هێنابویان بە زۆرێک لە پۆلیسەکانى ئاسایش (ساپۆ) و سی ئای ئەی درابوو و ئەوانیش لە ناو ماڵەکانى ئێمەدا دایان نابوون و گوێیان لە قسەکانمان دەگرت. ئەو کاتە سوید تەکنەلۆژیای گوێگرتنی لەو شێوەیەى نەبوو. دواى ئەوەى هەموو شتێک روون بوویەوە و شتەکان ئاشکرا بوون، ساپۆ ناچار بوو ئەو کارانە قبوڵ بکات، کە بەرامبەر بە ئێمە ئەنجامی دابوون.

ئیکینجی سۆی باسی ئەوەیکرد لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بۆ ماوەى ٩ ساڵ گوێیان لە هەموو قسەکانی ناو ماڵەکانمان دەگرت و وتی "دواى ئەوەی، ئەوە ئاشکرا بوو، کە گوێ لە هەموو قسەکانمان دەگرن و مایکرۆفۆنیان لە ماڵەکانماندا داناوە، ئەو ئاشکرابوونە بۆ حیزبی کرێکاری سۆسیال دیموکرات بووە ئابڕوچوون. لەو کاتەشدا مافی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتیان لێ زەوتکردبووین. رێک ساڵێک پێش ئەو ئابڕووچوونە پاڵمە کوژرا و هەوڵیاندا کوشتنەکەى بخەنە ئەستۆی کورد".

پیلانگێڕییان لە کورد کرد

ئیکینجی سۆی ئاماژەى بەوەکرد، یارمەتی و پشتیوانیی ئۆلاف پاڵمە بۆ کوردان لەلایەن میدیای سویدەوە دەشاردرایەوە و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "پیلانگێڕیکردن لە دژی کورد ئاشکرا و روون بوو. میدیای سوید بە بەردەوامی ٢ رووداوی ناخۆش، کە لە سوید روویاندابوو دەخستە بەرباس و پەکەکەیان بە گروپێکى تیرۆریستی تاوانبار دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا ئەوانەى کە پێشتر لە ناو پەکەکەدا بوون و چوونە لایەنى دژبەری پەکەکە، لە دژی پەکەکە بۆ ساپۆ قسەیان کردبوو.

بە سیاسەتەکانى دەوڵەت پەکەکەیان کردە ئامانج. لەو کاتەدا وەزیری کۆچبەران ئانیتا گرادین لە راپۆرتێکدا وتبووی، لە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندڕەوانی وەک پەکەکەیان لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە و پاکتاویان کردوون، بۆیە لە ماوەى چەند ساڵیشدا هەمان شت بەسەر پەکەکەشدا دەهێنن. بە بڕوای من ئەو ئەرکە بە ناتۆ درابوو، کە پەکەکە بێکاریگەر و پاکتاو بکات و لەبەر یەکی هەڵوەشێنێت".

خواستیان بمانکەن بە سیخوڕ

ئیکینجی سۆی باسی ئەوەشیکرد، ساپۆ خواستویەتی خۆی و هەڤاڵەکانی تری، کە دەستگیرکرابوون بکات بە سیخوڕ و وتی "دەیانوت ئێمە لە دژی کورد نین، بەڵکو لە دژی پەکەکەین. وتیان، ئەگەر ئێوە لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە بدەن هەموو جۆرە هاوکارییەکمان پێشکەش دەکەن. دەشیانوت، باڵیۆزخانەى تورکیاش هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەکتان بۆ دەکات. لەو کاتەدا پاسپۆرتەکانیان زەوتکردبووین و مافی نیشتەجێبوونیان لێسەندبویینەوە".

ئیکینجی سۆی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ماوەى ٩ ساڵ هەر هەفتەیەک ٣ رۆژ دەبوایە بڕۆیشتنایە بۆ بنکەى پۆلیس و خۆیان بە پۆلیس نیشان بدایە. ئەوەشیان لێ قەدەغە کرابوو لە سنووری شارەوانییەکە بچنە دەرەوە و کاتێکیش بە هەڵە بچوینایەتە دەرەوە دووبارە دەستگیر دەکراینەوە و لەسەر ئەوەش چەند مانگ دادگایی دەکراین. گوشاری شەڕی دەروونیمان خرابووە سەر و شەڕی دەرونییان لە دژ دەکردین، بەبێ هۆکار و بە بەردەوامی لەلایەن پۆلیسی دەمامکدارەوە و بە چەکی لولە درێژ هێرش دەکرایە سەر ئەو شوێنانەى تیایدا دەماینەوە و شوێنی ژیانمان بوو و گەمارۆ دەدراین. ئەوانەیان بۆ ئەوە دەکرد کورد کریمینالیزە و تەریک  و دابڕاو بکەن، بەڵام سەرنەکەوتن، ئەوەى کردیان بۆ سوید بووە ئابڕوچوون.

دەبێت پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت

ئیکینجی ئاماژەى بەوەشکرد، دواى ئەو هەموو گوشارانە هەندێک لە هەڤاڵانمان کێشەى دەروونییان بۆ دروستبوو، کوردانی سوید دواى کوشتنی پاڵمە خرانە ناو تراژدیایەکى گەورە و بە ئازارەوە ژیانیان بەسەر برد و وتی "ئەوە ٤٠ ساڵە، من بنەماڵەکەى خۆم لە وڵات ناناسمەوە، تراژیدیای لەوە گەورەتر و قورستر هەیە؟ بێ تاوان. هۆکارەکەشی ئەو سۆسیال دیموکراتانەی سوید بوون، کە ئێستاش لە دەسەڵاتدان".

ئیکینجی سۆی باسی ئەوەشیکرد، نەک تەنها خۆی، بەڵکو هەزاران کورد تراژیدیا و ئازار و ژان کرا بە ژیانی. دواى ئەوەى دەوڵەتى سوید بزووتنەوەى ئازادیی کوردی بە "تیرۆر" ناساند، زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوت و ئەوەشی "ئەگەر سوید پەکەکەى وەک رێکخستنێکى تیرۆر پێناسە نەکردایە و کوشتنی پاڵمەی نەخستایەتە ئەستۆی کورد، ئەمڕۆ دۆخی کورد لە دونیادا جیاوازتر دەبوو. ٣٤ ساڵ بە ئازاری کوشتنی پاڵمە-ەوە ژیام. تاوەکو ٣ بۆ ٤ ساڵ لەوە پێش، ساپۆ بە بەردەوامی لەگەڵ تیمە تایبەتەکانیدا دەهاتن بۆ ماڵەکەم و کارگەکان و هەموو شتێکیان تێکوپێک دەدا و دەڕۆیشتن. من خۆم بە شەخسی هیچم لە دەوڵەتی سوید ناوێت، بەڵکو داوام ئەوەیە سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات و پەکەکە لە لیستی تیرۆر بهێنێتە دەرەوە و هەڵەکەى خۆی راست بکاتەوە".

بابەتی پەیوەندیدار

کاتی ئەوە هاتووە سوید و ئەوروپا داوای لێبوردن لە کورد بکەن

....

پەرلەمانتارانی سوید: دەبێت ئیدی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت

....

وەزیری دەرەوەى سوید و بەرپرسانی کورد کۆبوونەوە

....

هاوسەرۆکی کەنەکە: دەبێت سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات

....

راگەیاندراوی پەکەکە لەسەر دۆزی پاڵمە: بڕیارماندا راستەوخۆی بەشداری و چاودێری بکەین

ژ.ت