قەرەسوو: دەبێت ١٠ى تشرینى یەکەم ببێتە بەڵێن و پەیمان بۆ تێکۆشان لە دژى فاشیزم

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە وتارێکیدا لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا باسى گرنگیى دۆزی ١٠ى تشرینى یەکەمی کرد.

١٠هەمین دانیشتنى دۆزی کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٥ / ١٨ى رەزبەر، کە لە گارێی ئەنقەرە روویدا و تیایدا ١٠٣ کۆمەڵکوژکران، رۆژانی ٣١ ی تەمووز و ١ و ٢ى ئاب بەڕێوەدەچێت. چاوەڕێ دەکرێت دەستەى دادوەری لەو دانیشتنەدا دوا بڕیاری خۆى بدات.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانى مێژوویى تورکیا، کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٥ / ١٨ى رەزبەری گۆڕەپانێ گارێ-یە لە ئەنقەرە، کە زیاتر لە ١٠٠ کەسی تیایدا کوژران.

قەرەسوو وتی "وتیان داعش ئەو کۆمەڵکوژییەى ئەنجامداوە. رەنگە کەسانێک کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوو بێت ئەوەیان ئەنجامدابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کێ ئەوانی بەڕێوەبرد و ئاراستەی کردن، کێ چاوپۆشیى لێکردن و بۆ چ ئامانجێک ئەنجامدرا. بۆیە وتنى ئەوەى، کە 'داعش ئەنجامیداوە' بەو مانایە دەێت، کە دەیانەوێت راستییەکان بشارنەوە و سەرپۆشی بکەن. لەم رۆژانەدا دانیشتنی دادگا بۆ بڕیاردان لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەم بەڕێوەدەچێت. لەوێدا سزاى قورسی زیندانى هەتاهەتایى بۆ چەند کەسێک دەردەکەن و بەوشێوەیە پەردە بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا دەدەن و رێگا نادەن راستییە بنەڕەتی و سەرەکییەکان ئاشکرا بکرێن".

'وەک پێویست خاوەندارییان لێنەکرا و دەبێت لە ئێستا بە دواوە بە باشی خاوەندارییان لێبکرێت'

قەرەسوو بە وتنی 'وەک پێویست هەڵوەستە لەسەر کۆمەڵکوژییەکە نەکرا و لە رۆژڤدا نەهێڵرایەوە' رەخنەى لەوە گرت کە وەک پێویست خاوەندارى لە دۆزەکە نەکراوە و رایگەیاند، زۆر گرنگ بوو خاوەندارى لە دۆزەکە بکرایە و وەک بەشێک لە تێکۆشانی دژ بە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە سەیر بکرایە.  

قەرەسوو راشیگەیاند، هێزە دیموکراتیکەکانی کورد و تورکیا وەک پێویست خاوەندارییان لە دۆزەکە نەکردووە و  لەو بارەیەوە وتیشی "لە ئێستا بە دواوەوە بە خاوەنداریکردن دەتوانن ئەو کەموکوڕییە چارەسەر بکەن. دەبێت ویژدانى هەموو شۆڕشگێڕان و دیموکراتەکان بۆ خاوەندارینەکردن لەو دۆزە لە ئازاردا بێت. ئەوان بۆ ئێمە بۆ گەلانى تورکیا شەهید بوون".

قەرەسوو ئەوەشى وت، ئەو  کۆمەڵکوژییە ئەوەندە گەورە بوو، کە دەکرا چەندین دەسەڵات و دەسەڵاتدار بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەوە لە دەسەڵات لاببرانایە، بەڵام دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە وەک ئەوەى، کە لێى بەرپرسیار نین جوڵانەوە و بە ئاسانى خۆیان لە بەرپرسیارێتى دوورخستەوە.

قەرەسوو راشیگەیاند، دەزگای هەواڵگریى تورکیا (میت) لە پشت ئەو کۆمەڵکوژییەوەیە و کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن گلادیۆى کۆشک و میتەوە ئاراستە کراوە و بەڕێوەبراوە.

'دەسەڵاتى ئاکەپە بەرپرسیاری کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەمە'

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەکرد، دەسەڵاتى ئاکەپە بەرپرسیاری کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٥ / ١٨ى رەزبەرە و لەوبارەیەوە وتی "هێرشێکى فاشیستیانەیە لە دژى هێزە دیموکراسیخوازەکان. فاشیزم و داکەوتوخوازەکان لە تورکیا هێرشیان کردە سەر هێزە دیموکراسیخوازە شۆڕشگێڕەکان بۆ ئەوەى کۆتاییان پێبهێنن. هێرشى ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٥ لە دژى تێکۆشانى ئاشتى، کە لە دژى سیاسەتى شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە بوو، ئەنجامدرا. بڕیارى هێرش بۆ  سەر کەمپەینى هێرشەکان لە دژى گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامیى هەیە. ئەو بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٤دا دراوە و لە داوى هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥ / ١٧ى جۆزەردان خستیانە بوار جێبەجێکردنەوە. پلان و بەرنامەى بنەڕەتیى ئەو هێرشانە بۆ تێکشکاندن و سڕینەوەیە. ئەندامێکى ئەو پلانەش راوێژکاری ئاسایشى کۆمەڵایەتى بوو، کە بەشداری چاوپێکەوتنەکانى ئیمرالی دەبوو. دوای بنبەستى ئیمرالی بە بڕیارى راوێژکارى ئاسایشى کۆمەڵایەتى، گۆشەگیرییەکى قورس سەپێنرا. دواى ئەوەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد سیاسەتەکانى دەسەڵاتى قبوڵ نەکرد، بڕیارى گۆشەگیرکردنى قورسیان بەسەردا سەپاند. کۆمەڵکوژییەکەى ١٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٥ قۆناغێکى گرنگى ئەو پرۆسەیەیە".

مستەفا قەرەسوو باسى ئەوەیکرد، لەو هێرشانەدا کە دەکرێتە سەر یادکردنەوەکانى کۆمەڵکوژیى ١٠ى تشرینى یەکەم، ئەوە دەردەکەوێت ئاکەپە بەشدار و هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژییە و وتیشی "هەر چۆن هێرشى کردە سەر ئەو کەسانەى کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکییان ئیدانە دەکرد و دەستگیر و زیندانیى دەکردن، هێرشیشی کردە سەر ئەو کەسانە، کە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانى ئەنقەرە و پرسوس-یان دەکردەوە. وتنى 'داعش ئەو هێرشەى ئەنجامدا' خزمەت بە شاردنەوەى راستییەکان دەکات. کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە ئەنجامدراوە. پێویست ناکات گەڕان و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەى ئەنجامەدەرى تر یان بکەرى تر بێت. چونکە دەبێت نزیکایەتی و تێکۆشانێکى لەو جۆرە ئەنجام بدرێت، کە ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان وەک تاوانبارانى ئەو کۆمەڵکوژییە بناسرێن".

'دۆزی ١٠ى تشرینى یەکەم نابێت لێرە کۆتایى پێ بێت، ناشبێت هەتاهەتایە بەردەوامیى هەبێت'

مستەفا قەرەسوو وتى "نابێت دۆزى ١٠ى تشرینى یەکەم لێرە کۆتایى پێ بێت و ناشبێت هەتاهەتایى بەردەوامیى هەبێت" و وتیشی "تەیب ئەردۆغان بە بەردەوامى باسى ئەو کەسانە دەکات، کە لە کاتى کودەتاکەى ١٥ى تەمووزدا مردوون. باسى تۆڵکردنەوەیان دەکات، بەڵام هێرشی قورس دەکاتە سەر هێزە دیموکراتیکەکان و ئەو کەسانە کە لەو هێرشە گەورەیدا شەهیدبوون. بە نەبینیى پشتپەردەی ئەو کۆمەڵکوژییە، هەوڵ دەدا چەند کەس سزا بدات و کۆمەڵکوژییەکە پەردەپۆش بکات. ئەوە نزیکایەتییەکى ئەخلاقی و ویژدانى نییە و دەبێت ئیدانە بکرێت. ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان لەبەر ئەوەى تاوانبارن بەو شێوەیە لە دۆزەکە نزیک دەبنەوە".

'دەبێت لە ئێستا بە دواوە خاوەنداری لە دۆزی ١٠ى تشرینى یەکەم بکرێت'

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە کۆتایى نووسینەکەیدا ئەوەشى خستووەتەڕوو "تاوەکو ئێستا وەک پێویست خاوەنداری لە دۆزی ١٠ى تشرینى یەکەم نەکراوە، بەڵام دەبێت لە ئێستا بە دواوە خاوەنداری لە دۆزی ١٠ى تشرینى یەکەم بکرێت. با رێگا نەدرێت ئەو دۆزیە پەردەپۆش بکرێت و لەبیر بچێتەوە. فەرامۆشکردنى ئەو کۆمەڵکوژییە ویژدان ئازار دەدات و ویژدان هەڵدەتەکێنێت. مرۆڤەکانى ئەو دۆزە کەسانى بە ویژدانەن، لەبەر ئەوە دەبێت هەموو ساڵێک یادى ئەو شەهیدانە بکرێتەوە. بە یادکردنەوەیان تێکۆشان گەشتر و بەهێزتر بکەن. ئێمە شەڕڤانانى ئاشتى، دیموکراسی و ئازادیى ١٠ى تشرینى یەکەم، جارێکیتر بە منەتدارییەوە بە یاد دەهێنینەوە. بە دڵنیاییەوە بە هەست و خەونە پاک و جوانەکانیان، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، تورکیا و کوردستانێکى پاک و جوان دەئافرێنرێت".

ر.م