"قەیرانی ئابووری بەم شێوەیە بەردەوام بێت دەرمان لە تورکیا نامێنێت"

سەعید یاڤوز خاوەنی دەرمانخانەیەک ڕایگەیاند، قەیرانی ئابووری بەمشێوەیە بەردەوام بێت و نرخی لیرەی تورکی لە دابەزیندا بێت، ئەوا دەرمان دەکەوێتە بازاڕی ڕەشەوە و هیچ کەس ناتوانێت پێش لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو دەرمانانە بگرێت کە بە ئاسانی دەست ناکەون.

خاوەنی دەرمانخانەیەک بەناوی سەعید یاڤوز، باسی قەیرانی ئابووری و کاریگەری ئەو قەیرانەی لەسەر کەرتی تەندروستی و دەرمان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. یاڤوز بە بیری هێنایەوە، کە فرۆشی دەرمان لە تورکیا کەمە. بەهۆی ئەوەشەوە کێشەی هەناردە دێتە ئاراوە و وتیشی "ئەو مادانەی کە دەرمانیان پێ دروست دەکرێت، بە یۆرۆ و لە دەرەوەی تورکیا دەکڕدرێن. بۆ نموونە دەرمان بە ٧ لیرە دەکڕدرێت و بە ٨ لیرە دەفرۆشرێت. بەوەش دەرمانخانەکان زەرەر دەکەن.

دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنچە دەست ناکەوێت

یاڤوز دەستنیشانی کرد، بە زیادبوونی قەیرانی ئابووری، چەندین کۆمپانیای دەرمان، خۆیان لە بازاڕەکانی تورکیا کشاندەوە و لە ئاکامیشدا، دەرمانخانەکان ناڕەحەتیەکی زۆر دەکێشن بۆ پەیداکردنی دەرمان.

 یاڤوز جەختی لەوەش کردەوە، جیاوازیەکی زۆر کەوتووەتە نێوان نرخی کڕین و فرۆشتنی دەرمان و وتیشی "دەرمانی نەخۆشییەکانی شێرپەنچە، ئۆنکۆلۆژی (شێرپەنجەناسی) و گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستە، ئەو دەرمانانەن کە جیاوازییەکی زۆر کەوتووەتە نێوان نرخەکانیانەوە. لەنێوان بەرزیی نرخی یۆرۆ و ئەو نرخەی کە دەوڵەت دیاری کردووە، جیاوازییەکی گەورە هەیە. ئەوەش ڕێگە لەبەردەم کێشەی لەو شێوەیە دەکاتەوە. هەتا نرخی کڕینی دەرمان زیاتر بێت، ئەوەندە قورستر ئەو دەرمانە دەست دەکەوێت. من باسی زۆر و زەحمەتیی و تەنگەتاویەکانی کڕینی دەرمان ناکەم. بەڵام دەکرێت ڕۆژێک بێت کە دەرمانەکانی وەک دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنچە، وەک جاران دەست نەکەون".

ئەوانەی دەرمان دروست دەکەن زەرەر دەکەن

یاڤوز وتیشی "ئەو دەرمانانەی کە بە ڕێگای بیۆ-تەکنیک بەرهەم دەهێنرێن، ئەوانەی وەک بۆ نموونە ئەنسۆلین، لە تورکیا دروست ناکرێت. بۆیە دەرمان و دەرمانسازیی تورکیا بە دەرمانسازیی دەرەوەی وڵاتەوە گرێدراوە. دەرمانی نەخۆشیەکانی ئێسک لە دەرەوەی وڵات دروست دەکرێت. ئەوەش وا دەکات کە نرخی کڕینەکەی لە دەرەوەی وڵات بەرزبێتەوە بە بەراورد بە نرخی نزمی لیرە و ئەوەش کێشەی گەورەی تەندروستی دروست دەکات".

یاڤوز ڕوونیشیکردەوە "دەوڵەت ژمارەی دەرمانخانەکان کەم دەکاتەوە و دەیەوێت بەو شێوەیە چارەسەرییەک بدۆزێتەوە. بەڵام ئەوانە بۆ نەخۆش نابنە چارەسەر. چونکە پاش ماوەیەکی تر، چیتر دەرمانی ئەنسۆلین نایەتە تورکیا، لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایەی کە ئەو دەرمانە دروست دەکات، لە فرۆشتنی بە تورکیا زەرەر دەکات".

بەلاش نیە و بە پارەیە

یاڤوز کە خاوەنی یەک لە دەرمانخانەکانی تورکیایە باسی ئەوەشیکرد، ڕێژەی ئەو نەخۆشانە زیادیکردووە، کە سەردانی دەرمانخانەکەی دەکەن و بە دەستی بەتاڵ دەچنە دەرەوە و وتیشی "بەهۆی کەمیی دەرمان و نرخی بەرزی دەرمانەوە، نەخۆشەکان ناتوانن بە ئاسانی دەرمان بکڕن. ئەوەش وا دەکات کە بۆ هەر کێشەیەکی تەندروستی، پەنا بۆ بەشی فریاگوزاریی خێرای نەخۆشخانەکان ببەن. ئەوەش کاری پزیشکەکان قورستر دەکات. کاتێک مرۆڤ خۆی دەکات بەناو کلینیکێکدا و دەبینێت کە نرخی پشکنینی پزیشکیی ١٥ لیرەیە. ئەگەر ئەو کەسە ٨ هەتا ١٠ پشکنینی پێویست بێت، ئەوکات ناچارە ٤٠ لیرە بدات. ئێمە لە حاڵەتی سەختی نەخۆش تێدەگەین، بەڵام ئێمە وەک هەر دوکانێکی تر، ناتوانین دەرمان بە قەرز بدەین بە نەخۆش. نەخۆشەکانیش باری ئابووریان خراپە و ناتوانن ئەو پارەیە بدەن. دەرمانێک کە بەهاکەی ٤ لیرە بوو، ئێستا نرخەکەی بۆ ٣٤ هەتا ٤٠ لیرە بەرزبووەتەوە. بارودۆخەکە لەمەولا خراپتریش دەبێت".

خەمساردیی و بێ چارەیی

یاڤوز لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد، ئەوان دەرمانی پاشەکەوتیان نەکڕیوە، چونکە نازانن کە بارودۆخەکە پاش دوو مانگ چۆن دەبێت. وتیشی "دەزانرێت کە ٨٠٠ هەتا ٩٠٠ کۆمپانیا لە بەشی دەرمان و دەرمانسازیی دا کار دەکەن. بەڵام ئەو کۆمپانیایانە لە تورکیا کار ناکەن. لە وڵاتی ئێمە بێچارەیی و خەمساردی هەیە. خەڵک دەڵێن 'لەخۆیەوە بەهای دەرمان بەرز دەبێتەوە و دەرمانمان دەست ناکەوێت. بەڵام بەو شێوەیە تێڕوانینی خۆیان دەشارنەوە و ئاشکرای ناکەن. خەڵکیش ئەوە باش دەزانن کە شتێک سەرەتا زەمی بخرێتە سەر، دەرمانە".

هیچ کەس ناتوانێت پێشی پێ بگرێت

یاڤوز دەستنیشانی کرد، وەزارەتی تەندروستی لەبەرامبەر زیادبوونی نرخی دەرمان دا ناتوانێت هیچ شتێک بکات و وتیشی "دەرمان دەکەوێتە بازاڕی ڕەشەوە و نرخی ئەو دەرمانانەی کە بە ئاسانی دەست ناکەون بەرزتر دەبێتەوە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت پێشی لێ بگرێت. دەبێت هەرچی زووە دەست وەربدرێتە ئەو بارودۆخەوە و هەوڵی گۆڕینی بارودۆخەکە بدرێت. سیاسەتی هەڵە و قەیرانی ئابووری کاریگەریی سەخت و گەورە دەکاتە سەر کەرتی تەندروستی. بە شێوەیەکی گشتییش ئەم بارودۆخە کاریگەری دەکاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان. هیوادارین کە ئەم بارودۆخە بە ئاراستەی باشەدا بگۆڕدرێت".

ر.م