قۆناغی دوو ئاگربەستی یەکەم – ٤ -

لە نیوەی سەرەتای ساڵانی١٩٩٠دا، کە لە کوردستاندا شەڕی گەشەى سەندبوو ئۆجالان ٢ ئاگربەستی راگەیاند. دەستی ئاشتی، کە کورد درێژی کردبوو، نەک تەنها لە هەوا مایەوە، بەڵکو دەوڵەتی تورک دەستی بە کۆمەڵکوژیی نوێ کرد.

هەڵوەشاندنەوەى دیواری بەرلین لە کۆتایی رۆژانی ١٩٨٩ کاریگەرییەکەى بۆ وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات وەک 'پولی دۆمینە' بوو. بە هەڵوەشاندنەوەى بلۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، نەخشەى سیاسییی ئەوروپا گۆڕدرا، لە باکووری کوردستان بای ئازادی هەڵیکردبوو و کاریگەریی خۆی لە راپەڕینەکاندا نیشادا و لە باشووری کوردستانیش کاریگەریی لە راپەڕین کرد، بەڵام سیستمی نوێی جیهان،   گەلانی بە ورە و ئیرادەی ئازاد و پێشەنگەکانیانەوە قبوڵ نەدەکرد. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پێشبینیی گۆڕانکاری و رووداەکانی لە جیهان و ناوچەکەدا کردبوو، بۆیە هەموو وزەی خۆی لە نیوەی ساڵانی ١٩٩٠ دا بۆ چارەسەریی کێشەى کورد بە رێگەى دیالۆگ و رێککەوتنی یەکێتیی نێوان کورد خستەگەڕ.

چاوپێکەوتنی ٤ی کانونی دووەمی ١٩٩١ و خیانەتی ١٩٩٢

ئۆجالان لە هەنگاوی یەکەمدا لە ٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. رێبەری گەلی کورد پێش ئەوەش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دانیشتبوو، رۆژەڤی یەکەمی گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانیی نەتەوەیی هێزە کوردییەکان بوو. تاڵەبانی، کە وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی ئۆجالان باسی لێدەکرا لەو چاوپێکەوتنەدا وتی "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى بە تەواوەتی لە بەرامبەر یەکتردا کراوە بین و گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان بکەین. ئێمەی بەرەی کوردستانی عێراق شانازی بە تێکۆشانی پەکەکەوە دەکەین. ئێمە لە مێژوو وانەیەک فێربووین: هێزەکانی رزگاریی نەتەوەیی پەیوەندییەکانیان چەند باش بێت، ئەوەندە دیالۆگ و هاوپەیمانیی تەندروست بۆ تێکۆشانی نەتەوەیی کورد بەدی دێت و بەو ڕادەیەش تەندروستانە گەشە دەکات. هێزەکانی کورد چەند لە یەکتر بدەن، بەو رادەیە زیان بە تێکۆشان دەگات". 

عەبدوڵا ئۆجالان لەو چاوپێکەوتنەدا بەم قسانە نیشانەى بۆ مێژوو بەجێهێشت: "ئێمە ١٠ ساڵ لەوە پێش دەمانخواست، کە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووردا پەیوەندی دروست بکەین و لە یەکتر نزیک بینەوە. زۆر هۆکار نەیهێشت حیزبەکانی باشوور و باکوور بە یەکگرتووی رێ بکەن. ئێمە زۆر جار لەسەر ئەوە راوەستاوین. لە ئێستا بە دواوەش دەبێت ئێمە لەسەر ئەوە راوەستین، کە دەتوانین لەسەری رێبکەوین".

رێبەری گەلی کورد لەو چاوپێکەوتنەدا سەرەنجی خستەسەر قورسی و سەختیی یەکێتیی کورد و زۆر بە گرنگی و هەستیارییەوە هەنگاوی بۆ نزیکبونەوە نا، چونکە ئەو مەترسییانەى لە رێگادا بوون خستبوونیەڕوو. ئەو پێشبینییەی ئۆجالان نەک زۆر درەنگ، بەڵکو دوای ساڵێک هاتەدی. لە پێش هەموانەوە دەوڵەتی تورک و هێزە ناوچەی و جیهانییەکان بۆ چاوترساندنی بونیاتنانی فیدراڵی لە باشووری کوردستان، دەیانخواست پارتی و یەکێتی لە دژی پەکەکە شەڕ بکەن. "رۆژانی تاریک"ی مێژووی کوردستان لە بەردەرگا بوو. پەرلەمانی باشووری کوردستان لە یەکەم دانیشتنیدا لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە هەولێر، ٢ بڕیاری دەرکرد. بڕیارەکان  چۆنیەتیی پەیوەندیی فیدراڵی لەگەڵ رژێمی ناوەندیی بەغدا و شەڕ لە دژی پەکەکە بوو.

هەر لە دوای بڕیارەکە، هێزەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ سوپای تورک لە دژی گەریلاکانی پەکەکە شەڕیان دەستپێکرد. ئامانجی شەڕەکە ئەوەبوو، کە گەریلاکانی کوردستان لە ناوچەکانی حەفتانین، زاپ و خواکورک دەرپەڕێنن. خیانەت و بەرخودان، کە بە درێژایی مێژووی کورد شانبەشانی یەکتر دەڕۆیشتن لێرەش خۆی دەرخستبوویەوە. ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ گوڵناز کاراتاش (بێریتان)، کە تاوەکو دوایین گولـلە شەڕی کردبوو، لە بریی ئەوەى خۆی رادەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بکات خۆی لەسەر تاشە بەردێکی زۆر گەورە و بەرز هەڵدایە خوارەوە و خۆی رادەست نەکرد و شەهید بوو. ئەو چالاکییە خاڵی وەرچەرخانی قۆناغەکە بوو، کە پێی دەوترا "شەڕی ١٩٩٢ی باشوور".

دوای هێرشە ٤٥ رۆژییە هاوبەشەکەی دەوڵەتی تورک و هێزەکانی باشوور بۆ سەر پەکەکە، پەکەکە لەگەڵ هێزەکانی باشوور رێککەوت. تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیاش بۆ چارەسەریی کێشەى کورد داوای لە تاڵەبانی کرد ناوبژیوانی بکات. لەو رۆژانەدا لە نێوان ئۆزال و عەبدوڵا ئۆجالان دا بە ناوبژیوانیی تاڵەبانی ترافیکی گۆڕینەوەى پەیام هەبوو، لەو قۆناغەدا لە پشتی پەردە لە ئەنقەرە لەبارەى ئاشتییەوە قسە دەکرا. هەروەها سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا یەکەم هەڵوێستی خۆی بەمشێوەیە خستەڕوو "ئەوەى خوێن دەڕژێنێت دەوڵەت لەگەڵیاندا سەودا و مامەڵە ناکات. ئەوەى خوێن دەڕژێنێت دەوڵەت نییە. هێشتا درەنگ نییە، با ئەوان خۆیان رادەست بکەن. خۆیان رادەستی یاسا و دادمەندی بکەن".

یەکەم ئاگربەست

سەرباری ئەوەى لە ئەنقەرە دەنگی جیاواز دەهات، بەڵام رێبەری گەلی کورد بۆ ئاشتی هەنگاوێکی مێژوویی هاوێشت، لە ١٩ی ئاداری ١٩٩٣ لە شارۆچکەى بار ئەلیاس لە لوبنان چووە بەردەم کەناڵەکانی جیهان و عەبدوڵا ئۆجالان لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند، لە ٢١ی ئادار تاوەکو ١٥ی نیسانی ١٩٩٣ ئاگربەست رادەگەیەنین. دەوڵەتی تورک لەو کاتەدا لە بەرامبەر دەستی ئاشتیی رێبەری گەلی کورددا هەنگاوی نەدەنا، ١٥ی نیسان رۆژی کۆتایی ئاگربەستەکە نزیک بوویەوە، ئۆزال دیسانەوە تاڵەبانی بانگهێشتکرد بۆ ئەنقەرە. داوای سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوە بوو، کە ئاگربەست درێژ بکرێتەوە.

درێژکردنەوەى ئاگربەست و مردن

ئۆجالان لە ١٦ی نیسانی ١٩٩٣دا دیسانەوە چوویەوە بەدەم کەناڵەکانی راگەیاندن، بەڵام ئەمجارە جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)، کەمال بورقای سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) و ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کوردی لەگەڵ بوون. هێشتا ٢٤ کاتژمێر بەسەر درێژکردنەوەى ئاگربەستەکەدا تێنەپەڕیبوو، کە لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ دا ئاژانسەکانی هەواڵ، هەواڵی 'تورگوت ئۆزال کۆچی دوایی کرد'یان بڵاوکردەوە. بە گیان لەدەستدانی ئۆزال، کە بەپێی راگەیاندراوی فەرمیی دەوڵەتی تورک بەهۆی جەڵتەى دڵەوە گیانی لەدەستدابوو، هەم لە مێژووی نزیکی دەوڵەتی تورک دا و هەم لە مێژووی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستاندا لاپەڕەیەکى نوێی کرایەوە.

لە ئەنقەرە تیمی شەڕ لەسەر کارن

دوای کۆچی دوایی ئۆزال دەوڵەتی تورک بە خێرایی دەستی گۆڕی. لە ٢٥ی ئایاری ١٩٩٣ بە فەرماندەیی شەمدین ساکیک ٣٣ سەرباز لەسەر رێگای چەولیک – خارپێت کوژران. رێبەری گەلی کورد لەبارەى گیان لەدەستدانی ئۆزال و رووداوی کوژرانی ئەو ٣٣ سەربازە رایگەیاند، ئەوانە بۆ تێکدانی ئاگربەست بوون و بە کارێکی تێکدەرانە بۆ دەستپێکردنەوە و گەشانەوەى شەڕ لێکدایەوە. هەر لەو رۆژانەدا سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، تانسو چیللەر سەرۆک وەزیران، محەمەد ئاغار بەرپرسی ئاسایش و دۆغان گیورەش سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک بوون و لە سێواس ٣٣ رۆشنبیر بە زیندویی سوتێنران. عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکارییەکانی تیمی نوێی شەڕی لە ئەنقەرە بینی، کە دەستبەکاربوون و ٨ی حوزەیرانی ١٩٩٣ رایگەیاند، کۆتایی بە ئاگربەست دەهێنن. دەستی ئاشتی کە رێبەری گەلی کورد درێژی کردبوو - لە قۆناغی ئاگربەستدا و لە دوای ئەوەش ببینرا –، کە تەنها لە هەوادا ماوەتەوە. هەروەها دەوڵەتی تورک لە کوردستان هەموو جۆرەکانی شەڕ و ستراتیژیای کاولکردن و خاپورکردنی خستەگەڕ.

بەتێپەڕبوونی کات بەرەو ساڵی ١٩٩٥ ئەو سوپایەی تورک، کە دەیخواست شەڕ قورستر بکات هێزەکانی پەدەکەشی دایە بەرخۆی و بە ناوی جیاجیا هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلا لە باشووری کوردستان. لە ١١ی تەممووزی ١٩٩٥ لە شاری دوبلینی پایتەختی ئیرلەندا و بەپێی بەرژەوەندیی بەریتانیا – ئەمریکا و تورکیا، رێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی باشووری کوردستان ئیمزا کرا. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو رێککەوتنە پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیی کورد بە پێشەنگایەتیی پەکەکە بوو، هەر خۆی دوای ئەوە نێوان هێزەکانی پەدەکە و گەریلاکانی پەکەکە شەڕێک بۆ ماوەى ٣ مانگ روویدا.

ئاگربەستی دووەم و تەقینەوەکەی شام (دیمەشق)

پێشهاتەکانی ساڵی ١٩٩٥ بەوەوە سنووردار نەبوو. لە کاتێکدا تورکیا لە ٢٤ی کانوونی یەکەم دا خۆی بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئامادە دەکرد، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە رێگەى هەندێک ناوبژیوانەوە داوای ئاگربەستیان لە ئۆجالان کرد. دوای شەڕی قورسی ٢ ساڵ، ئۆجالان بۆ کردنەوەى دەرگا بەڕووی پرۆسەیەکی نوێ دا لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥دا بەشداریی لە بەرنامەیەکى کەناڵی ئاسمانیی مەد تیڤی دا کرد و ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام دوای هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٦دا رژێمی ئەنقەرە وەک وەڵامێک بە ئاگربەستەکە پلانی کوشتارێکی دانابوو.

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ لە ناوچەى ئەلکێی پارێزگای شرنەخ پاسێک گولـلەباران کرا و دوای ئەوەش ئاگری تێبەردرا و سوتێندرا. لەو رووداوەدا ١١ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد کوژران و رێک دوای ئەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک رایگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و هەوڵی دا ئەو رووداوە بخاتە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام دوای ماوەیەکى کورت ئەوە دەرکەوت، کە دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM)ی دەوڵەتی تورک ئەو تاوانەى ئەنجامداوە، کە ژیتەمەکەى دەوڵەتی تورک مەکینەى کوشتن و تیرۆر و کوشتار بوو لە کوردستاندا. وەڵامدانەوەى دەوڵەتی تورک بە ئاگربەستەکە هەر بەوەوە سنووردار نەکرا، لەلایەکەوە لە زستانی ١٩٩٦دا لە کوردستان شەڕ قورستر دەکرا، لەلایەکی ترەوە لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ لە نزیک ماڵی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شام (دیمەشق) ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە یەک تۆن تەقەمەنیی جۆری سی فۆرەوە (C4) تەقێنرایەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان لەو تیرۆرەی تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک و تیمەکەى رزگاری بوو. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەو شەوە بەشداری کەناڵی ئاسمانیی مەد تیڤی بوو و وتی "ئێمە دەڵێین، ئاشتی و برایەتی. دەڵێین، با شەڕ راوەستێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا بۆمبمان بۆ دادەنرێت".

دوای ماوەیەک دیسانەوە بە ناوبژیوانی هەندێک لایەن لە نێوان حکومەتی تورک و عەبدوڵا ئۆجالان پەیام ئاڵوگۆڕ دەکرا.

لەو ماوەیەدا لە نێوان حکومەتی تورک بە سەرۆکایەتیی نەجمەدین ئەربەکان، کە هاوینی ١٩٩٦ تاوەکو ناوەڕاستی ١٩٩٧ لەسەر دەسەڵاتی تورکیا بوو و لە کودەتای ٢٨ی شوبات لە سەر کار لابرا، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دیالۆگەکانی نێوانیاندا بە ئامانجی چارەسەری هەندێک پێشکەوتن روویدابوو. پەکەکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی گروپیک سەربازی تورک، کە لەلایەن گەریلاوە دیلکرابوون بە بەرچاوی رای گشتییەوە لە زاپ ئازادی کردن.

سەرباری ئەوەش هێزە نێونەتەوەییەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ هێزە قوڵ و شارەوەکانی دەوڵەتی تورکدا هەیە، پێداگربوون لەسەر ئەوەى کە پیلانگێڕییەک لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدەن. لە ٩ی نیسانی ١٩٩٦دا لە نێوان کۆستاس سیمیتیس سەرۆک وەزیرانی یونان و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی چاوپێکەوتنێکی نهێنی و شاراوە ئەنجامدرا. سیمیتیس لەو چاوپێکەوتنەدا ئەوەى قبوڵکردبوو بۆ پاکتاوکردنی عەبدوڵا ئۆجالان هاوکاری بکات، بەڵێنی دابوو کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بکات.

دیالۆگ لەگەڵ ئەربەکان و دانانی بەردی یەکەمی پیلانگێڕییەکە

یونان ئەوەى قبوڵکرد بەشداری لە پیلانگێڕییەکەدا بکات، هەوڵی دەدا عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی دەوڵەتی تورکیا بەکار بهێنێت، لە بابەتی قوبرس و دوورگەکانی ئەگەدا دەیخواست باج لە تورکیا وەربگرێت و تورکیا سازشی بۆ بکات. عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەى ئەوەى، کە لەو کاتەدا بەردی یەکەمی پیلانگێڕییەکە چۆن دانرا، لە بەرگرینامەکەى خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ دادگای سزا قورسەکانی ئەسینای یونان، کە ئۆجالانی تیادا دادگایی دەکرا، وتبوی، "هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستەکانى سیستمی کاپیتالیستی بەریتانیا و ئەمریکا، کە هەوڵ دەدەن سەردەست بن بەسەر هەموو دەوڵەمەندی و سەرچاوەکانى سەر زەوی و ژێر زەوی، نەت و کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەر دەوڵەتێک، کۆمەڵگەیەک، رێکخستن و کەسایەتییەک هاوکار و یارمەتیدەری ئەو سیاسەتە نەبێت لە ناوی دەبەن و پاکتاوی دەکەن. لە مێژە ئەوە وەک رێباز و شێوازی کاری خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هەر لە سەرەتادا پێداگریمان لەسەر هێڵی سەربەخۆبوون و ئازادیپارێزی بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکرد، بۆیە ئێمە بووینە ئامانجی ئەو سیاسەتە پاکتاوکاری و پیلانگێڕییە.

 ئەو کاتەى هێشتا ئێمە لە شام (سوریا) بووین، بەریتانیا و ئەمریکا نوێنەر و پەیامهێنی خۆیان نارد بۆ لامان و وتیان، دەبێت ئێمە بەپێى سیاسەتەکانى ئەوان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بجوڵێینەوە، ئەگەر نا ئێمە پاکتاوت دەکەین. من پێشنیازەکەیانم بۆ هاوکاری رەتکردەوە. پێم وتن، ئێمە دەست لە هێڵی سەربەخۆبوون و ئازادیپارێزی گەلان هەڵناگرین. دواتر تاڵەبانی هات و پێی وتم، 'ئۆجالان تۆ چیت کرد، خۆتت تووشی بەڵا کرد!' و خواستی من سەرلەنوێ بە بڕیارەکەمدا بچمەوە. هەوڵیدا قەناعەتم پێ بکات بۆ ئەوەى هاوکاریی ئەو هێزانە بکەم، بەڵام من پێشنیازەکەم قبوڵ نەکرد و وتم، 'من مرۆڤێکى خاوەن پێوەر و بەهام، هیڵی من بۆ گەلانە. من شەڕڤانێکى ئازادیم، کە نوێنەرایەتیى یوتۆپیای یەکسانی وئازادیى هەزاران ساڵەى گەلان دەکەم. من نابم بە شەڕڤانی کەس'. لەبەر ئەوە بڕیاریاندا من پاکتاو بکەن. حسابی ئەوەیان دەکرد، کە ئاخۆ بە پاکتاوکردنى من پەکەکە بێ سەر و بێ پێشەنگ دەمێنێتەوە و لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە یان نا.

بڕیاری پاکتاوکردن پێش ١٩٩٨ درابوو، بڕیارێک بوو، کە لەلایەن ئەمریکا – بەریتانیا – ئیسرائیلەوە درابوو. لەبەر ئەوە بڕیارەکە بڕیارێکی نایاسایی و بەدەر لە یاساکان بوو، بە دەستی گلادیۆی ناتۆ هەنگاو بە هەنگاو دەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئۆپراسیۆنی گلادیۆیش لێکچووی ئەوەیە، هەر لەو کاتەدا ئۆپراسیۆنەکە بۆ ئەوەش بوو، کە زۆر زیاتر تورکیای بە خۆیانەوە ببەستنەوە و وابەستەى خۆیانی بکەن".

ژ.ت

سبەی: ئاگربەستی سێیەم لە ١ی ئەیلولی ١٩٩٨ و رۆژانی بەرەو ٩ی تشرینی یەکەم....