قەرەسوو: ئەمریکا پشتیوانی لە پاشکەوتویى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا کرد

قەرەسوو  رایگەیاند "ئەمریکا بە بڕیاری ئەمدواییەى لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە نیشانی دا، بۆ ئەوەى دەوڵەتى تورک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بۆ خۆی بەکاربهێنێت، بە عەقڵییەتى سەدەی ٢٠ دەجوڵێتەوە".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتاری هەفتانەیدا لە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکاریى بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە و پشتیوانیکردنى ئەمریکا بۆ تورکیا کرد.

قەرەسوو رایگەیاند "ئیتر گەلانى جیهان، دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هزری، سیاسیى و سیستمێک کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دامەزرابوو قبوڵ ناکەن. ئیدی بەرژەوەندیى هێزە ئیمپریالیستەکان، لەگەڵ تورکیا و نەتەوە دەوڵەتەکانى تردا کە لە ماوەى ٢ جەنگی جیهانیدا دامەزراون یەکناگرێتەوە".

تورکیا سیاسەتى سەدەی ٢٠ بەسەر هەرێمەکە و جیهاندا دەسەپێنێت

قەرەسوور راشیگەیاند، بەستێنى مێژووی، کۆمەڵایەتى، ئابووری،رۆشنبیری، هزری، سیاسیى، پەیوەندی و هاوپەیمانییەکانی سیستمى سەدەى ٢٠ بە زۆری تێپەڕیون و لە ئارادا نەماون.

قەرەسوو ئەوەشى وت "لەبەر ئەوانەش ئەستەمە سیستمى سەدەی ٢٠ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا وەک خۆی بەردەوام بێت و کورد بسڕدرێتەوە. ئەگەر سیاسەتێک بەپێى راستیى مێژوویى و کۆمەڵایەتى بەرێوەنەبرێت ئەو سیاسەتەش هەر لە سەرەتایدا رێگا بۆ بنبەست و داڕمان دەکاتەوە. ئەوەى تورکیا ئێستا بەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهاندا دەیسەپێنێت، هەمان ئەو سیاسەتەیە".

قەرەسووی وتیشی "تورکیا لە رێگەى هەڕەشە و تۆقاندنەوە ئەو سیاسەتە بەسەر ئەمریکا و ئەوروپادا دەسەپێنێت تاوەکو پشتیوانى لە سیاسەتەکانى جۆری سەدەی ٢٠ی تورکیا بکەن و کورد بسڕێتەوە. دەڵێن، وەک سەدەی ٢٠ دەتوانن ببن بە داردەست و دەسکەلا و شەقوەشێنى ئیمپیریالیزم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. بە کورتی دەڵێن، با ئەو سیستم و پێگە و ستاتۆیە، کە لە سەدەی ٢٠ دا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دامەزراوە نەگۆڕێت، بەڵام ئەو داوایە کە تورکیا دەیەوێت بیسەپێنێت لەگەڵ راستیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان دا نایەتەوە".

قەرەسوو ئەوەشی خستەڕوو "بەڵام ئەمریکا بە بڕیارى ئەمدواییەى لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە نیشانی دا، بۆ ئەوەى دەوڵەتى تورک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا بۆ خۆی بەکاربهێنێت بە عەقڵییەتى سەدەی ٢٠ دەجوڵێتەوە. بەڕێوەبەریى ترامپ بەو بڕیارەی پشتیوانی و بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانى سەدەی ٢٠ی بەریتانیای خستەڕوو، کە کوردی بە نەبوو حساب کردبوو. ئەو بڕیارە، بڕیاری سڕینەوە و پاکتاوکردن و دوژمنایەتیکردنی کوردانە. ئەمریکا بەو سیاسەتە و بەو بڕیارە بووەتە پارێزەری دوژمنانى ئازادی و دیموکراسی و بووەتە پشتیوانی کۆنەپەرستی و پاشکەوتویى لە جیهاندا. ئەوە بەو مانایە دێت، کە دەوێت تەنگاوبوونی کاپتالیزم لە رێگەى فاشیستترین و پاشکەوتوترین وڵاتەکانەوە لە جیهاندا چارەسەر بکات. بەڵام ئەو سیاسەتە تەنگابوونیان چارەسەر ناکات، بەپێچەوانەوە قورستری دەکات. ئەوانەى دەیانەوێت کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتى، سیاسی و رۆشنبیرییەکان لە جیهاندا لە رێگەى هێزە سیاسی و دەسەڵاتدارە ملهوڕ و فاشیستەکانەوە چارەسەر بکەن، ئەوا هەر وەک ئەو هێزانە تێکدەشکێن. ئەمریکا بەو پشتیوانیکردنە لە تورکیا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا رێگاى بەڕووی شەڕ و مۆتەکەیەکى نوێدا کردووەتەوە، کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوون و تێکشکاندنی. ئەوەش بە روونی دیارە".

پشتیوانیکردنە لە دەوڵەتى تورک، کە پشتگیریى لە داعش دەکات

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە باسی ئەوەشیکرد "تێکۆشانی دژ بە داعش نیشانى دا، کە تورکیا تا چ رادەیەک وڵاتێکى پاشکەوتو و دژ بە دیموکراسییە. تورکیا لە دژی ئازادی و دیموکراسییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. تورکیا دەزانێت کاتێک دیموکراسى بەدی بێت ئەوا کوردیش ئازاد دەبن، بۆیە لە دژی بەدیموکراسیکردنى سوریا، عێراق و ئێرانە. لەبەر ئەوەش نایەوێت لە سوریا دەستوورێکى بنەڕەتیى دیموکراتیک، کە کێشەى کورد چارەسەر بکات بنووسرێتەوە. بە سوریا دەڵێت 'ئەگەر لە دەستووری بنەڕەتیدا باسی کورد بکرێت، من دەبمە دوژمنتان'.

ئەمریکا بە پشتیوانییەکانى لە وڵاتێکى لەو جۆرە، کارەکتەری بێئەخلاقی، بێویژدانی و نادادپەروەری و دوژمنایەتیکردنى کوردانى خستەڕوو. ئەمریکا پشت دەکاتە کوردان، کە بەهێزترین تێکۆشانیان لە دژی داعش ئەنجامدا و لە بەرامبەردا پشتیوانى لە تورکیا دەکات، کە بۆ ماوەى چەند ساڵ پشتیوانیى لە داعش کرد و پەیوەندیى لەگەڵ داعش دا هەبوو و یارمەتیى دەدا. گەلان جارێکیتر ئەوەیان بینییەوە، کە ئەمریکا دەوڵەتێکى دووڕووە و بڕوا بە پەیوەندیکردن لەگەڵیدا ناکرێت. لە پەیوەندییەکانیدا پێوەر و بەهای مرۆیى بوونی نییە. تەنها دەردێکى هەیە، ئەویش بەرژەوەندییەکانیەتی. لەبەر ئەوەش قێزەونترین جۆری پەیوەندی دروست دەکات. شانبەشانی هێزە فاشیستەکان و دوژمنەکانى مرۆڤایەتی دەجوڵێتەوە. لەبەر ئەوەیە، کە رێبەر ئاپۆ بۆ ئەمریکا وتویەتى 'ئەمریکا تفی خۆیشی بەبێ باج بە کەس نادات'."

ر.م