لیژنەى بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوای تۆمارکردنی سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە بۆردومانەکانى تورکیا دەکات

ئەندامێکی لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگريى له‌ په‌رله‌‌مانى  عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد سکاڵای یاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر تورکیا تۆمار بکات.

كۆتا ساته‌كانى شه‌وى یه‌كشه‌ممه‌ و به‌ره‌به‌یانى دووشه‌ممه‌ ١٥ى حوزه‌یران، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ده‌ستیانكرد به‌ بۆردومانكردنى چیاى قه‌ندیل، كه‌مپى مه‌خمور و شنگال و دواى كه‌متر له‌ ٣٠ خوله‌ك له‌ ده‌ستپێكردن به‌ بۆردومانه‌كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا رایگه‌یاند: "ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ئۆپراسیۆنى (چنگى هه‌ڵۆ) له‌ باكورى عێراق (هه‌رێمى كوردستان) له‌ دژى چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان."

ته‌نیا دوێنێ هه‌ینى به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیاوه‌ ٧ هاووڵاتى له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى شیلادزێ و كانى ماسێ شه‌هیدبوون، كه‌ ته‌رمى یه‌كێكیان به‌هۆى سووتانییه‌وه‌ شێواوه‌ و ناناسرێته‌وه.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌دا  هێزێكى كۆماندۆى توركى هاتوونه‌ته‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان و گوندێكیان به‌ته‌واوه‌تى داگیر كردووه‌، هاوكات هه‌ر به‌هۆى بۆردومانه‌كانه‌وه‌ گوندنشینانی ١٠ گوندی هەرێم ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان کردووەتە شوێنی ئارامتر.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كاتع ركابى ئه‌ندامی لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگريى له‌ په‌رله‌‌مانى  عێراق رایگه‌یاند: "بۆمبارانه‌كانى توركیا له‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌زاندنى سه‌روه‌رى خاكى عێراقه‌، بۆیە داوا ده‌كهی‌ن حكومه‌تى عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ تۆمار بكات."

كاتع ركابى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگريى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ میدیاكانى عێراقى راگه‌یاند: "هێرشه‌ دووباره‌كانى توركیا بۆ سه‌ر گوند و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌زاندنى سه‌روه‌ریى خاكى عێراق و پێشێلكردنى یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه."‌

كاتع ركابى وتیشى: "وه‌ك لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگريى عێراق داوا له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین، هه‌ر رێكارێكى پێویست بگرێته‌به‌ر تاوه‌كو توركیا ناچار ده‌كات ئه‌و هێزه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بكشێنێته‌وه‌ و بۆمبارانه‌كانیش بوه‌ستێنێت، سكاڵاش له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تۆماربكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ى رووده‌دات هیچ پاساوێكى نییه."‌

ژ.ت