قەرەسوو: نیشتەجێکردنی پەنابەرانی ناخۆجێى داگیرکەرییە

قەرەسوور رایگەیاند "دەوڵەتى تورک بە پێداگرییەوە دەیەوێت سیستمی ئازاد و دیموکراتیکی باکووری سوریا لە ناو ببات. تاکە کاریش لە دژی ئەوە خۆئامادە کردنە بۆ شەڕێکى درێژخایەن تاوەکو باکووری سوریا بۆ تورکیا بکرێتە زەلکاو".

موستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە وتارەکەیدا لە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکاریى بۆ پلانى دەوڵەتى تورک و نیشتەجێکردنى پەنابەرانی تورکیا لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا و گۆڕینى دیمۆگرافیای ناوچەکە کردووە.

قەرەسوو رایگەیاندووە، هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە بە سەرۆکایەتیى تەیب ئەردۆغان دژایەتیى خۆی بەرامبەر بە کورد بە شێوەیەکى ئاشکرا و روون و هەروەها لە دژی رۆژئاوا و باکووری سوریا خستووەتەڕوو.

قەرەسوو راشیگەیاندووە "دەوڵەتى تورک هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوەى کورد لە سوریا نەبێتە خاوەن ستاتۆیەکى سیاسی و سوریا دیموکراتیک نەبێت، پشتیوانیى لە داعش و نوسرە و سوپای ئازادی سوریا (OSO) کرد. کاری بۆ ئەوە کرد، چەتەکان هێرش بکەنە سەر کورد و رژێمى سوریا. دوای ئەوەى داعش و نوسرە تێکشکان و رژێمیش لەسەر پێ مایەوە، کوردیان وەک ئامانجی سەرەکییان کردە ئامانجی هێرشەکانیان.

سەرەتا وتیان 'ئێمە رێگا بە رێڕەوی کورد نادەین'  و دواتر باسیان لە 'رێڕەوی تیرۆر' کرد. بە بەردەوامی پڕوپاگەندەى ئەوەیان دەکرد 'سیستمی خۆبەڕێوەبەریى باکووی سوریا هەڕەشەیە بۆ سەریان'. داگیرکەرییان خستە بەرنامەى کاریانەوە و هەوڵیاندا کەشێکى لەو جۆرە دروست بکەن، کە داگیرکەری مافی خۆیانە".

'کراسێکى نوێ بە بەر داگیرکەریدا دەکەن'

قەرەسوو ئەوەشی راگەیاند، داگیرکەری هیچ پاساوێکى نییە و وتی "بە پێچەوانەوە، ئەوە دۆخە دۆخێکى ناڕەوایە، بەڵام پشت دەبەستن بە هاوسەنگیى ناوچەکە و پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ دەوڵەتەکان و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە داگیرکەری ئەنجام بدەن. دەسەڵاتى ئاکەپە و ئەردۆغان دەیانەوێت لە رێگەى ئەو داگیرکەرییەوە درێژە بە دەسەڵاتەکەى خۆیان بدەن".

قەرەسوو ئاماژەى بەوەکرد، دوژمنایەتیى تەیب ئەردۆغان بەرامبەر بە دیموکراسی و گەلی کورد زۆر ریسوا بووە، بۆیە دەیەوێت کراسێکى نوێ بە بەری ئامانجە داگیرکەرییەکەیدا بکات و وتیشی "ئێستاش وەبەرهێنان لەسەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانى پەنابەران دەکات و هەوڵ دەدات ناوچەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا پەنابەران لە دژی ئەوروپا وەک هەڕەشە بەکار دەهێنێت و هەوڵ دەدات پشتیوانى بۆ هەوڵە داگیرکەرییەکەى بدۆزێتەوە و داگیرکەریەکەى رەوا بکات. بەو جۆرە پڕوپاگەندە دەکات و هەموو رۆژێک دەڵێت 'دەبنە خاوەن باخ و باخچە و دەیان هەزار بینا دروست دەکرێن و پەنابەران لەو ناوچانەدا نیشەجێ دەکەین'. دەیەوێت پەنابەرانی سەرتاسەری سوریا لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بکات و لەو رێگەیەوە هەم ئەوان دەکاتە داگیرکەر و هەم دیموگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت. دەیەوێت راستیى پێکەوە ژیانى کورد و عەرەب بۆ داگیرکەرییەکەى خۆی بەکار بهێنێت. بەڕێوەبەریى باکووری سوریا چەندینجار رایانگەیاندووە، ئەو پەنابەرانەى لە ناوچەکانیانەوە ئاوارە بوون، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. راشیانگەیاند، جگەلە چەتەکان، مرۆڤەکانی تریش دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە ئارامی و پارێزراوی بژین، بەڵام ئامانجی تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتە فاشیستییەکەى گەڕانەوەى پەنابەران نییە بۆ سەر حاڵ و ماڵی خۆیان، بەڵکو ئەو دەیەوێت پەنابەرانی ناوچەکان و شارەکانى تر لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بکات و لە رێگەى ئەوانەوە سیاسەتی خۆی بەسەر سوریادا بسەپێنێت".

'لە عەفرین رێژەى دانیشتوانى کورد بۆ سەدا ٢٠ دابەزیوە'

قەرەسوو نمونەى عەفرینى بە یاد هێناوە و وتی "ئەوەى لە دواى داگیرکردنى عەفرین ئەنجامیانداوە لە بەرچاوە. سەدان هەزار عەفرینییان لەسەر خاک و حاڵ و ماڵی خۆیان ئاوارە کرد و لە شوێنەکانیاندا و چەتەکان و بنەماڵەکانیان نیشتەجێ کردن. ئێستا رێژەى دانیشتوانى کورد لە عەفرین بۆ ٢٠% دابەزیوە. ئەوانەش گوشار و زۆردارییان بەرامبەر دەکرێت، کە ناچاری کۆچکردن ببن".

قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، کێشەى پەنابەران لە تورکیا هاوشێوەى کێشەى پەنابەران نییە لە ناوچەکانى تری جیهان و لەوبارەیەو وتی "بەشێکى گەورەى کێشەى پەنابەران لە تورکیا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بە ئەنقەست بۆ پەنابەران دروستکراوە. سەدا ٨٠ی ئەو پەنابەرانەی لە تورکیان لەسەر هاندان و دنەدانی دەسەڵاتى ئاکەپە چوونەتە تورکیا".

'نیشەجێکردنى پەنابەران لە رۆژهەڵاتى فورات'

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد، دەوڵەتى تورک ئێستا دەیەوێت پەنابەران بکاتە پاساو و بیانو بۆ داگیرکردنى رۆژهەڵاتى فورات و ئەوەشی وت "تورکیا بۆ دەیەوێت بچێتە ئەو ناوچەیە؟ ئەوە بۆ پاراستنى دەسەڵاتی ئاکەپە بە پێویست دەزانێت. ئەوانەى پشتیوانى لە داگیرکەری دەکەن پشتیوانیش لە دەسەڵاتى ئاکەپە دەکەن. بێگومان داگیرکەرییەکى لەو جۆرە لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنى کورد و دوژمنایەتیکردنى دیموکراسی بەڕێوەدەچێت".

قەرەسوو ئەوەشی خستەڕوو، پلانی نیشتەجێکردنى پەنابەران تەنها خۆی ئەوە دەسەلێنێت، کە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە دژی سوریا و کوردان خاوەنی پلانێکى درێژخایەنە و وتیشی "داواکارییان بۆ پشتیوانیکردن لە سیاسەتەکەیان بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران لە باکووری سوریا، داوای پشتیوانیکردنە لە پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد. نیشتەجێکردنى پەنابەران لە گرێ سپی و لە سەرێکانیش لەلایەن گەلی ئەو ناوچانەشەوە قبوڵ ناکرێن و خۆبەڕێوەبەریش ئەوە قبوڵ ناکات. نیشتەجێکردنى پەنابەرانى ناخۆجێى ناوچەکانى تر لەو ناوچانەدا داگیرکەرییە. بۆیە کاتێک دەڵێن 'پشتیوانى لە سیاسەتی من لەبارەى پەنابەرانەوە بکە' مەبەستیان ئەوەیە کە پشتیوانى لە سیاسەتە داگیرکەرییەکان بکرێت".

'با کەس حساباتی هەڵە بۆ خۆی دروست نەکات'

قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، هیچ پاساوێک بۆ داگیرکردنى رۆژهەڵاتى فورات بوونی نییە و وتی "ئەو داگیرکەرییە رەوا نییە. داگیرکەرییەکى لەو شێوەیە پاکتاوکاری و قڕکردنە، پێشێلکردنی بەها ئەخلاقی، رۆشنبیری و چاندی، کۆمەڵایەتى و سیاسییە گەردوونییەکانە. ئەوانەى لە دژی ئەوە رانەوەستنەوە دەبنە هاوکاری تاوانی داگیرکەری و پاکتاوکاری و بێ ئەخلاقی. تورکیا هیچ مافێکى نییە لەبارەی سوریاوە قسە بکات. ئێستا تورکیا تاکە هێزی داگیرکەرە سوریا. هێزەکانى دەرەوەی وەک ئەمریکا، رووسیا و ئێران لە سوریا هێزی پشتیوانن، بەڵام تورکیا راستەوخۆ هێزێکى داگیرکەرە".  

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد، با کەس نەکەوێتە حساباتی هەڵەوە و خۆی فریو نەدات و ئەوەشی وت "ئەمریکا، رووسیا و ئێران داگیرکەرییەکى لەو شێوەیە لە بەرژەوەندیى خۆیاندا دەبینن. بۆیە ئەگەر داگیرکەرییەکى لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، ئەوە ئەمریکا لێ بەرپرسیار دەبێت. هەم بە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا دەیانەوێت رەوایى بە تورکیا بدەن و هەم بەو هەڵوێستەى خۆیان رێگایان بە داگیرکەری داوە. بەپێى هەستیاریى ئەوانەى لە دژی داعش تێکۆشان ناجوڵێنەوە، بەڵام بەپێى هەستیاریى ئەوانە دەجوڵێنەوە، کە پشتگیرییان لە داعش و چەتەکانى دژ بە مرۆڤایەتى کردووە".

'دەبێت خۆتان بۆ شەڕێکى درێژخایەن ئامادە بکەن'

قەرەسوو وتیشی "ئەوە روون و ئاشکرایە، کە تورکیا پێداگری دەکات بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموکراتیک و ئازادی باکووری سوریا. تاکە شت لە دژی ئەوەش ئەوەیە، کە خۆتان بۆ شەڕێکى درێژخایەن ئامادە بکەن و لە دژی داگیرکەری شەڕێکى درێژخانەین بکەن، باکووری سووریا بۆ تورکیا بکەن بە زەلکاو. دەرفەت و توانایى ئەوە هەیە. ئەوانەى بە ١٠ هەزار شەهید رۆژئاوا و باکووری سوریایان ئازاد کردووە، بێگومان بە باجدان دەستکەوتەکانى شەهیدان دەپارێزن و بە دڵنیاییەوە سەردەکەون".

ژ.ت