قەرەسوو: دەبێت لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا تێکۆشان بەهێزتر و گەشتر بکرێت

"هەر وەک پیلانگێڕییەکەى دژ بە رێبەر ئاپۆ، ئەمریکا پشتیوانى لە سیاسەتە پاکتاوکارانەکانى دەوڵەتى تورک دەکات. دەبێت گەلەکەمان لەو راستییە تێبگەن و گوێ لە وتە و شیکردنەوەى فریودەرانەى تر نەگرن و تێکۆشان بەهێزتر و گەشتر بکەن".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتارەکەیدا لە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکاریى بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە جەمیل بایک، فەرماندەى ناوەندی پاراستنى گەل موراد قەرەیلان و ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان کرد.

قەرەسوو لە سەرەتاى وتارەکەیەدا نووسیویەتى "دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەو بڕیارە بۆ دەرکراوە" و  لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، هۆکارى سەرەکی لایەنى ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابوورییە.

قەرەسوو ئاماژەى بە بەرژەوەندییە قێزەونەکان کردووە و وتویەتى "ترامپ سیاسییەکى بازرگانە. لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا سوودێکى دەستکەوتووە، یان قازانجێکى دەست دەکەوێت".

قەرەسوو راشیگەیاندووە، بڕیارەکە دژایەتیکردنى گەلی کوردە و لەو بارەیەوە نووسیویەتى "نابێت بەڕێوەبەرانى ئەمریکا وەک داگیرکەرە پاکتاوکارەکانى تورکیا بڵێن 'کورد جیاوازە، پەکەکە جیاوازە'. هەموو دونیا دەزانێت ئەو قسەیەى دەوڵەتى تورک بۆ شاردنەوەى سیاسەتى پاکتاوکارانەیەتى لە دژی کورد، بۆ شاردنەوەى دوژمنایەتییەکەیەتى بەرامبەر لە گەلی کورد.

بەهێزترین تێکۆشانی بزووتنەوەى دیموکراسی و ئازادیى کورد ئێستا بە پێشەنگایەتى پەکەکە بەڕێوەدەچێت. ئەگەر دەوڵەتى تورک بتوانێت پەکەکە پاکتاو بکات، ئەوە دیسانەوە دەستدەکاتەوە بە دوژمنایەتیکردنى بزووتنەوەیەکى تری سیاسیى کورد، کە لە دژی تێبکۆشێت، چونکە دەوڵەتى تورک لەو دۆخەدا نییە کە بتوانێت وەڵامی داواکانى بزووتنەوەى سیاسیى کورد بداتەوە. تەنها کورد لە دژی یەکتر بەکاردەهێنێت. ئەگەر ئەمریکا دەڵێت 'پەکەکە جیاوازە، کورد جیاوازە' ئەوا نیشانى دەدات، کە عەقڵییەتى سیاسیى ئەو و دەوڵەتى تورک وەک یەکن. هەموو کەس دەزانێت کە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دوژمنی کوردانن".

ئەوەى بیەوێت شتێک لە تورکیا وەربگرێت دەست دەکات بە دوژمنایەتیکردنى پەکەکە

قەرەسوو رایگەیاند، لە سەرتاسەری جیهاندا ئەوەی بیەوێت شتێک لە تورکیا وەربگرێت پێش هەموو شتێک دەست دەکات بە دوژمنایەتیکردنى پەکەکە.

راشیگەیاند "لە ناو تورکیاشدا کێ بیەوێت لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتى یان سیاسییەوە گەندەڵی و رانت بەدەست بهێنێت دەست دەکات بە دوژمنایەتیکردنى پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجالان و کوردان. تاوەکو کێشەى کورد لە تورکیا چارەسەر نەبێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوامیى دەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانى ئەو بڕیارەى ئەمریکا ئەوەیە، کە دەیەویت تورکیا لە دژی ئێران بەکاربهێنێت. پێش جەنگی دووەمی کەنداو و دەستوەردان لە عێراق، لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕیی ئەنجامدا. رەنگە دەستوەردانى سەربازی لە ئێران نەکرێت، بەڵام دەیەوێت کێشەکانى ئێران زۆرتر بکات و ئێران لە سیاسەتى دوژمنایەتیکردنى ئەمریکا دووربخاتەوە و لە ئەنجامدا دەسەڵاتەکەى بگۆڕێت".

قەرەسوو لە بەردەوامیى شیکارییەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر کاریگەریى ئایدۆلۆژی و سیاسیى پەکەکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و رایگەیاندووە، گرنگترین هۆکاری ئەو بڕیارە پەیوەندیى بە کاریگەریى ئایدۆلۆژی و سیاسیى پەکەکەوە هەیە.

قەرەسوو ئەوەشی وتوە "لەبەر ئەوەی پیلانگێڕی لە دژی رێبەر ئاپۆ سەرنەکەوت، لە دژی بەڕێوەبەرانى رێکخستن دەستیان کردووە بە ئەنجامدانى پیلانگێڕییەکی نوێ، چونکە بە هەوڵ و تێکۆشان و کاریگەریى بەڕێوەبەرانى پەکەکە، بۆچوونەکانى رێبەر ئاپۆ لە کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا بە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە".

مستەفا قەرەسوو بێدەنگیى ئەمریکای لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکەى دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین بە بیر خستەوە و وتى "بۆ ئەوەى فیدراسیۆنى باکووری سوریا رابکێشنە سەر هێڵەکەى خۆیان چاوپۆشییان لە داگیرکەری و هێرشی دەوڵەتى تورک کرد. ئەگەر ئەمریکا ئەو ئامانجەى نەبوایە، ئەوا هەڵوێستێکى جیاوازی لە دژی هێرشەکان نیشان دەدا. لەلایەکەوە ئەو بێدەنگییە لە دژی هێرشەکان و لەلایەکى ترەوە بڕیارێکى لەو جۆرە لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە، دەیەوێت شۆڕشگێڕانى رۆژئاوا و فیدراسیۆنى باکووری سوریا تەنگاو بکات. لە پێناو بەرژەوەندیى سیاسی و ئابووریى چەپەڵدا دوژمنایەتیى پەکەکە دەکەن، کە پەکەکە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیى گەلی کوردە".

ئاکەپە – مەهەپە بەزۆر دەسەڵاتیان بۆ بەڕێوەدەبرێت، بۆیە ئەو بڕیارە پشتگیرییە بۆ دەسەڵاتەکەیان

قەرەسوو باسی ئەوەیکردووە، بڕیارەکەى ئەمریکا لە دواى چاوپێکەوتنەکان لە تورکیا دراوە و وتی "بۆ ئەوەى تورکیا باشتر و زیاتر بۆ سیاسەتەکانى خۆیان بەکاربهێنن، ئەو بڕیارەیان دەرکردووە. لە ئێستادا تورکیا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە زۆر تەنگاو بووە. دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە بە زۆر لەسەر پێ ماوەتەوە. دەسەڵات لە تورکیا وەک ساڵی ١٩٩٨ لە دۆخێکدایە کە بەبێ پشتگیریى دەرەوە ناتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چونکە تێکۆشان بە پێشەنگایەتیى پەکەکە دەسەڵاتەکەى ئاکەپەی هەژاندووە. تەنها بە فاشیزم و ملهوڕی خۆی لەسەر دەسەڵات راگرتووە، بەڵام ئەو سیستمە ملهوڕە بەشی ئەوە ناکات کە بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەمریکا بەو هێرشە لە دژی پەکەکە بە ئاکەپەى وتوە 'من پشتیوانى لە دەسەڵاتەکەت دەکەم، تۆش بەپێى ئەوەى من دەمەوێت بجوڵێرەوە'. ئەوە مانای ئەو هێرشەیە لە دژی بەڕێوەبەریى پەکەکە".

"هاوشێوەى بڕیارەکەی دژ بە رێبەر ئاپۆیە"

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە هاوشێوەی ئەو بڕیارەیە کە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەریانکردبوو. ئەوەشی وت "ئامانج هەمان ئامانجە. کاتێک مرۆڤ گوشار و زۆرداری و هێرشی سەر ئیمراڵیش دەهێنێتە پێش چاوی خۆی، ئەو کاتە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت کە ئەو هێرشە لە هێرشەکەى ساڵی ١٩٩٩ زۆر مەترسیدارترە".

قەرەسوو ئەوەشی وت "نزیکایەتیى سست و لاواز لە دژی ئەو بڕیارە سوودی بۆ دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەی داگیرکەری پاکتاوکار دەبێت. نزیکایەتییەکى لەو شێوەیە تێکۆشانى ئازادی لە هەموو بەشەکانى کوردستان تەنگاو دەکات، چونکە ئەو بڕیارە بۆ تەنگاوکردنی هەموو بەشەکانى کۆمەڵگە و گەلان و لە دژی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەرکراوە.

"دەبێت لە دژی ئەو بڕیارە لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشانێکى بەهێز بەڕێوەبچێت"

دەبێت لە دژی ئەو بڕیارە لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشانێکى بەهێز بەڕێوەبچێت. تەنها دەرکردنی راگەیاندراو وەڵامدەرەوە نابێت. دەبیت هەموو گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان لە دژی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بوەستنەوە. گەلی کورد دەبێت لە هەموو شوێنێکدا بەبێ پسانەوە تێبکۆشێت. گەلی کورد تەنها بە تێکۆشانێکى بەهێز دەتوانێت پێش لەو پیلانگێڕییە بگرێت.

ئەمریکا وەک پیلانگێڕییەکەى دژ بە رێبەر ئاپۆ پشتیوانى لە سیاسەتى پاکتاوکارانەى دەوڵەتى تورک دەکات. لەبەر ئەوەى تورکیا پێشەنگایەتیى دوژمنایەتیکردنى کوردان دەکات، کەواتە ئەو بڕیارە لە دژی تێکۆشانی ژیانى دیموکراتیک و ئازادیی کوردانە لە هەموو پارچەکاندا و بڕیارێکە بۆ پشتیوانیکردن لە داگیرکەران. دەبێت گەلەکەمان لەو راستییە تێبگات و گوێ لە شرۆڤەى فریودەرانەکان نەگرێت و تێکۆشانەکەى بەهێزتر و گەشتر بکات. هەر نزیکایەتییەک، کە ئەو تێکۆشانە سست بکات سوودی بۆ داگیرکەری پاکتاوکار دەبێت. دۆست و دوژمن لە کاتی لەمجۆرەدا دەردەکەون. هەڵوێستى هەموو حیزب و پارتە سیاسییەکانى کورد لە دژی ئەو بڕیارە گرنگە".

قەرەسوو ئەوەشى وت "دەبێت هەموو حیزبە کوردییەکان بە ئەمریکا بڵێن 'تۆ مافی ئەوەت نییە کە بڕیار و هەڵوێستێکى لەو جۆرەت هەبێت. پشتیوانیکردن لە سیاسەتى پاکتاوکارانەى دەوڵەتى تورک دوژمنایەتیکردنى هەموو کوردانە'."

قەرەسووی ئەوەشى خستەڕوو، نەک تەنها کورد، بەڵکو دەبێت هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلانی لایەنگری ژیانى دیموکراتیک و ئازاد لە دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە و لەگەڵ کورد دا لە دژی ئەو بڕیارە تێکۆشان گەشتر بکەن.

ر.م