له‌ گه‌بزه‌ پۆلیس ڕێگری لە چالاکیی دایکان کرد

پۆلیسی تورك ڕێگری له‌ چالاکیی دایکی زیندانییان كرد كه‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆش لە بەردەم زیندانی گەبزە به‌ڕێوه‌بچێت. دایكان گوتیان، سبەینێش دیسان دێینەوە.

چالاکیی دایکان و کەسوکاری زیندانییە خۆڕاگره‌كان ماوه‌ی ٤٥ ڕۆژه‌ بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر گۆشەگیری و چالاکییەکانی مانگرتن و ڕۆژووی مردن لە بەردەم زیندانی پیتی «م»ی گەبزە به‌ڕێوه‌ده‌چێت. پەرلەمانتاری پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هەدەپە) دلشاد جانباز و پارێزەرانی کۆمەڵەی مافپه‌روه‌رانی ئازاد (OHD) بەشدارییان له‌ چالاکییەکەدا كرد.

پۆلیس: هه‌ده‌په‌ییه‌كان بۆیان نییه‌ له‌ زیندان نزیك ببنه‌وه‌

دایکان لە بەردەم بنکەی هەدەپە کۆبوونەوه‌ و بە ئۆتۆمبێل بەرەو زیندان كه‌وتنه‌ڕێ. کاتێک گەیشتنە بەردەم زیندانی گه‌بزه‌ پۆلیس ڕێگری لێ كردن. سه‌ره‌ڕای هەموو رێگرییەکانی پۆلیس دایکان لە ئۆتۆمبێله‌كان دابەزین و چالاكیی دانیشتیان كرد. ئەفسەری پۆلیسه‌كان ڕایگه‌یاند، «به‌تایبه‌تی لایەنگرنی هەدەپە بۆیان نییە لە زیندانی گەبزە نزیک ببنەوە.»

کاتێک پارێزەران قسەیان ده‌كرد، پۆلیس په‌لاماری دان.

s.m