شه‌نگال؛ شوێن و واری ئێزدییه‌كان. لایه‌نی كه‌م وارێكی ٦ هه‌زار ساڵه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌م خاكه زۆر جار فه‌رمان دژی ئێزدییه‌كان دراوه. كولتوور، پێكهاته‌ی ئه‌تنیكی، باوه‌ڕی و ڕامانه‌كانیان زۆر جار بووه‌ته هۆكار بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییانه.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات، ڕووی كۆمه‌ڵكوژییه‌كان و ناسنامه‌كانیان گۆڕان، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تیان هه‌ر وه‌ك خۆی مایه‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌میشه به هه‌مان ناسنامه كۆمه‌ڵكوژی كران. ته‌نیا ئه‌و ده‌ستانه جیاواز بوون كه چه‌كیان ده‌گرت.
له تۆماركردنی دیمه‌نی فیلمێكه‌وه به‌ره‌و دڕندایه‌تی
دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمی ترسناكی Exorciste كه له ده‌رهێنانی ولیه‌م فریدكینه و له ساڵی ١٩٧٣ بڵاوكراوه‌ته‌وه، له شه‌نگال تۆمار كرابوو. له دوای ٤١ ساڵ دڕندایه‌تییه‌ك ڕوویدا كه كه‌متر نه‌بوو له‌م فیلمه ترسناكه. گرووپه جلڕه‌شه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له دۆزه‌خ هاتبن، كه بابه‌تی باوه‌ڕییه‌كانی ئایینه، هێرشیان كرده سه‌ر شه‌نگال. هه‌ر چی كه‌وته به‌رده‌ستیان له‌ناویان ده‌برد. مێژوو پڕ بوو له دڕندایه‌تی. مومكین بوو كه مرۆڤ زۆر شت بۆ پێناسه‌ی دڕندایه‌تی زیاد بكات. ئیدی ئه‌وه‌ی ڕوویده‌دا ده‌ستپێكی فیلمێكی ترسناك نه‌بوو، هه‌ر به ڕاستی دڕندایه‌تی بوو. له‌م خاكانه ده‌رباره‌ی مێژوو، كولتوور، باوه‌ڕی، فه‌لسه‌فه و ژیان هه‌ر چی هه‌بوایه ده‌یانویست له‌ناوببرێت. ٣ی ئابی ٢٠١٤ هه‌م سه‌رده‌مێكی نوێی دڕندایه‌تی بوو، هه‌م به ناوی مرۆڤایه‌تییه‌وه سه‌رده‌مێكی نوێی ژیان بوو. داعش و هاوپشته‌كانی گوزارشتیان له دڕندایه‌تی ده‌كرد. گه‌لی شه‌نگال و پارێزه‌ره‌كانیان كه شه‌ڕڤانانی په‌كه‌كه بوون، گوزارشتیان له تێكۆشانی ئازادی و مرۆڤایه‌تی ده‌كرد.
٣ی ئاب
هه‌زاران كه‌س كوژران، هه‌زاران كه‌س ڕفێندران، ژنیان كرده كۆیله‌ی زایه‌ندی، له بازاڕه‌كان فرۆشران، ئه‌و ئه‌شكه‌نجه و ده‌ستدرێژیانه‌ی كه به خه‌یاڵی مرۆڤدا نایه‌ن، كران. پیلانی قڕكردن دانرابوو، كات و شوێنه‌كه‌ی دیاریكرابوو. شوێن شه‌نگال بوو و ئامانجیش كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی و له كه‌سایه‌تیی ئه‌وانیشدا كورد بوو. به‌ڵام سه‌دان هه‌زار له‌وان، له ده‌ره‌وه‌ی حیساباته‌كان، له لایه‌ن شه‌ڕڤانانی په‌كه‌كه‌وه به ده‌ستێوه‌ردانێكی مرۆیی ڕزگار كران. مرازی ئه‌وان به‌دینه‌هات كه قڕكردنێك ڕووبدات وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و شوێن و كاته ده‌یانویست.
له دوای ئه‌م هێرشانه شه‌نگال هه‌میشه كرایه ئامانج. ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی هێرشی ده‌كرد هه‌میشه هه‌مان عه‌قڵیه‌ت بوو. هێزی سه‌ره‌كیی هاوپشتیان به‌رده‌وام ده‌وڵه‌تی تورك بوو. له هێرشه‌كانی داعشیشدا ئه‌مه نه‌گۆڕا. شه‌نگالییه‌كان كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان بونیاد ده‌نا، ئه‌م جاره له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه هێرشیان كرایه‌سه‌ر كه نزیكترین كه‌س بوون له‌وان. ئه‌وانه‌ی ڕێگه‌شیان به چه‌ته‌كانی داعش دا هه‌ر ئه‌و بوون. په‌ده‌كه‌ی مه‌سعوود بارزانی زۆر جار به كرده‌وه‌ی ئیستفزازی هه‌ستا، ئه‌مه‌ی زۆر جار به‌شێوه‌یه‌كی كراوه كرده هێرش.
هێرشه‌كانی په‌ده‌كه و پاشخانه‌كه‌ی
دیارترین هێرشه‌كان كه ئه‌نجامی قورسیان هه‌بوو، هێرشه‌كانی مارسی ٢٠١٧ بوون. گرووپێك به ناوی «پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژ» كه په‌ده‌كه ڕێكیخستبوون، ٣ی مارس هێرشیان كرده سه‌ر شارۆچكه‌ی خانه‌سۆر. ڕۆژنامه‌وان نووژیان ئه‌رهان له كاتی سازكردنی هه‌واڵدا شه‌هید بوو. هه‌روه‌ها له‌و شه‌ڕه‌دا ٥ شه‌ڕڤانی یه‌به‌شه (یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال) شه‌هید بوون. سه‌رنجڕاكێشه، ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له‌و هێرشانه له ٢٦ی شوبات سه‌رۆك وه‌زیری حكوومه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی توركیای كردبوو. موخاته‌بی بارزانی، سه‌رۆك كۆماری تورك ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی بینالی یڵدرم بوو. وه‌ك هه‌میشه باس نه‌كرا كه بابه‌تی سه‌ره‌كی دیداره‌كه‌یان چییه.
له دوای ٢ هه‌فته، شه‌نگالییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه بكه‌ن، له ١٧ی مارسدا چوون بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ی لێ بوون، به‌ڵام دیسان ئه‌و هێزانه هێرشیان كردنه‌سه‌ر. له‌وێش كه‌سێك شه‌هید بوو و ١٠ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
له دوای مانگێك ده‌وڵه‌تی تورك ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی به هێرش كرد. ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی تورك له یه‌ك كاتدا هێرشیان كرده سه‌ر ڕۆژاڤا و شه‌نگال. یه‌كێك له ئامانجه‌كانی هێرشه‌كه ناوه‌ندی فه‌رمانداره‌تیی یه‌په‌گه بوو له چیای قه‌ره‌چۆخ له نزیك شاری دێرك، ئامانجه‌كه‌ی دیكه‌ش شه‌نگال بوو. له دوای هێرشه‌كانی سه‌ر شه‌نگال دیسان چاوه‌كان چوونه سه‌ر هاوكاری په‌ده‌كه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك.
ئه‌و نیشانانه‌ی كه له كاتی هێرشدا یاریده‌ده‌ری تاوان ده‌رده‌خه‌ن
له شه‌نگال هه‌ر كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌ی كرد، هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك زیاتر بوون. له‌و مانگانه‌ی دواییدا ده‌وڵه‌تی تورك زۆر جار هه‌ڕه‌شه‌ی له شه‌نگال كرد. ئه‌م هه‌ڕه‌شانه زۆر جار بوون به هێرشیش. دوای ئه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌تی ئه‌ردۆغان له توركیا بوو به فه‌رمی، شه‌نگال دیسان بوو به ئامانج. له كاتێكی وه‌هادا كه له توركیا قه‌یرانێكی سه‌ختی ئابووری هه‌یه، له باشوور و ڕۆژاڤا هێرشی داگیركاری به‌رده‌وامن. په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ په‌ده‌كه به‌ره‌و پێش چوون. هه‌روه‌ها دوایین جار حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له ١٤ی ئابی ٢٠١٨ سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی كرد. ئه‌م هێرشه له دوای ئه‌و سه‌ردانه ڕوویدا. له‌پشت په‌رده باسی چی كرا و دانوستان له‌سه‌ر چی كرا، په‌ده‌كه حسابی چی ده‌كات، عه‌بادی له كوێی هێرشه‌كه‌یه؟ له‌گه‌ڵ زۆر پرسیاری دیكه له چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ش گومان دروست ده‌كه‌ن.
هاوكاری كردنی تاوان و ئه‌نجامی ڕوون
دوایین هێرش له ٣٤هه‌مین ساڵیادی قه‌ڵه‌مبازی ١٥ی ته‌باخدا كه بۆ یه‌كه‌م جار له‌و ڕێكه‌وته‌دا گوله له دژی ده‌وڵه‌تی تورك ته‌قێندرابوو، ڕوویدا. بۆچی له‌م ڕێكه‌وته‌دا شه‌نگال به ئامانج گیرا؟ ئامانج چی بوو؟ كێ سیخووڕی بۆ كرد؟
ئامانجه‌كه زه‌كی شه‌نگالی (ئیسماعیل ئۆزده‌ن) ئه‌ندامی كۆردیناسیۆنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدییه‌كانی شه‌نگال بوو. شه‌نگالی له هێرشه‌كه‌دا شه‌هید بوو. هێرشه‌كه كاتژمێر ١٦ به فڕۆكه‌ی جه‌نگی كرا. هێشتا هێرشه‌كه به‌رده‌وام بوو و ئه‌نجامه‌كانی دیار نه‌بوون كه مێدیای سه‌ر به ڕژێمی توركی فاشیست و مێدیای په‌ده‌كه ڕایانگه‌یاند كه زه‌كی شه‌نگالی كراوه‌ته ئامانج و شه‌هید بووه.
هێرشكه‌ر دیاره، به‌ڵام كێ سیخووڕی كردووه؟ هاوكارانی تاوانه‌كه كێن؟ ئه‌م هه‌واڵه له كامه ناوه‌ندانه به‌ڕێوه‌برا؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه دیار نین. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هه‌ر هێرشێك ئه‌نجامی خۆی ده‌بێت.
s.m