له‌ ١٧ په‌نابه‌ر یه‌كێكیان ده‌مرێت

هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌فریقاوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ڕێی ده‌ریای سپییه‌وه‌ بچنه‌ ئه‌ورووپا كه‌میش بووبێت، ڕێژه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ ده‌مرن زۆره‌.

به‌ گوێره‌ی كۆمیسیاریای باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNCHR) ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ریای سپییه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن ٤ قات كه‌می كردووه‌. له‌ ٦ مانگی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٧دا، ٨٥ هه‌زار كۆچبه‌ر چوونه‌ته‌ ئیتاڵیا و مالتا. به‌ڵام له‌ ٦ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ١٧ هه‌زار كۆچبه‌ر چوونه‌ته‌ ئیتاڵیا و مالتا.

ڕێژه‌ی مردن زیاد بوو

سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ده‌ریای سپیدا كۆچ ده‌كه‌ن، له‌ ڕووی ڕێژه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی وه‌ڵاته‌كانیان كۆچ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر ده‌ریای سپیدا بچنه‌ ئه‌ورووپا، ٢ قات زیادی كردووه‌.

له‌ ٦ مانگی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو زیاتر له‌ ٦٠٠ په‌نابه‌ر له‌ ده‌ریای سپی مردن، هه‌روه‌ها له‌ ٦ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ زیاتر له‌ هه‌زار و ٤٠٠ په‌نابه‌ر مردن. پار له‌ هه‌ر ٤٨ كۆچبه‌ر كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ئیتاڵیا و مالتا، یه‌كێكیان له‌ ده‌ریای سپی ده‌مرد. له‌ ٦ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ (٢٠١٨) له‌ هه‌ر ١٧ په‌نابه‌ر یه‌كێكیان مردووه‌.

چارلی یاكسلی وته‌بێژی كۆمیسیاری باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNCHR) ڕایگه‌یاند، گرینگترین هۆكاری زیادبوونی ڕێژه‌ی مردنی كۆچبه‌ران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌فریقای باكوور ناچار ده‌كرێن ڕێیه‌كی مه‌ترسیدار بگرنه‌به‌ر.

به‌ گوێره‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یمانانه‌ی كه‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ لیبیا و زۆر وه‌ڵاتی دیكه‌ی كردوویه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی په‌نابه‌ران كه‌میش بووبێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناچار ده‌كرێن ڕێی مه‌ترسیدار بگرنه‌به‌ر په‌نابه‌ران زیاتر ده‌مرن.

s.m