لۆنئیڤا: قەدەغەى سەر پەکەکە لە ئاوارتەوە کرا بە یاسا

لە بەرلین کۆنفرانسی قەدەغەی سەر پەکەکە بەردەوامە. ئیدت لۆنئیڤا پارێزەری کوردانى ئەڵمانیا وتى "قەدەغەکارى بەرامبەر بە کوردان بە ئاوارتە (ئیستیسنا) دەستپێکرد و دواى ماوەیەک کرا بە یاسا".

لە شاری بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا کۆنفرانسێک بە ناوی "٢٥ ساڵ قەدەغەی سەر پەکەکە و ٢٥ ساڵ دیموکراسی لە خزمەتى سیاسەتى دەرەوەى ئەڵمانیادا" سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ دەستیپێکرد. پەرلەمانتارانى پارتى چەپی ئەڵمانیا و چەندین یاساناس و مافناس، سیاسەتمەدار و داکۆکیکاری مافەکانى مرۆڤ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە.

کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەى ئازادی کە بۆ ئازادیى سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکانى کورد لە ئەڵمانیا کار دەکات، کۆمەڵەى نێونەتەوەیى بۆ مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسی (ماف داد - MAF-DAD)، کۆمەڵەى یاساناسان بۆ دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤ (EJDM/ELDH) و بەڕێوەبەرایەتیى فیدراڵی رۆت هێلەفە (Rote Hilfe) رێکخراوە.

کۆنفرانسەکە بە قسەکانى دکتۆر ئەلمار میلیچ بەڕێوەبەری کۆمەڵەى ئازادی دەستیپێکرد. دکتۆر میلیچ باسی قۆناغەکانى دوای ساڵی ١٩٩٣ کرد، کە قەدەغەکاریى سەر پەکەکە دەستیپێکرد. سەرنجیشی خستە سەر تێکۆشانی ٢٥ ساڵە دژی ئەو قەدەغەکارییە و پەیوەندییەکانى نێوان دەوڵەتەکانى ئەڵمانیا و تورکیا.

د. ئەلمار میلیچ بەڕێوەبەری کۆمەڵەى ئازادی و داکۆکیکاری مافەکانى مرۆڤ لە ئەڵمانیا ئاماژەى بە رووداوەکانى ئەم چەند ساڵەى رابردوو لەبارەی قەدەغەکارییە نوێکان لەسەر سیمبول و ئاڵا و هێماکان کرد و رایگەیاند، قەدەغەکارییەکە زۆر بەرفراوان بووە. لەبارەى پلان و بەرنامەى کۆنفرانسەکەشەوە زانیاریی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.

لە دواى د. ئەلمار میلیچ، تۆماس فلوگەر پەرلەمانتاری پارتی چەپى ئەڵمانیا، کە بە نوێنەرایەتیى حیزبەکەشی بەشداریى کۆنفرانسەکەى کردووە، قسەى کرد و سڵاوى خۆی و حیزبەکەى پێشکەشی ئامادەبوان کرد و رایگەیاند، پۆلیسی ئەڵمانیا دەوێت گرفت بۆ کۆنفرانسەکە دروست بکات.  

پارتى چەپی ئەڵمانیا: ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین

فلوگەر راشیگەیاند، ئەوان بۆ کۆتایهێنان بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە کورد لە تێکۆشاندان و وتی "ئێمە چاوەڕێى ئەنجامى کۆنفرانسەکە دەکەین. بۆ کۆتایهێنان بە پێشێلکارییەکان هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان، جێبەجێى دەکەین".

پاریزەر ئیدت لۆنئیڤا ساڵی ١٩٨٨دا لە دوسلدۆرف پارێزەری ئەو سیاسەتمەدارە کوردانە بوو، کە سکاڵایان لە دژ تۆمار کرابوو. لۆنئیڤا لە بەردەوامیى کارى کۆنفرانسەکەدا وتارێکى پێشکەشکرد.

لۆنئیڤا رایگەیاند، لە ماوەی ٣٠ ساڵدا قەدەغەکاریى سەر پەکەکە زۆر بەرفراوانتر کراوە. راشیگەیاند "سەرەتا قەدەغەکاری و رێگری لە دژی کوردان بە ئاوارتە (ئیستیسنا) دەستیپێکرد، بەڵام دواى ماوەیەک ئەو قەدەغەکارییە کرا بە یاسا. بۆ ئەوەى ئەڵمانیا بە پەکەکە بڵێت "تیرۆریست" لە مێژبوو پلانێک دانرابوو. لە پرۆسەى دادگایکردنى دوسلدۆرف دا لە ساڵی ١٩٨٨دا ئێمە ئەو پلانەمان لە دژی پەکەکە بە روونی بینی".

"هۆڵی دادگاکە وەک بنکەی پۆلیس بوو..."

پارێزەر لۆنئیڤا باسی ئەوەشیکرد، داواکاری گشتى لە بریى ئەوەى باسی تاوانى سیاسی بکات باسی تاوان و سەرپێچیى یاسایى دەکرد. ئەو پارێزەرە لەوبارەیەوە ئەوەشى وت "هۆڵی دادگاکە وەک بنکەى پۆلیس بوو. زانیارییەکانى دۆسیەکان و دانیشتنەکانى دادگایان بەشێوەیەکى نایاسایى و بە پێچەوانەى یاساکان نارد بۆ دەوڵەتى تورکیا. سەرباری ئەوەى ئێمە وتمان، ئەو کارە تاوانە، گوێیان لێنەگرتین، بۆیە دەوڵەتى تورکیا سوودى لەو زانیارییانە بۆ دژایەتیکردنى پەکەکە وەرگرت".

محەمەد دەمیر سیاسەتمەداری کورد یەکێکى تر لە بەشداربوانى کۆنفرانسەکە باسی لە تێکۆشان کورد لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا لە ئەڵمانیا کرد.

دەمیر باسی ئەوەیکرد "کوردان لە دوای ساڵی ١٩٨٠ دەستیان بە دروستکردنى رێکخراو و کۆمەڵە کرد، بەڵام بە پاساوی ئەوەى ئۆجالان دەیەوێت لە ئاهەنگی پیرۆزبایى نەورۆز لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٦دا وتەیەک پێشکەش بکات، بەبێ بڕیارى دادگا و پرۆسەى دادگایى بە بڕیارێک لە دەرەوەى دادگا پەکەکە قەدەغە کرا".

محەمەد دەمیر ئەوەشى وت "تەنها بۆ دادگاییەکەى دوسلدۆرف ٨٩ ملیۆن مارک (دراوی ئەو کاتى ئەڵمانیا)یان خەرج کرد. لە دژی ئەو قەدەغەکارییە لە ساڵی ١٩٩٤دا دوو ژنی کورد جەستەى خۆیان لە مانهایم ئاگر تێبەردا. هەر لە مانگی حوزەیرانى ئەو ساڵەدا پۆلیس گەنجێکى کوردی لە کاتى هەڵواسینى پۆستەرێکدا لە هانۆڤەر کوشت. لە ساڵی ١٩٩٥دا گوڵناز باگستانی چالاکوانى مانگرتوو بەهۆی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان بەرامبەری، گیانى لە دەستدا. هەموو چالاکی و خۆپیشاندانەکانى کوردان بە پاساوی بێ بنەما قەدەغە کران".

ر.م