قەیوم لە ڕۆژەڤی پەرلەمانی سویسرادایە

پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیست پرسی دامەزراندنی قەیوم لە جێگەی شارەوانیەکانی هەدەپەیان کردە ڕۆژەڤی پەرلەمانی نەتەوەیی سویسرا و داوایان کرد لەدژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگیرێت. وەزیری دەرەوەش ڕایگەیاند، چاودێری پرسەکە دەکەن.

کاردانەوەکان لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە بەردەوامە. کارلۆ سۆماروگا و کلایدیا فریدل پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیستی سویسرا (سەپە – SP) پێشنیار پرسێکیان پێشکێشی پەرلەمانی نەتەوەی سویسرا کرد. پەرلەمانتاران ئاماژەیان بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە کرد و داوایان لە پەرلەمان کرد، لەدژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن.

'بۆچی سویسرا هەڵوێستی خۆی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکات؟'

پەرلەمانتار کلایدیا فریدل ڕایگەیاند، سەرۆک شارەوانیەکانی ئامەد، وان و مێردین بە شێوەیەکی نایاسایی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و لە جێگەیان ژمارەیەک قەیوم کە لە لایەن ئەردۆغانەوە دیاریکراون، دانراون و لە حکومەتی سوێسرای پرسی، 'ئایا هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر پرسەکە چی دەبێت؟'.

کلایدیا فریدل پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی سویسرا کرد، ' ئایا پارلەمانی سویسرا گوتوبێژ لەسەر ئەم هەنگاوە نایاساییە دەکات و ئەگەر گوتوبێژ دەکات کەی بوو بە ڕۆژەڤ؟ سویسرا بۆ ئەوەی فشار لەسەر تورکیا دروست بکات چاوەڕێی چی دەکات؟ بۆچی هەڵوێستی بەرامبەر ئەم پرسە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکات؟'.

'پێویستە سویسرا لەبەرامبەر ناعەدالەتی ئەردۆغان هەڵویستی هەبێت'

پەرلەمانتەر کارلۆ سۆماروگا ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتن شارەوانیەکانی هەدەپە و سزادانی جانان کافتانجیئۆغلۆ سەرۆکێ ڕێکخستنی جەهەپە لە ئەستەنبوڵ کرد.

سۆماروگا ڕایگەیاند، پێویستە سویسرا لەبەرامبەر ناعەدالەتی حکومەتی ئەردۆغان هەڵوێستی هەبێت و داوای لە پەرلەمان کرد وڵامی ئەم پرسانە بدەن:

"هەڵویستی پارلەمانی سویسرا لەسەر ئەم بێعەدالەتیە چییە؟

پارلەمانی سویسرا بۆ پاراستن و بەرەوپێشەوەبردنی دیموکراسی لە تورکیا چی دەکات؟

بە پێی ئاماری سکرتاریەتی پەنابەرانی سویسرا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا خۆیان گەیاندووەتە سویسرا و داوای مافی پەنابەریان کردووە زیادیکردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا کاریگەریان لەسەر ئێمە هەیە. ئایا پارلەمانی سویسرا پێویست ناکات بە شێویەکی هوشیارتر لەگەڵ تورکیا قسەبکات؟"

وەزیری دەرەوە: چاودێری پرسەکە دەکەین

ئیگنازۆ کاسیس وەزیری دەرەوەی سویسرا بە شێوەیەکی زارەکی وڵامی پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیستی دایەوە و ڕایگەیاند، لەکاردوورخستنی سەرۆک شارەوانیەکان جێگای نیگەرانیە. لەنزیکەوە چاودێری پرسەکە دەکەن. ئەوان لەگەڵ باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئەنقەرە پرسەکەیان گوتوبێژ کردووە و وتی، "سویسرا بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بانگ لە تورکیا دەکات، بە پێی سەروەری یاسا، پێوانەی مافی گەردوونی و بەرپرسیاری نێودەوڵەتی بجووڵێتەوە. ڕێزیان لێبگرێت. سویسرا بە گرنگی دەبینێت، حکومەتی تورکیا ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و بە پێی یاساکای دیموکراسی بجووڵێتەوە."

ف.ق